کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چ بکرێ؟! (بەشی چوارەم)

05:18 - 4 سەرماوەز 2718

پێوەندیی بزووتنەوەی کورد و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکانی زەوتکەری مافەکانی خەڵکی کوردستان، مێژووییەکی تایبەت بە خۆی هەیە. پێوەندییەک کە زۆر ئاسانتر و پڕ سەر ئێشەتر نەبووە لە پرسی هەوڵدانی بزووتنەوەی کورد لەگەڵ ڕێژیمەکان بەمەبەستی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد. چونکە لەم مەیدانەشدا ڕاستە ڕوخسارەکان و شێوە دەربڕینەکان فەرقیان هەبووە، بەڵام ئەقڵییەتی زاڵ بەسەر بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی نیزامی حاکمدا هەر هەمان ئەقڵییەتی سیستەمی حاکم بووە لە تاران یان پایتەختی وڵاتانی دیکەی وەک تورکیە، عێراق و سووریە. ئێستا کە ئێمە باس لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین لانیکەم لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، ئەوەی حیزبەکانی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ وتووێژ و دانووستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری بە چەپ و ڕاست و میللیگەرا و مەزهەبییەوە کردوویانە و تا ئێستا بە ئاکامێکی دڵخواز نەگەیشتوون، هۆکارەکەی زۆر جیاواز نیە لەو سیاسەتەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران حاشای لە بوونی نەتەوەیەک بەناوی کورد و پرسێک بەناوی مافی نەتەوەکانەوە دەکات. واتە کێشەکە زۆر لەوە جەوهەریترە کە ئێمەی کورد پێمان وابێ ئەقڵییەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی فەرقی لەگەڵ نیزامی سیاسی لە تاراندا هەیە. لە ئەساسدا تێفکرینی تەواوییەتخوازی و لەسەرەوە چاولێکردن لە پرسی نەتەوەکان و یەک لەوان کورد، بەسەر ئەقڵییەتی سیاسیی هەردوو بەرەدا ڕاست وەک یەکە. ئێمەش وەک کورد و حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بە درووستی ئەم واقعیەتە دەرک دەکەین و ئەم قەناعەتەش شتێکی تازە نیە. لانیکەم حیزبی دێموکرات چ لە ئەزموونی هاوپەیمانی لەگەڵ رێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران و چ لە دانیشتنە بەردەوامەکانمان لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی بە هەموو تەیفەکانییەوە کە لەم پێوەندییەشدا قوربانیی قورسمانداوە، چ لە قۆناغی ئێستادا کە بەخۆشییەوە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە لەم مەیدانەشدا لە کاری هاوبە‌شدا هەین، بە تەواوی دەرک بەوە دەکەین کە تێفکرینێکی مەزنیخوازی و بە کەم‌ دیتنی ئەویتر بەسەر تێفکرینی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران‌دا زاڵە. هەمووشمان ئەوە باش دەزانین کە لە ئێرانی داهاتوودا – ئەگەر فەرزەکە لەسەر ئەوەبێت کە نیزامی کۆماری ئیسلامی نامێنی – هەر ئەم ئۆپۆزیسیۆنەی ئێستایە کە لە درووستکرنەوەیدا ڕۆڵ دەگێڕێ و دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ!!. لە هەمووی گرینگتر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کە نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی کورد لە کوردستاندا دەکەن، زۆربەیان و بەتایبەت لایەنە سەرەکییەکانیان تا ئێستاش قسە لە دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا دەکەن. پرسیارەکە ئەوەیە کە دەبێ چ بکرێ کە کورد لە ئێرانی داهاتوودا بتوانێ بە مافەکانی بگات و دیسان سەری بێ‌کڵاو نەمێنێتەوە؟! حیزبە سیاسییەکانی کوردستان کە ئێستا بۆ نوێنەرایەتی پرسی کورد و کارکردن بۆ پرسی دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵات ئەرکی سەرەکییان لەسەر شانە، پێش لە هەموو شتێک دەبێ و پێویستە بە یەکگرتوویی و پێکەوە، بە ساغبوونەوە لەسەر پلاتفۆڕمێکی هاوبەش کە بریتی بێت لە ڕوانینی  کورد بۆ ئێرانی داهاتوو و هەروەها چۆنیەتی ئیدارەی ئەم وڵاتە و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، بۆ ئەم ئەرکە هەنگاو هەڵێننەوە. بە واتایەکی دیکە نەک بە تاک و تەرا، بەڵکوو بە یەکگرتوویی و بە هەیئەتی هاوبەش نوێنەرایەتیی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و لەسەر ئەساسی بەڕەسمی ناسینی نەتەوەی کورد و بەرحەقبوونی داخوازییە نەتەوایەتییەکانی ئەم میللەتە لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان بکەوەنە وتووێژەوە. لەم پێوەندییەدا حیزبەکان بۆ ئەوەی پشتیان بە خەڵکی کوردستان و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە قاییم بێت و بە پشتیوانەیەکی قورسەوە لە دانیشتنەکانیاندا لەگەڵ لایەنی بەرانبەر داکۆکی لە کورد و کوردستان بکەن، پێویستە لەسەر هەر شتێک کە ساغ دەبنەوە و دەیکەنە پلاتفۆڕم، لەگەڵ خەڵکی کوردستان ڕاشکاو بن و خۆیان لە بۆچوون و تێبینی و ڕەخنەی خەڵکی خاوەن نەزەر، بێ‌نیاز نەزانن. کەوابوو لە پێوەندی لەگەڵ ئێرانی داهاتوو و چۆنیەتی دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و هەروەها ناچارکردنی ئەوانەی خۆیان بە دەسەڵاتدار و بنیاتنەرەوەی ئەم وڵاتە دەزانن بۆ بەڕەسمی ناسینی میللەتی کورد و داخوازییەکانی، ئەوەی دەتوانێ ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت دیسان هەر یەکگرتووی و پێکەوە بوونی خەڵکی کوردستان و حیزبەکانە.