کاک حەسەن ئەمینی حاکم شەرع و یەکێک لە سیما ناسراوەکانی کوردستان بە بۆنەی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی "وەحدەت" لە تاران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕوو بە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر پێشێلکرانی مافی کەمئایینەکان لە ئێران، بە توندی ڕەخنەی گرتووە.
کاک حەسەن ئەمینی لە بەیاننامەکەیدا بە باس کردن لە هەبوونی هەڵاواردن و دووچاوەکی بە نیسبەت خەڵکی سوننە مەزهەب لە ئێران و لە کوردستان، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی "حەفتەی وەحدەتی" بێ کەڵک زانیوەو ڕایگەیاندوە : کە دروشمی ناکارامە و بێ کەڵکی"وەحدەت" با ببێتە شەعوور و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن.
ناوبراو لە درێژەی ڕەخنەکانیدا کە بەشێکی رێبەری باڵای ڕێژیم دەگرێتەوە بە باس کردن لە دۆخی خەڵکی ئەهلی سونەت لە ئێران و بەڕێوەچوونی حەوتووی "وەحدەت" لەسەر ناتەبایی نێوان دروشم و کردەوەی بەرپرسانی ئێران کۆمەڵیک خاڵی خستووتەڕوو.
کاک حەسەن ئەمینی لە بەیاننامەکەیدا دەڵێ: ئەگەرچی مەبەست لە "وەحدەت" یەکریزی و نیزیککردنەوەی شێعەو سوننەیە بۆ پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی ،بەڵام ئەوەی کە دەبیندرێ دژایەتی هەیە لەگەڵ یەکیەتیی موسڵمانەکان و، خەڵکی سوننە مەزهەبی کورد نەتەنیا بە شێوەی سیستەماتیک مافیان پێشێل دەکرێ، بەڵکوو تەنانەت لە لانیکەمی مافەکانیان کە لە ئەسڵی ١٢ی یاسایی بنەڕەتیی ئێرانیش دانیپێدانراوە بێبەش.
بەپێی ڕاپۆڕتی پێگەی ڕاگەیاندنی "مەکتەب قورئان"، کاک حەسەن ئەمینی کەسایەتیی ئایینی کوردستان بە بۆنەوەی بەرێوەچوونی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی "وەحدەت" ڕوو بە خامنەیی گوتوویەتی؛ ئەگەر بڕیارەکانی ساڵی رابردووت لە بارەی سونی مەزهەبەکانی ئێرانەوە لە لایەن دەزگای بەڕێوەبەریی و دەزگای قەزاییەوە پشتگوێ خراون، ئەی بۆ لەو بوارانەدا کە ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمان وچاودێری ئێوەیە، هەنگاوێک بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی ئایینی هەڵناهێنی؟
شیاوی باسە کاک حەسەن ئەمینی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی داوە بە کۆمەڵێک مافی نەتەوەیی و ئایینی خەڵکی کوردستان کە ماوە ٤٠ ساڵە بەدەستی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان پێشێل دەکرێ و، لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندوە؛ کە باشتر نیە لە جیاتی سەرفی دەیان میلیارد بۆ وەها کۆنفڕانسگەلێک، بە کردەوە هەوڵی نەهێشتنی هەڵاواردن و جێبەجێ کردنی مافی شارۆمەندی بدەن!