کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هێلی: پشتیوانیی ئاژاوەگێڕانەی ئێران لە تێرۆریزم

16:20 - 28 سەرماوەز 2718

نیکی هێلی نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوە گوتی: لە دوو ساڵی رابردوودا لە سەر ناردنی چەک و تەقەمەنی بە شێوەی نایاسایی و پشتیوانیی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم لە سەرانسەریی ناوچەکەدا قسەم کردووە و لێدوانم داوە. نوێنەری ئەمریکا گوتی : لە پێوەندیی لە گەڵ وەحشیگەریی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە قسەم کردووە و باسم لە حیزبوڵڵای لوبنان کردووە کە گیانی خەڵکی لوبنان دەخاتە مەترسییەوە. مایک پمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پێوەندیی لەگەڵ هەوڵ و چالاکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی ئاسایسی ناوچەکە، ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەز لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی کانادا گوتی: ئێمە لە بابەت هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ تێکدانی ناوچەکە باس و ڕاوێژمان کردووە. هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دژی ئێران دەبێ جێبەجێ بکرێن. ئێمە خوازیاری ئەوەین کە هەموو وڵاتان لەو بارەوە گوشار بخەنە سەر ئێران. ناوبراو ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دانانەوەی بۆمب لە سەر ڕێگاکان، بۆتە هۆی کوژرانی سەدان ئەمریکایی و پێویستە هەموو ئەو ڕووداوانە لێکۆڵینەوەیان لێبکرێ. "متیو توولێر" باڵوێزی ئەمریکا لە یەمەن، ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەز گوتی: ئەمریکا لە نزیکەوە نەخشی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن لە ژێر چاودێری دەگرێ. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا گوتی، پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە میلیشا چەکدارەکانی یەمەن دژی حکوومەتی ئەو وڵاتە قبوول ناکەین. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش، میلیشیا حوسیەکان ناچار دەکات کە چەک دابنێن. "واڵستریت ژوڕناڵ" ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەز لە پێوەندیی لە گەڵ میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا خەریکی هەڵسانگاندنی جڵەو کردنی ئێرانە لە عێراق بۆ گەمارۆدانی سەرکردەی میلیشاکانی عێراقی، سیاسەتمەداری سەر بە ڕێژیمی ئێران " قەیس خەز عەلی". شایانی باسە کە هەر لەو پێوەندییەدا " جان سولیوان" جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەر ستراتیژیی ئەمریکا گوتی کە ئەو ستراتیژییە هەموو هەڕەشەکانی تێرۆریستی بە تایبەتی گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە ئێران دەگرێتەوە.