کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان بە بۆنەی کۆچی‌دوایی بەهارەی قوربانی

20:44 - 21 گەلاوێژ 2718

بەداخەوە ڕۆژی 11´8,2018 ە لە شاری دارمشتادی وڵاتی ئاڵمان بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ بەهارەی تەمەن 8 ساڵان چاوە پڕ لە هیواو ئارەزووەکانی لێکدەنێت و ماڵاوایی لە ژیان و ئارەزووەکانی دەکات. بەهارە کچی جەهانگیر قوربانی،کوڕی ڕەحمان قوربانیە. ڕەحمان قوربانی ناوێکی ناسراو و دیاری ناوچەی کامیاران،هاوشار،سنە هەورامان،مەریوانەو تێکۆسەرێکی خۆشناوی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕات و خەڵکەی کوردستانە. کاک ڕەحمان و بنەماڵەکەی هەمیشە خەم خۆرو مشووخۆری گەلە زوڵم لێکراوەکەی و بێبەش لە خۆشی ئاسوودەییەکانی ژیان بووە، لە هەندەران و تاراوگە نشینیش هەر هەڵگری ئەو خەم و مەینەت و بارە قوورسەی بووە. هەربۆیە منداڵەکانی و نەوەکانیشی بە بیرو هزری کوردایەتی و نەتەوە خۆشەویستیەوە گۆش کردوون و پەروەردەی کردوون کە،بەهارەی پەپولە ئاسا و دڵ پڕ لە خۆزگەو ئاوات یەکێک بوو لە نەوەکانی. بەهارەی ژیر و وریا و کەم تەمەن،بەڵام زیرەک و وریا و پیتۆڵ،هەمیشە بۆنەو بەرنامەو جێژنەکانی حیزبی دێموکڕاتی بە هەست و سۆزی ژیرانە و کوردانەی دەڕازاندەوە و دڵی بەشداربووانی بە داهاتووی خۆیی و گەلەکەی پڕ هیوا و خۆش دەکرد. هەرکەس بۆجارێک گوێ بیسی لێدوان و وتەکانی بەهارەی تەمن هەشت ساڵان ببوایە،واق دەماو بۆماوەیەکی بەس دەیڕوانیە چاوە وریا و دووربینەکانی و گەشبین بە داهاتوویەکی ڕوون و درەوشاوە. شێعر و هۆنراوەکانی بەهارە بوونە وێردی سەر زارانی هاوسن و ساڵەکانی خۆی. کۆمیتەی حیزبی دێموکڕات لە ئاڵمان، بە بۆنەی کۆچی نابەوەختی بەهارەی دڵ پڕ لەخۆزگە،سەرخۆشی لە دایک و باوکی و بنەماڵە شۆڕشگێڕ سەربەرزەکەیان،بەتایبەتی کاک ڕەحمان و دادە ڕەعنا دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ. سبووری و سەر ساغیان بۆ بەئاوات دەخوازین و ئاخرین خەمیان بێت.