کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری "فیفا" بۆسەر ئێران، لە سەر بەشداریی ژنان لە یاریگەکاندا

22:16 - 6 سەرماوەز 2718

"فیفا" داوا دەکا کە قەدەغەی بەشداریکردنی ژنان لە یاریگەکانی وەک سەیرکردنی فوتباڵ و یارییەکانی دیکە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڵگیرێ و ڕێگە بەژنان و کچانی ئێرانی بدرێ کە بێنە نێو گۆڕەپان و یاریگەکان. "فیفا" بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەدەغەکردنی ژنان بۆ چوونە نێو یاریگاکان کات دیاری دەکا و، کۆمیسیۆنی ڕاوێژکاریی مافی مرۆڤی فیفا داوا دەکا کە کات بۆ ئێران دیاری بکرێ و، چیتر ژنان لە یاریگەکان بێبەش نەکرێن و ئێران ئیزن بدات کە ژنان بێنە سەیری یارییەکان. فیدڕاسیۆنی نێونەتەوەیی تۆپی‌پێ "فیفا" لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بە قەدەغەکردنی بەشداریی ژنان لە یاریگەکاندا کردووە بە تایبەت لە سەیرکردنی تۆپیپێ. "فیفا" لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵی کە ئیزن نەدانی ژنان بۆ بەشداریی لە یاریگەکاندا، هەڵاواردنیی ڕەگەزییە و پێویستە کاتێک بۆ ئێران دیاری بکرێ تا کۆتایی بەو هەڵاواردنە بێنێ و، داوا دەکا کە ئەگەر ئێران قەدەغە لە سەر ژنان هەڵنەگرێ، دەبێ سزای بۆ دیاری بکرێ. بەپێی یاساکانی "فیفا" هەڵاواردنی "ڕەگەزی، نژادی و قەومی"، سزای وەک هەڵپەساردن یا دەرکردن و داخستنی یاریگەکانی بۆ دیاری کراوە. جێی‌ئاماژەیە کە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ژنان لە بەشێکی زۆری مافەکانیان بێبەش کران کە یەک لەوان قەدەغەکردنی بەشداریی ژنان بوو لە یاریگەکان و بە تایبەتی بەشداریی لە کێبڕکێی تۆپیپێ کە خەڵک بە تامەزرۆییەوە سەیری دەکەن. لەم ساڵانەدا ژنان هەوڵێکی زۆریانداوە تا بتوانن بچنە نێو یاریگەکان و لە نیزیکەوە سەیری یاریەکان بکەن. کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی کە بە هەموو شێوەیەک دەیهەوێ ڕێگە لە چوونە ژووری ژنان بۆ نێو یاریگەکان بگرێ، بەڵام بەشێک لە ژنان لەمساڵدا توانیان بچنە سەیری یاری فۆتباڵ. چەند ساڵێکە ژنان بەشێویەکی بەرچاوتر لەپێشوو هاتوونە مەیدان و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەوڵی دەستەبەر کردنی مافەکانیان دەدن و وێڕای پیاوان لە شەقامەکان دروشمی ئازادی و یەکسانی بەرز دەکەنەوە و دژی زوڵم و زۆر و ناعەداڵەتی دەنگ هەڵدەبڕن کە ئەوە هێز و وزەی زیاتری داوە بە خۆپێشاندان و مانگرتنی چین وتوێژەکانی گەلانی ئێران بۆ پێکهێنانی ئاڵووگۆڕ و دژایەتی لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.