کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

.بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی سکرتێری گشتیی حیزب بە بۆنەی ٢٦ ی سەرماوەز لە یەکێک لە هۆڵەکانی شاری هەولێر

02:02 - 28 سەرماوەز 2718

ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاویی، لە لایەن کومیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان- هەولێر، کۆبوونەوەیەک بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شاری هەولێر و کادر و پێشمەرگەکانی ناوەندی ٣ی حیزب پێکهات کە لەو کۆبوونەوەیەدا سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەڕیز کاک مستەفا مەولوودی بە بۆنەی ئەو ڕۆژەوە وتارێکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد. سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. دواتر سکرتێری گستیی حیزب بەو بۆنەوە باسێکی لە سەر ڕۆژی پێشمەرگە و فیداکاری و بەرگری پێشمەرگە و خەباتی چەکدارانە بۆ وەدەست هێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە پێشکەشی ئامادەبوان کرد و ڕێزی لە خەبات و ماندوو بوونی پێشمەرگە و هاوکاریی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان پشتیوانانی ڕاستەقینەی پێشمەرگە گرت و بە بایەخەوە سەیری تێکۆشانی هێزی پێشمەرگەی کرد. کاک مستەفا هاوکاریی و هاتنە مەیدانی خەڵکی کوردستانی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە گرینگ وەسف کرد و باسی لە دوو دەورانی پڕ لە سەروەری خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و هاوکاریی و پشتیوانیی خەڵکی کوردی بە هێزی هاندەری شۆڕش و هێزی پێشمەرگە دانا و هاتنە مەیدانی خەڵکی لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات دا بە گرینگ وەسف کرد. هاوکاریی و هاوهەڵویستی بەشێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆبوونەوەیان لە ژێر چەترێک دا، بەشێکی تر لە باسەکەی سکرتێری گشتی حیزب بوو وئاماژەی بەوەدا کە ئەو لێک نزیکبوونەوە و هاوکارییە، هێز و گوڕێکی تایبەتی دەداتە خەباتەکەمان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها ئەو هاودەنگی و هاوخەباتییە داوای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و وڵامدانەوەی خەڵک بە داوای حیزبەکان لە دوای مووشەک بارانی قەڵای دێموکڕات وپلینۆمی ئەو حیزبە و مانگرتنی سەرانسەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نموونەی ئەو یەکڕیزی و یەکگرتوویەی هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی بوێر و چاونەترسی کوردستانە لە نێوخۆی وڵات.هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی ‌حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بۆ هاوپیوەندی و هاوکاریی لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی واتە ئەو هیزانەی کە باوەڕیان بە دێموکڕاسی و مافی گەلان هەیە لە داهاتووی ئێرانی دوای ڕێژیمی ئاخوندی دا. کۆماری ئیسلامی ئێران و گەمارۆکانی دەوری دووهەمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ئەو ڕێژیمە بەشێکی دیکەی باسەکەی کاک مستەفا بوون و کاریگەریی گەمارۆکان و ناڕەزایەتی خەڵک بە گرانی و بێکاری لە نێوخۆی ئێراندا بە یەکێک لە قەیرانەکان ناوبرد کە بەرۆکی ئەو ڕێژیمەیان گرتووە و بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی کاربەسەدستانی ئەو حکوومەتەوە خەڵک تووشی نەهامەتی ودڵەڕاوکێ بوون و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندن دان. ئەو ناڕەزایەتیانە وێڕای سەرکوتکردنیان، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی گرتۆتەوە و ڕێژیم توانای وڵامدانەوەی بە ویست و داخوازیەکانی گەلانی ئێران نییە. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، هۆنراوەیەک لە لایەن کەیوان عەزیز یەمەنی خوێندرایەوە کە پێشکەش کرابوو بە ڕوحی شەهید پێشەوا سەید عومەر. بەشیکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ پرسیارو پێشنیاری بەشداران کە لە لایەن سکرتێری گشتی حیزب وڵامیان درانەوە و دوای دوو کاتژمیر کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هات.