کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک لە ژێر ناوی "شووناسی نەتەوەیی و هونەری بەرگری" لە هەولێر

17:12 - 27 سەرماوەز 2718

پەیمانگای هونەرەجوانەکانی "لاوک" لە شاری هەولێر سمینارێکی بۆ عەلی لەیلاخ کادری ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک‌هێنا. پاش‌نیوەڕۆی رۆژی ٢٦ی سەرماوەز ئەو سمینارە بە ئامادەبوونی بەشێک لە مامۆستایان و فێرخوازانی ئەو پەیمانگایە پاش ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕیزگرتن لە رۆژی ئاڵا و پێشمەرگە دەستی‌پێکرد. پاشان عەلی لەیلاخ بە ئاماژەدان بە گرینگیی‌ دووانەی "ئاڵا و پێشمەرگە" لە مێژووی بزووتنەوەی کورد باسەکەی خۆی درێژدا. ناوبراو سەرەتا کورتەیەکی لەسەر ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردی وەبیری بەشداران هێنایەوەو پێداگری کرد کە نەتەوەخوازیی کورد لە ڕەهەندی هزر و فیکری نیشتماندۆستییەوە شکڵی گرتووەو هیچ کات هێرشبەر نەبووەو هەموو کات پەرچەکردارێک بووە لە بەرانبەر داگیرکارییەکاندا. ناوبراو لە درێژەی باسەکەی‌دا لەسەر گرینگی و کاریگەرییەکانی زمانی هونەر بەتایبەتی هونەرێک وا لە خزمەت وشیاری بەخشین و هەژاندنی گەلانی چەوساوە بووە و، وەکوو چەکێکی جوان بەرانبەر بە داگیرکەران بە کار هاتووە، بۆ ئامادەبوان قسەی کرد و، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین نموونەی لە مێژووی خەباتی گەلانی بندەست و ڕۆڵی هونەری بەرگری و هونەرمەندانی دەروەستی خستەڕوو. عەلی لەیلاخ لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی‌دا بە باس کردن لەسەر کولۆنیالیسم یا داگیرکەرییەکان" استعمار" گوتی: ئەگەر لە سەردەمی کولۆنیالیزمی ئاشکرا واتە داگیرکردنی ئاشکرای خاک و کیانی نیشتمان بە کۆنکریتی دیارە شەڕ لە گەڵ کێ دەکەی و کەم یا زۆر هەوڵدەدەی بەرەنگاری دوژمن ببیتەوە، بەڵام لە داگیرکاریی نهێنی و ژێر پێستیدا کە لە ڕێگای کەلتوور، هونەر، فەرهەنگەوە دەچێە ناخی کۆمەڵگەو هەوڵی تواندنەوە دەدەا، کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەتایبەتی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو کولۆنیالیزمە شاراوە دەبیندرێ بۆیە پێویستە هونەرمەندان، نووسەران و بیرمەندان لەو قوناخە‌دا پێشمەرگەئاسا بەرگری لە زمان،کەلتوور و شووناسی نەتەوەکەیان بکەن. ناوبراو لە کۆتایی باسەکەیدا ڕایگەیاند : کە ئەگەر ڕۆژێک بێت و پێویستی بە چەکی پێشمەرگە وەکوو ئێستا نەمێنێ، واتە شەڕ وهەڕەشەکان بۆسەر کوردستان کۆتایی پێ بێت، بەڵام هونەرمەندی دەروەست و هونەری بەرگری بۆ پەرپێدان بە کەرامەتی ئینسانی و بەرزکردنی هزر و وشیاری هەر لە سەنگەری هونەرەکەیاندان، چونکە زمانی هونەر زمانێکی جوان، جیهانی و کاریگەرە و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەموو کات پێویستی بە زمانی هونەر هەیە.