کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری کومیتەی حیزب لە گەڵ سیناتۆر کلێرمۆر لە ئوسترالیا

19:09 - 26 سەرماوەز 2718

ڕۆژی پێنج شەممە ١٣/١٢/٢٠١٨ کاتژمێر 9.30 بەیانی "سەلاح پورئەسەد" لە لایان کومیتەی ئوسترالیای حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری "بريزبن" لە گەڵ سناتۆڕ "کلێر مۆڕ" کە ھاوکات وەزیری سێبەرە بۆ کار و باری ژنان و کۆمەڵگە جیاوازەکان لە حیزبی کرێکاری ئوسترالیا، کۆبۆوە. لەو کۆبوونەوەیە دا سەلاح پورئەسەد باسی سیاسەتی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی، کوشتنی کۆڵبەران و لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کوردی کرد و هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتی بێدەنگیی وڵاتانی خاوەن بڕیاری جیھانی لە بەرابەر کردەوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وایکردوە کە ئەو ڕێژیمە زیاتر لە جاران مەودای زیدەڕۆییەکانی بەرینتر بکاتەوە و پەرە بە بەرنامە موشەکیەکانی بدا و لە دژی نەیارانی خۆی تاقیان بکاتەوە. لەپێوەندی لە گەڵ کارە تێروریستیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خاتوو "مۆڕ"، بێدەنگی حکوومەتی ئوسترالیای بە باش نەزانی و ڕایگەیاند کە ئێران جگە لە سەرکوت لە ناوخۆی وڵات، دەست لە کارو باری ناوچەکەش وەردەدا و پێویستە سنووری بۆ دابنرێ. "کلێر مۆڕ" بانگھێشتی نۆێنەری حییزبی دێموکڕاتی کوردستانی بۆ بەشداری لە سمیناری "تێرۆریزم و ئێرانی ئیسلامی" کە بڕیارە لە چەند مانگی داھاتوودا بەڕێوە بچێ، قبووڵ کرد و ئامادەیی خۆی نیشان دا کە وەک یەکەم کەس لەو سمینارەدا وتار پێشکەش بکا. ھەروەھا بەڵێنیی ئەوەشی دا کە کارئاسانی بکا و داوا بکا کە ھەرکات وەڤدێکی پایەبەرزی حدک بێتە ئوسترالیا چاویان بە بەڕێوەبەرانی وەزارەتی دەرەو بکەوێ. پێویستە بگوترێ سناتۆر کلێر مۆڕ لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو دا پێوەندییەکی دۆستانەی لە گەڵ ڕەوەندی کورد لە ئوسترالیا و ئەندامانی حدک ھەبووە و بەردەوام پشتیوانی لە بزوتنەوەی ڕەوای گەلی کورد کردوە.