کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی چالاکێکی فەرهەنگی لە دیواندەرە

16:26 - 5 سەرماوەز 2718

لە گەڵ ئەوەی کە ماوەیەک بەسەر مانگرتنی مامۆستایان لە ئێراندا تێدەپەڕێ، بەڵام مامۆستایان و چالاکانی فەرهەنگی ڕۆژانە دەسبەسەر و بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات دەکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی " کوردپا" شەوی ٣ی سەرماوەز چالاکێکی سینفی مامۆستایان بە ناوی" حامید نەرگسی" خەڵکی شاری دیواندەرە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا. بەپێی هەواڵی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە دوای دەسبەسەرکرانی ڕەوانەی قەرارگای "شارامفەری" سنە کراوە. تا ئامادە کردنی ئەو هەواڵە هۆی دەسبەسەرکرانی ناوبراو نەزانراوە. هەر بەپێی هەواڵەکان، مامۆستایەکی دەسبەسەرکراوی دیکە بە ناوی" ئومید شامحەممەدی" خەڵکی دیواندەرە کە ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەر واتە ڕۆژێک پێش مانگرتنی مامۆستایان دەسبەسەر کرابوو، هەر لە گرتووخانەی قەرارگای سپا ڕاگیراوە و لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە. شایانی باسە کە دوو حەوتوو لەمەوبەر مامۆستایانی قوتابخانەکان بۆ جێبەجێکردنی ویست و داخوازییەکانیان مانگرتنیان ڕاگەیاند و ئەو مانگرتنە دوو ڕۆژ درێژەی هەبوو. لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتی مامۆستایان، هێزەکانی ڕێژیم بۆ چاوترسێن کردن و بێدەنگ کردنیان دەیان کەس لە مامۆستایانیان دەسبەسەر و ڕاپێچی بەندیخانەیان کردن. خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی چین و توێژەکانی ئێران هەر لە پەرەسەندن دایە و ڕۆژبەڕۆژ بە ژمارەی ناڕازیانەوە زیاد دەبێ و خەڵک بۆ داواکردنی مافە پێشێلکراوەکانیان دێنە سەرشەقامەکان یا بەشێوەی جۆراوجۆر ماندەگرن.