کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆفیسۆر محەممەد ئەمین هەورامانی کۆچی‌دوایی کرد

21:06 - 3 سەرماوەز 2718

پرۆفیسۆر محەممەد ئەمین عەبدووڵلا هەورامانی نووسەر و لێکۆڵەری بواری ئایین و زمانی کوردی رۆژی ٢ی سەرماوەزی ٩٧ی هەتاویی لە نەخۆشخانەیەک لەشاری سلێمانی لە تەمەنی ٩٠ ساڵەی‌دا ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە پێی ماڵپەڕی "ماڵی کتێبی کوردی" ناوبراو ساڵی ١٩٢٨ی زایینی لە شاری "بیارە" لە هەرێمی کوردستان لە دایک بوو. ساڵی ١٩٣٧ی زایینی قۆناخی سەرەتایی خوێندنی دەستپێکرد و، پاش ئەوەی کە بۆ بە مامۆستا گوندی " هاوار" ، هەر لەو گوندە کتێبێک لە پێوەندی لە گەڵ ژیان و مێژووی ئایینی یارسان و کاکەیی نووسی. پاشان لە زانکۆی " مستەنسەریە"ی بەغدا ماستەری زمانی ئینگلیسی و فەڕانسەیی وەدەست دێنی و لە ساڵی ١٩٨٩ لە زانستگەی " ئەسکەندەرییە" دوکتورای زمان وەردەگرێ. پرۆفیسۆر محەممەد ئەمین هەورامانی لە بواری ئەدەبیات، زمان، ئەدەبی کوردی و مێژوو وفەرهەنگی هەورامان خاوەنی ٢٥ بەرهەمە. ئاخرین بەرهەمی ناوبراو کتێبێکی ٨٠٠ لاپەڕەییە لە سەر ئەدەبیاتی ئایینی ناوچەی هەورامان. پرۆفیسۆر محەممەد ئەمین وەسیەتی کردبوو کە دوای مەرگی، هەموو کتێبەکانی و ماڵەکەی پێشکەش بە زانستگەی هەڵەبجە بکرێن تا خوێندکارانی کورد کەلکی لێوەربگرن.