کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لە لایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سووریە

22:20 - 6 سەرماوەز 2718

"نەسرحەریری" سەرۆکی دەستەی وتووێژکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەز، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە چەکی شیمیاییان دژی خەڵکی "حەڵەب" بەکارهێناوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی بەشار ئەسەد هەوڵدەدەن کە شکست بە ڕێککەوتننامەی "سووچی" لە بارەی "حەڵەب"ەوە بێنن. "حەریری" شەوی یەکشەممە لە وتووێژێکدا لە گەڵ تەلەڤزیۆنی "ئەلحەدیس" ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئەسەد لە ناوچەی خالیدیەی حەڵەب گازی کلۆری بەکارهێناوە و، ئەو کردەوەی ڕێژیمی ئەسەدی بۆ تێکدانی ڕێککەوتننامەکە ناوبرد کە سووریە لەو ڕێککەوتنە ناڕازییە و، بەهەموو جۆرێک دەیهەوێ شکستی پێبێنی. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ڕووسیە و سووریە بە بیانووی ئەوەی کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن خەریکی خۆئامادەکردنن بە چەکی شیمیایی، هێرشیان کردە سەر حەڵەب و چەکی شیمیاییان بەکار هێنا. جێی‌ئاماژەیە کە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە ڕایگەیاند هێرشیان کردۆتە سەر ئۆپۆزیسیۆنی سووریە و حکوومەتی تورکیەش ئەو هێرشەی فڕۆکەکانی ڕووسیەی بۆ سەر حەڵەب گەڕاندەوە بۆ شکست پێهێنانی رێککەوتنی سووچی. شایانی باسە کە ئەوە بۆ چەندەمین جارە هێزەکانی ڕێژیمی سووریە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران چەکی شیمیایی دژی خەڵکی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن بەکار دێنن.