کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز لە نۆڕوێژ سمینارێکی سیاسی بەڕێوە چوو

01:41 - 27 سەرماوەز 2718

بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی ئاڵا و رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، کومیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سمینارێکی سیاسی بۆ هەریەک لە بەڕێزان کاک قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسی و خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا. پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ١٥ی دیسامبری ٢٠١٨ی زایینی، بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب و نوێنەری هێز و لایەنە کورستانییەکان، کومیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی ئاڵا و رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، سمینارێکی سیاسی بۆ هەریەک لە بەڕێزان کاک قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسی و خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا. لە بەشی یەکەمی سمینارەکەدا، بەڕێز کاک قادر وریا باسێکی تێر و تەسەلی لەژێر ناوی "ئاستەنگەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەرکە هەنووکەییەکان" پێشکەش کرد کە لە بەشێك لە قسەكانیدا گوتی: " لە ڕاستیدا لە ساڵی ١٣٢٤ی ھەتاوی كە خەڵك لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە تایبەتی لە شاری مھاباد ویستیان ئاسەواری ڕژێمی پێشوو بسڕنەوە، حەڕەكەتێکیان كرد كە دوو لایەنی ھەبوو. وێڕای دەستبەسەرداگرتنی بنكە و بارەگاكانی حكومەت، بۆ یەكەم جاریش ئاڵای كورستانیان لەوێ شەكاندەوە. کاک قادر وریا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ماژەی بەوە دا: "خەباتی ڕۆژھەڵاتی كوردستان لە سەرەتای ھاتنەسەركاری كۆماری ئێسلامی تا ئێستا، دەكرێ بە سێ قۆناغی دابەش بكرین كە یەكەم قۆناغ داسەپاندنی شەڕ بەسەر كورد دا بوو. دوای ئەوەی كە شۆڕش سەركەوت و کۆماری ئیسلامی ھاتە سەر كار، تەبیعییە كە كورد ساڵانێكی دوورودرێژ بوو بۆ مافە نەتەوەیییەکانی خەباتی دەکرد و خاوەنی كۆماری كوردستان و بزووتنەوەی ٤٧-٤٦ بوو و بە جێی ئەوەی مافەكانی دەستەبەر بكرێت ،ڕژیمی تازە شەڕی دەگەڵ كردن. قۆناغی دووھەم كە لە نێوەڕاستی دەیەی ٧٠ی ھەتاوییەوە دەست پێ دەكات كە حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بنكە و بارەگاكانی خۆیان لە باشووری كوردستان جێگیر كرد بە جۆرێك زەمینگیر بوون كە نەیاندەتوانی لە ڕووی نیزامییەوە لە نێوەخۆی وڵات حزووریان ھەبێت. ئەوكات بزووتنەوەی كورد لە ڕۆژھەڵات دەگەڵ دوو كێشە بەرەوڕوو بوو. یەكیان كۆماری ئێسلامی بە كردەوە تیرۆریستییەكانی دەیتوانی كە لە ھێزە سیاسییەكان قوربانی بستێنیت و دووھەم كێشەی ھێزە سیاسییەكان، كێشەی نێوەخۆییان ھەبوو كە ئەمە وای كرد لە زۆر شتدا دوا بكەون كە لە دواییانەدا ئینشعاباتی لێ كەوتەوە. قۆناغی سێھەم قۆناغی جۆڵەكردنی ھێزە سیاسییەكان وەك حزووری پێشمەرگە لە نێوەخۆ و بەخۆداچوونەوە بە ڕابردوو و لێكنزیكبوونەوەی ھێزە سیاسییەكان و ھەروەھا پەرەستاندنی گەشەی سیاسی لە نێوەخۆ و كەڵكوەرگرتن لە دەرفەتەكان بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان بەشێكن لەو قۆناغە. بەڕێزیان ئاماژەی بەوەش دا كە پێویستە ھێزە سیاسییەكان زیاتر ھەنگاو بۆ لێكنزیكبوونەوەی زیاتر هەڵبگرن. بە دوای باسەکەی کاک قادر وریا، بەڕێز خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بابەتێکی بەپێزی لە ژێر ناوی "پێشمەرگە و ئەمڕۆ و دوێنێ" پێشکەشی ئامادەبووان کرد و وێڕای پیرۆزبایی ئەو رۆژە، لە بەراوەردێکی نێوان هێزێکی پۆشتە و تەیار بە چەک وچۆڵ و هێزێکی تەیار بە بیروباوەڕی وەک پێشمەرگە کرد و گوتی" پێشمەرگە هێزێکی تەیار بە بیروباوەڕە و خۆبەخشانە بەرگری لە نیشتمان و وڵاتەکەی دەکات و كاتێك دەڵێی پێشمەرگە، خودی وشەكە هەڵگری زۆر مانایە و پێت دەڵێت كە ئەو کەسە سینگی خۆی دەکاتە قەڵغان و ئەو گوللەیەی كە قەرارە بەرەو تۆ بێت، ئەو خۆی فیدا دەکات و سینگی خۆی وەبەر دەدات. شتێك دەبێتە ھۆی ئەوە كە پێشمەرگە بۆ ئێمە و بۆ دنیای دەرەوەش جیاوازی دەگەڵ ئەرتەش هەبێت،یەكیان ئەو شانازییەیە كە دەگەڵ ئاڵا و ڕۆژی ئاڵا لە مێژووی ئەو نەتەوەیەدا ڕێزی لێ دەگرێت." هەروەها گوتیشی: "باسی نەتەوەیەك دەكەین كە دەوڵەتی سەربەخۆی نییە و ئەو ئاوات و ئارەزووەی بە ئیمانەوە، ئیمان بە ھەستێكی پیرۆز دەگەڵ خۆی ھێناوە و لە گەرەترین سەرمایەی خۆی كە گیانییەتی، بۆ ڕزگاری نەتەوەكەی لە بن دەستی مایە دادەنێت، بۆیە سیمبوول بوون، ئاوات و ئارەزووی نەتەوەكەی، كانگای مێژووەکەی و ھەموو ئەو شانازییەی كە بە درێژایی ئەو ماوە درێژەخوڵقێندراون، دەبنە ھۆی جیاوازی پێشمەرگە دەگەڵ ئەرتەشی وڵاتان ." بڕگەیەکی دیکەی ئەو سمینارە بۆ پرسیار و وەڵام و تێبینی تەرخان کرابوو کە لەو بەشەشدا، بەشێک لە بەشداران پرسیار و تێبینیییەکانی خۆیان خستەڕوو و دواتر لە لایان کاک قادر وریا و خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندییەوە وەڵام درانەوە. شایانی باسە،لە کۆتایی ئەو سمینارەدا، لە لایان هەردوو بەڕێزان کاک قادر وریا و خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندییەوە، چەپکە گوڵی رێز و وەفاداری پێشکەش بە بنەماڵەی دوو شەهیدی سەرکردەی ژن و کارەساتی ١٧ی خەرمانان، شەهیدان نەسرین حەداد و سوهەیلا قادری کرا و دوای سێ کاتژمێر سمینارەکە کۆتایی پێ هات.