کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاس و پێزانینی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی پێشوازیی پڕ شکۆی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بانگەوازی مانگرتنی گشتی

03:21 - 22 خەرمانان 2718

بە پێی ئەو هەواڵ و دێکۆمێنتانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەر لە ورمێ و شنۆ، پیرانشار، مەهاباد و بۆکان و سەقزەوە تا دەگاتە بانە، سەوڵاوا، سنە، پاوە، مەریوان و کرماشان و سەرپێلی زەهاو و کەنگاوەر پێمان گەیشتوون و بڵاوبوونەوە، ڕۆژهەڵاتی سەربەرز و شۆڕشگێڕ ئەمڕۆ بەپیر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چالاکانی مەدەنیی کوردستانەوە هاتوون و بە مانگرتنی گشتی و داخستنی دوکان و بازاڕ، وێڕای مەحکوومکردنی تاوانەکانی ئێعدامی سێ بەندکراوی سیاسی کوردستان و پەلاماری مووشەکی و پیلانی تیرۆریستی بۆ سەر هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە خاکی هەرێمی کوردستان دا، جارێکی دیکە یەکگرتووانە، جینایەتەکانی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە حەقخوازانەکەیان مەحکووم و ڕیسوا کردەوە و هاوکات پشتیوانی و پشتگیریی خۆیان بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردوەتەوە.   کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان! ئەو هەڵوێستە سیاسییە مانادارەی ئێوە سەلماندی کە جینایەتە سیستماتیک و پیلان بۆ داڕێژراوەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژای چڵ ساڵی ڕابردوو بۆ دابڕاندنی جەماوەری کوردستان لە سەرکردایەتی سیاسیی بزووتنەوە ڕەواکەیان، ناسەرکەوتوو و پووچەڵ بووە . هەڵوێستی جێی شانازیی ئەمڕۆتان جارێکی دیکە دەریخستەوە کە گرتن، ئەشکەنجە ، ئێعدام و سێدارە، تیرۆر، تۆپباران و مووشەکباران، چەواشەکاری و زەخت و گوشار و هەڕەشە و سەرکوت، ناتوانن ئیرادەی گەلی کورد بۆ درێژەدانی خەبات و تێکۆشان لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەوا و سەرەتاییەکانی خۆیان تێک بشکێنن.   خەڵکی وشیاری کوردستانی ڕۆژهەڵات!   ئێوە بەو مانگرتنە گشتییە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، بە دۆست و دوژمنتان سەلماند کە ئێمە هەموومان وەک پەیکەرەیەکی یەکگرتوو و لێک جیانەکراو، سوورین لە سەر ڕێبازی بەرحەقمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و، ئەوەندەی دیکە کۆماری ئیسلامی ئێرانتان لە بەرچاوی گەلانی ئێران و ڕای گشتی جیهانی، سووک و ڕیسوا کرد. ئێوە بە پێشوازیی پڕشکۆی خۆتان لە بانگەوازی سەرکردایەتی سیاسی بزووتنەوەی کوردستان، سەلماندتان کە بزووتنەوەی کوردستان، بزووتنەوەیەکی پێگەیشتوو و پێشکەوتووی بەرینە کە لە کات و ساتی خۆیدا لە هەموو پۆتانسیێل و تایبەتمەندییەکانی خەباتی جەماوەری بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، کەڵک وەردەگرێت. با کۆماری ئیسلامی و هەموو دەست و پێوەندەکانی بزانن کە کوردستان، سەنگەر لەشکان نەهاتووی خەبات بۆ ئازادییە و، گەلێک کە خاوەنی ئەو ئیرادە پۆڵایینە بێت بۆ ئازادی و مافەکانی، لە هیچ کۆسپ و تەگەرەیەک ناپرینگێتەوە و لە خەبات و تێکۆشان تا گەیشتن بە لوتکەی ئازادی هەدا نادات. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە پێنج حیزب و لایەنی سیاسی، سپاس و پێزانینی گەرمی خۆی لە ئاست پێشوازیی گەرم و کەم وێنەی ئێوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە بانگەوازی خۆی ڕادەگەیەنێ . بە دەنگەوەهاتن و پشتیوانیی لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە بانگەوازی مانگرتنی گشتی و، بەشداریی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەموو چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەم مانگرتنە گشتییەدا، سەری سەرکردایەتی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هی خۆشتانی لە بەردەم هەموو خەڵکی ئێران و جیهاندا بەرز کردەوە و ئیرادە و بڕیاری گشتیی بۆ خەبات و بەربەرەکانی بەرامبەر ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆر و تاوانکارە، پتەوتر کردەوە. ئیوە جارێکی دیکە سەرشۆڕی و زەبوونیتان کردە حاسڵی پیلانگێڕییەکانی ڕژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی و لاپەڕەیەکی پڕشنگدار و زێڕینی ترتان لە مێژووی خەباتی نەتەوەکەماندا تۆمار کرد کە دەتوانێ ببێت بە سەردەقی قۆناغێکی نوێ لە خەبات بۆ تۆمار کردنی ڕزگاریی یەکجاریمان. ئێوە بە مانگرتنی گشتی و یەکگرتووانەی خۆتان، ئەم پەیامەشتان گەیاندە ئێمە هیزە سیاسییەکانی خۆتان کە ئەگەر یەکدەنگ وهاوخەبات و یەکگرتوو بین، ئێوە سەدقات باشتر بە دەنگمانەوە دێن. ئێمەش لەم رۆژە پڕشکۆیەدا بەڵێنتان پێ دەدەین کە بەرامبەر پەیامە پیرۆزەکەی ئێوە سەری ڕێز دادەنوێنین وبە شانازی و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ئەم پەیامەتان لێ وەربگرین.'   سڵاو لە یەکگرتوویی خۆراگری و ئیرادەی خەباتگێڕانەتان، سلاو لە گیانی پاکی نوێترین شەهیدانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێوە ئەمڕۆ بە مانگرتنی پڕ شکۆی خۆتان، گیانی ئەوان و بنەمالەکانیان و هاوسەنگەرانی ئەوانتان شاد و هێور کردەوە و، ڕێژیمی تاوانخوڵقێنی کۆماری ئیسلامیتان ڕسوا کرد. پتەوتر بێ یەکگرتوویی و هاوپێوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵان خۆراگری خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان.   ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئێوارەی ٢١ خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی ١٢ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی