کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران: بە هەڵوێستێکی شیاو و یەکگرتووانە بەرەوڕووی تاوانەکانی ئەو ڕێژیمە دەبینەوە!

18:10 - 18 خەرمانان 2718

ڕۆژی ١٧ی خەرمانی ئەمساڵ(٨ی سیپتامبری ٢٠١٨) ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی خستە سەر مێژووی پڕ لە تاوان و دڕندەیی خۆی بەرامبەر گەلی کورد.  ڕاست لە بەرەبەیانی ئەو شەوە‌دا کە جەللادەکانی ئەو ڕێژیمە،٣ بەندیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مرادی و رامین حوسینپەناهییان لە دار دا، سوپای پاسداران  بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە نزیک شاری کۆیە دایە بەر هێرشی مووشەکی. لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران، ١٣ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و، دوو کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون. نزیکەی ٤٠ کەس لە تێکۆشەران و بنەمالەکانی کوردی ڕۆژهەڵات بە هۆی ئەو هێرشە مووشەکییە، بریندار بوون کە بە داخەوە بارودۆخی ژمارەیەکیان ناجێگیرە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران تاوانی دڕندانەی ئێعدامی ٣ لاوی ئازادیخوازی کورد، شەهیدان  رامین حوسین پەناهی، زانیار و لوقمان مرادی، هەر وەها هێرشی مووشەکی و کۆمەڵکوژانەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حدک بە توندی مەحکووم دەکا. ئێمە وێڕای هاوخەمیی قووڵمان  لە گەڵ  بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهیدەکان، چاکبوونەوەی هەر چی زووتری بریندارەکانی ئەو هێرشە دڕندانەیە بە ئاوات دەخوازین. تیرۆر، دەستدرێژی و تاوانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە گەلی کورد و ڕۆلە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکەمان، بەردەوام و لە زیادبوون دا دەبێ، ئەگەر خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان و هیزە سیاسییەکانیان بە هەڵوێستێکی شیاو و وڵامێکی ددانشکێن بەرەورووی ئەو ڕێژیمە نەبنەوە. ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان بەو راستییە، داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان دەکەین ڕۆژی دووشەمەی داهاتوو، ٢١ی خەرمانان بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنن. جارێکی دیکە بە نەهاتنەدەر لە ماڵەکانتان ، چۆلکردنی شەقامەکان و داخستنی  دوکان وبازاڕ، نمایشێکی پڕ شکۆ لە  بێزاربوون و "نا"گوتنی خۆتان بەو ڕێژیمە خوێنڕێژ و دژە کوردە، نیشان بدەنەوە. لە هەموو چالاکێکی  ئازادیخوازی کورد لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە بە هەموو توانای خۆیانەوە پشتی ئەم بانگەوازە بگرن و هەوڵی سەرخستنی بدەن. ڕسوایی و نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆر و سەرکوت و تاوان، کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرکەوێ ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە: کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دینوکراتی کوردستان.) ١٨ی خەمانانی ١٣٩٧ ٩ی سیپتامبری ٢٠١٨