کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پرۆفیسور کۆچەر بیرکار

19:12 - 11 گەلاوێژ 2718

کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە وەرگرتنی میداڵی "فێڵدز"ی بیرکاریی جیهان لەلایەن پڕۆفیسور کۆچەر بیرکار، بیرکاریزانی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە پیرۆزبایی لەو بیرزان و کەسایەتییە ئاکادیمییەی کورد و جیهان کردووە. دەقی پەیامەکەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێز پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار! بەوپەڕی شانازییەوە هەواڵی سەرکەوتنی جەنابتمان لە بواری زانستی بیرکاری و هەروەها وەرگرتنی خەڵاتی جیهانیی "فێلدز" پێ گەیشت. بێگومان ئەم سەرکەوتنەی ئێوەی بەڕێز لە زۆر بارەوە جێگای دڵخۆشی، شایی بەخۆبوون و هاوکات پێزانینە. پێزانین لەم ڕووەوە کە لە وەرگرتنی خەڵاتەکەتدا نەتەوە مافخوراوەکەت لەبیر نەکردووە و ئاواتەخوازی ئەوە بووی کە بەو سەرکەوتنە، چرۆی شادی و بزەت لە دڵ و لەسەر لێوی چل میلیۆن کوردی هاونیشتمانیت چاندبێ؛ کە ئەوە بێگومان وایە و دڵی هەموو کوردانت شاد کرد. جەنابت هەروەها نیشانت دا کە ڕۆڵەکانی کورد هیچیان لە ڕۆڵەی نەتەوەکانی دی لە دنیادا کەمتر نین، بەڵام ئەوە لە نەبوونی دەوڵەت و کیانی کوردییە کە ڕێگا بە دەرکەوتن و درەوەشانەوەی کەسانی بلیمەتی وەک ئێوە نادرێ هەتا خزمەتی مرۆڤایەتی و نەتەوەکەی خۆتان بکەن. بۆ خۆیشت دەزانی هەر لەو کوردستانەی کە جەنابت تێیدا لەدایک بووی و گەورەبووی، بێگومان کەسانی خاوەن بەهرەی زۆرمان هەن کە بەهۆی سیاسەتی سەرکوت و کوردکوژیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕێگە لە پێشکەوتنەکانیان دەگیرێ، مافەکانیان پێ ڕەوا نابیندرێ و لە شوێن و جێگەی شیاوی خۆیان بێبەش دەکرێن. وەک چۆن دەبینین هەر لە ناوچە سنوورییەکانی شارەکەی جەنابت و ناوچەکانی دیکەی کوردستانەکەمان ڕۆژ نیە لاوانی ئەم نیتشمانە کە بەشی زۆریان خوێندەوار و زانکۆدیتوون و بۆ پارووە نانێکی سەربەرزانە ڕوویان لە کۆڵبەری کردوە، نەدرێنە بەر دەسڕێژی گوللە و گیانیان لێ نەستێندرێ. کاک کۆچەری بەڕێز! سەرکەوتنەکەی جەنابت بێگومان دەکرێ ببێتە هۆی پاڵنەر و هاندانی لاوانی دیکەی کورد هەتا شانازیی دیکە بە ناوی خۆیان و نەتەوەکەیان بخوڵقێنن. جارێکی دی بە ناوی خۆم و هاوسەنگەرانم لە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قۆڵایی دڵەوە پیرۆزباییت پێ دەڵێم و سەرکەوتنی زیاترت بۆ بە ئاوات دەخوازین. سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان مستەفا مەولوودی ١١ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی ٢/٨/٢٠١٨