کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی جێژنی قوربان

16:29 - 29 گەلاوێژ 2718

بەبۆنەی هاتنەوەی جێژنی قوربان، جێژنی گەورەی موسوڵمانان پیرۆزبایی بە سەرجەم خەڵکی موسوڵمانی ئێران، بە تایبەت هاونیشتمانییەکانم لە کوردستان دەڵێم. هیوادارم ئەم جێژنە و هەموو بۆنەیەکی نەتەوەیی و ئایینی ببێتە هۆی تەبایی و یەکڕیزی و هاوخەباتیی زیاتر لە ئاستێ ئێراندا. خەڵکه‌که‌مان لە کاتێکدا جێژنی قوربان دەگرن کە هەمدیسان دەبینین ڕۆڵەکانیان لە سەنگەری خەبات و لە پێناو ماف و ئازادییەکانی گەلەکەیان و، لە مەیدانی خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ده‌بنه‌ قوربانی؛ هەمووشمان لە بیرمانە کە 29 ساڵ لەوە پێش، ڕێبەڕی بلیمەتی کورد و سکرتێڕی گشتیی حیزبەکەمان، دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو؛ ڕاست لە ڕۆژی جێژنی قورباندا بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کرا. هەموو ئەوانەش پێمان دەڵێن کە نەتەوەی کورد لە ئێران کە بەردەوام قوربانیی سیاسەتی هەڵاواردن و سەرکوت بووە، لە خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگاریی گەل و نیشتمان بەردەوامە و لە پێناو مافەکانیدا سڵ لە قوربانیدان ناکا. خەڵکی ئازادیخواز و خۆڕاگری ئێران! هەموومان دەزانین ئەوەی ئێستا سەرچاوەی هەموو ناخۆشییەکان، ماکەی هەموو قەیرانەکان و هۆی سەرەکیی زەوتکرانی هەموو مافە ئینسانییەکانمانە لە کوردستان و ئێران، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. وە هەتا ئەم ڕێژیمەش لەسەر کار بێ، خۆری ئازادییەکانی خەڵک هەڵ نایە؛ بۆیە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی دەبێ شێلگیرتر لە جاران درێژەی هەبێ و سەرکەوتن لەو خەباتەش یەکدڵی و یەکگرتوویی هەموو چین و توێژەکانی لە ئێران و کوردستان پێویستە. هیوادارم خەڵکی ئێمه‌ به‌ هه‌وڵ و تێکۆشانی بێوچانی و، بە هه‌مووان بتوانین ئاشتی‌ و ته‌بایی ‌و یه‌کڕیزی له‌نێو ماڵی خۆمان و له‌ ئاستی ئێراندا ده‌ستەبه‌ر بکه‌ین و، شێلگیرانە لە پێناو مافە نەتەوایەتییەکانماندا تێ بکۆشین. جارێکی دیکەش لەلایەن خۆم و هاوسەنگەرانم لە حیزبی دێموکراتی کوردستان پیرۆزبایی هاتنەوەی جێژنی قوربانتان لێ دەکەم و هیوای بەختەوەری و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان 29ی گەلاوێژی 1397ی هەتاوی