کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی چەند کەس لە سەر گواستنەوەی کەل‌وپەلی سەربازیی بۆ ئێران

16:20 - 3 سەرماوەز 2718

فرۆشیارێکی ئەمریکایی بە هۆی ڕەوانە کردنی کەلوپەلی سەربازیی بۆ ئێران، لە بریتانیا دەسبەسەرکرا. دەسبەسەرکرانی ئەو کەسە لە سەر پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و لە سەر داوای ئیدارەی گومرگی بریتانیا بەڕێوەچوە. مێدیاکانی بریتانیا بڵاویانکردەوە کە " ئەلێکساندێر جۆرج" تەمەن ٧٧ ساڵ خەڵكی "بریستۆڵ" بە تاوانی هەناردەکردنی کەلوپەلی فڕۆکەی سەربازیی میگی ڕووسی و جێتی شەڕکەری ئێف ٤ی ئەمریکایی بە دووساڵ و نیو زیندان مەحکووم کرا. شایانی باسە کە دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی "پاوڵ ئەتواتێر" و هاوسەرەکەی بە ناوی " ئیریس" بە تاوانی کڕینی کەلوپەلی فڕۆکە لە ئەمریکا و ڕەوانەکردنی بۆ کۆمپانیای " ئەلێکساندێر جۆرج" لە " مالێزی و دوبەی" کە لەوێوەو هەناردەی ئێران دەکران، بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کران. بە وتەی کاربەدەستانی گومرگی بریتانیا، حوکمی ئەو چەند کەسە، ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسانەیە کە هەوڵدەدەن کەلوپەلی نایاسایی بۆ ئەو وڵاتانە ڕەوانە بکەن کە گەمارۆیان لە سەرە. جێی ئاماژەیە کە دوای دەسپێکردنەوەی دەوری دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ڕێگەیەکی نایاسایی کەلک وەردەگرێ بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا هۆشداری داوە بە هەموو ئەو دامەزراوە و کۆمپانیایانە کە دەیانهەوێ سەرپێچی بکەن. هەر لە حەوتووی ڕابردوودا چەند کۆمپانیایەکی ڕووسی، ئێرانی و لوبنانی کەوتنە نێو لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە کە بە ناوی کۆمپانیایەکی دەرمان، نەوتی ئێرانیان ڕەوانەی وڵاتی سووریە دەکرد.