کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپەرچدانەوەی سیناریۆی ئەم دوایانەی وەزارەتی ئیتلاعات لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان

05:02 - 20 خەرمانان 2718

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ئەمساڵ( ١٠ی سێپتامبری ٢٠١٨) دەزگای قەزایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گرتووخانەی شاری “میاندواو”ی پارێزگای ورمێ، کەماڵ ئەحمەدنەژاد، بەندکراوی سیاسیی کوردی دوای چوار ساڵ بەندکردن، لەسێدارە دا و گیانی لێ ئەستاند. کەماڵ ئەحمەدنەژاد، خەڵکی گوندی “گامێشگۆلی”ی میاندواو بوو، پاییزی ٢٠١٤ وێڕای چەند کەسی دیکە دەسبەسەر کران و لە ژێر ئەشکەنجە دا تاوانی کوشتنی بەسیجییەک و مۆرەیەکی ڕێژیم لەو گوندە بە ناوی "هاشم زەیناڵی" یان خرایە مل. وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی کە لە مێژ بوو خەریکی پیلانگێڕی و زەمینەسازی بۆ بەڕێوەبردنی گەڵاڵە تیرۆریستییەکانی دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو، دانپێدانانە زۆرەملییەکانی کەماڵ و گیراوەکانی دیکەی کردە هەوێنی بە ناو فیلمێکی دۆکیۆمێنتی لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب، ساڵی ٢٠١٧ و بە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بەناو دۆکیۆمێنتە، بە ئاگاداری لە مەبەستە چەپەڵەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسداران لە ڕوونکردنەوەیەکدا، وڵامی چەواشەکاری و ساختەکارییەکانی ئەو دەزگا سەرکوتکەرەی دایەوە و مەبەستەکانی لە قاو دان. ئێعدامی ئەو بەندییە کوردە ڕاست ٢ ڕۆژ دوای مووشەکبارانی قەڵای دیموکڕات، سەلمێنەری ئەو راستییە کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بۆ پاساوی کردەوە تیرۆریستیی شەوی یەلدا و مووشەکبارانی ئەم دواییانەی خۆی دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە خەیاڵی خاوی خۆی، سیمای گرووپێکی تیرۆریستی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، ئێران و دنیا نیشان بدا. ئێعدامی ئەو لاوە کوردەی قوربانیی سیناریۆی وەزارەتی ئیتلاعات بە دەرفەت دەزانین تا وێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمیمان لە گەڵ بنەماڵەکەی و خەڵکی "گامێشگۆلی"، جارێکی دیکە دەقی ڕوونکردنەوەکەی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بخەینەوە بەر سەرنجی خوازیارانی ڕاستی و هۆگرانی دادپەروەری: بەرپەرچدانەوەی سیناریۆی ئەم دوایانەی وەزارەتی ئیتلاعات لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان خەزەڵوەری پاییزی 1395، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نوسخەی تەواوی فیلمێکی بە ڕواڵەت دۆکیۆمێنتیی خۆی لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگای شەبەکەی "پرێس تی ڤی"‌و ڕاگەیەنەکانی دیکەی بەستراوە بە خۆی بڵاو کردەوە. بابەتی سەرەکیی ئەو بە ناو بەڵگەنامەیە، کوژرانی مۆرەیەکی ناسراوی ڕێژیم لە دێی "گامێشگۆلی" بە ناوی "هاشم زەیناڵی"‌و تاوانبار کردنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە کوشتنی ناوبراوە. ئەو مۆرەیەی سەربەڕێژیم ، خەرمانانی 1393 لە نزیک گامێشگۆلی کوژرا و، هەر ئەو کاتیش هەواڵی کوژرانەکەی لە ڕاگەیەنە کوردییەکان‌و یەک لە وان تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ بڵاو بۆوە. بوونی ژمارەیەک لە لاوانی خەڵکی ئەو گوندە لە ڕێزی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌دا لە لایەک و، بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئەو کەسە لە تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ، دەبن بە هاندەرێک بۆ ئەوەی وەزارەتی ئیتلاعات بکەوێتە بیری دروستکردنی موستەنەدێک لە دژی ئەو حیزبە لە ژێر ناوی" دیموکراتی تیرۆریست"! ئامانجی سناریۆساز و سناریۆنووس کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامییە، ئەوەیە بە هۆی تاوانبارکردنی چەند لاوێکی پێشمەرگەی خەڵکی گامێشگۆلی بە داڕشتنی نەخشەی کوشتنی هاشم زەیناڵی، هەم کێشە‌و دووبەرەکی بخەنە نێو خەڵکی ئاواییەکە و لەم ڕێگایەوە جێ پێیەک بۆ خۆیان‌و ڕێژیمەکەیان لە نێو خەڵکی ئەو گوندە دا بدۆزنەوە، هەم حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریست بناسێنن. بەڵام چونکە هیچ بەڵگەیەکی ئەوتۆیان بە دەستەوە نیە تا ئەم تاوانبارکردنەی پێ بسەلمێنن، بە ناچار چەند لاوێکی خەڵکی گامێشگۆلییان گرتوە‌و لە ژێر ئەشکەنجەیەکی چەندین مانگیدا مەجبووریان کردوون، دان بەو ئیددیعایانە دابنێن کە سناریۆنووسان‌و ئەشکەنجەگەرانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆیان دیاریی کردوون. ئامادەکارانی ئەو بە ناو فیلمە دۆکیۆمێنتییە، ئەوەندەشیان دڵ بە ساختەکاری‌‌و درۆ‌و دەلەسە تێکخستنەوەی خۆیان خۆشە کە بە شایانی ئەوەیان زانیوە تێهەڵکێشی زمانی ئینگلیزیی بکەن‌و بە خەیاڵی خۆیان بیخەنە بەر سەرنجی "ئەنترپۆل"(پۆلیسی نێودەوڵەتی)‌و، لە کۆڕ‌و کۆمەڵی نیودەوڵەتی‌دا، وەک بەڵگەی تیرۆریستبوونی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە کاری بێنن!! ئەوە لە حاڵیک دایە کە هەر فیلمەکە بۆ خۆی دەری دەخا کە گیراوەکان لە ژێر ئازار‌و ئەشکەنجە‌و هەڕەشە‌دا، قسەیان پێ دەکرێ. ئەو درۆ‌و ئیددیعایانەی کە وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕێگای ئەو بەناو فیلمە بەڵگەنامەییە هێناونیە گۆڕێ، وەدرۆخستنەوەیان زۆر هاسانە‌و بەڵگەی حاشالێنەکراو بۆ ڕەتکردنەوەیان هەیە. بۆ وێنە حیزبی دیموکراتی کوردستان دەتوانێ بیسەلمێنێ دوو کەس لەوانەی لە فیلمەکەدا وەک کەسی بەشدار لە کوشتنەکە‌دا ناویان هاتوە، نەک هەرلە کاتی کوژرانی هاشم زەیناڵی دا، لە شوێنی ڕووداوەکە نەبوون بەڵکوو هەر لەنێو خاکی ئێرانیش دا نەبوون. "تەها رەحیمی"یش کە موستەنەدی وەزارەتی ئیتلاعات وەک ئەڵقەی سەرەکیی نێوان کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و گیراوانی تاوانبارکراو بە کوشتنی هاشم زەیناڵی ناوی دەبا، نە ئەو کات‌و نە دواتر هیچ کار‌و بەرپرسایەتییەکی لەو کۆمیسیۆنە نەبووە بەڵکوو کادری ڕاگەیاندنی حیزب بووە. تەنیا دەلیلی موستەنەدسازەکان بۆ ناوهێنانی "تەها ڕەحیمی" و "لاوە فەرزین" لە پێوەندی لە گەڵ ئەو ڕووداوەدا، ئەوەیە کە هەر دوویان خەڵکی گامێشگۆلین‌و ئەو کات، لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب دا بوون. ئیددیعایەکی دیکە کە موستەنەدسازەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بە یارمەتیی ئەشکەنجە‌و هەڕەشە لە زمانی گیراوەکانەوە بڵاوی دەکەنەوە ئەوەیە کە گوایە حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ لە نێوبردنی هاشم زەیناڵی ئامادە بووە چەندین میلیۆن تمەن بەو کۆمەڵە کەسە بدا کە کوشتنی ناوبراو ئەنجام دەدەن! ئەم ئیددیعایە زۆر لەوە بێ‌بنەماترە کە تەنانەت شایانی ڕەتکردنەوەش بێ. چونکە نە ئەو مۆرە لە کارکەوتووەی ئیدارەی ئیتلاعات‌ بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەو نرخ‌و گرنگیەی هەبووە، نە سامان‌و دارایی ئەو حیزبە ئەوەندە زۆر‌و بەلاشە کە بۆ ئەم جۆرە شتانەی بە کار بێنێ. وەک ئاماژەمان پێ دا، وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕێگای ئەو جۆرە فیلمە بە ناو موستەنەدانە بە دوای دوو ئامانجەوەیە. ئامانجی یەکەمی ئەوەیە گێچەڵ بەو بنەماڵانە بفرۆشێ کە کەسانێکیان لە ڕیزی تێکۆشەران‌و ئەندامانی حیزبی دیموکرات دان‌و لە گەڵ ئەو بنەمالانەی یەکێکیان سەبارەت بە ڕابردووی هاوکاری لە گەڵ دام‌و دەزگای جاسووسیی ڕێژیم لێ کوژراوە، لە بەرامبەر یەکیان دا رابگرێ‌و، لەم نێوەش دا نیاز‌و بەرنامەکانی خۆی بباتە پێش. تەنانەت - وەک لە پێشووش‌دا زۆر نموونەی وا هەبووە- دوور نیە هەر بۆ خۆیان لە سیناریۆیەکی سیاسی‌و ئەمنیەتی‌دا مۆرەیەکی سووتاو‌و لە کەلک کەوتووی خۆیان لە نێو بەرن‌و بە ئەستۆی لایەنێکی دیکەی داببڕن. دووهەم ئامانجیشیان ئەوەیە، ڕوخسار و ئیعتیباری حیزبی دیموکراتی کوردستان هەم لە نێوخۆی وڵات، هەم لە کۆڕ‌و کۆمەڵی نێودەوڵەتی‌دا بشێوێنن‌و ببەنە ژێر پرسیار. ئەویش لە هەلومەرجێک دا کە ئەو حیزبە زیاتر لە هەموو کاتێک تەئکیدی لە سەر پێویستیی وەڕێخستنی خەباتی هێمنانە‌و مەدەنی لە لایەن خەڵکەوە لە نێوخۆی وڵات دا کردوەتەوە‌و پشتیوانیی لێ کردوە. دیارە هەر وەک لە نێوخۆی ئێران‌و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، خەڵک نێوەرۆکی جینایەتکارانەو دژی گەلیی ئەو ڕێژیمەیان ناسیوە‌و باوەڕ بەم جۆرە ساختەکاری‌و سیناریۆیانەی ناکەن، لە نێو کۆڕ‌‌و کۆمەڵی نێودەوڵەتیش‌دا، کۆماری ئیسلامی پەروەندەیەکی ئەوەندە خاوێنی نیە. لەمێژە بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، تێرۆریستبوونی ئەو ڕێژیمە‌و دەستهەبوونی پلەبەرزترین ڕێبەران‌و کاربەدەستانی لە ئەنجامدانی تیرۆرو تاوان‌و جینایەت دژی هاونیشتمانانی خۆیان‌دا، سەلمێندراوە. وەزیرو کاربەدەستە پایەبەرزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات‌و فەرماندەرانی سوپای پاسداران‌و سوپای قودس، لە جیاتی خۆماندوو کردنی بێسوودیان بە ناساندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی تیرۆریست، با مشوورێک لە حاڵی خۆیان بخۆن کە بە بۆنەی پێشینەی دەیان‌و سەدان ئینسانکوژی‌و تاوانی تیرۆریستی لە نێوخۆ‌و دەرەوەی وڵات، لە لایەن دادگا‌و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، داواکراون‌و لە ژێر تەعقیب دان. با لە بیریشیان نەچێتەوە کە یەک لە تاوانە سەلمێنراوەکانیان، تیرۆری ڕیبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پێتەختەکانی ئورووپایە. حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەر چەشنە دەست تێدابوونی دامەزراوەکان‌و ئەندامان‌و لایەنگرانی خۆی لە کوشتنی هاشم زەیناڵی دا، ڕەت دەکاتەوە. هەر لەو کاتە‌دا گرتن‌و ئازار‌و ئەشکەنجەی ژمارەیەک لە لاوانی خەڵکی گامێشگۆلی‌و ئێعتراف وەرگرتنی زۆرەملی لەوان بۆ ئەوەی کوشتنەکە بخەنە ئەستۆی خۆیان‌و حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە توندی مەحکووم دەکا. حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئەو حوکم و سزایانەی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی، کە لە سەر بناغەی دانپێدانانی زۆرە ملی‌و لە ژێر ئازار‌و ئەشکەنجە دا، بە سەرگیراوەکانی دا سەپاندوون بە ناڕەواو زاڵمانە‌و بێ ئیعتیبار دەزانێ. جێی خۆیەتی کەسوکاری کوژراوەکە‌و دانیشتوانی ناوچەکەش لە نیاز‌و مەبەستە شوومەکانی وەزارەتی ئیتلاعات‌و دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی دیکەی ڕێژیم غافڵ نەبن و بە وشیاریی خۆیان پووچەڵیان بکەنەوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆمیسیۆنی تەشکیلات ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ ٢٠ی فێورییەی ٢٠١٧