کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکووم کرانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە

20:59 - 28 سەرماوەز 2718

پێشنویسی بڕیارنامەی ڕەخنە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە پەسەندی کومیتەی کاروباری کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و مرۆڤدۆستانەی کۆمەڵەی گشتی ناسراو بە کۆمیتەی سێهەم گەیشت و بۆ گفتوگۆ و دەنگدان و بڕیاریی کۆتایی، درایە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و بە بەشداریی هەموو ئەندامانی گەیشت. ئەو بڕیارنامەیە پێشتر لە لایەن کانادا و چەند وڵاتێکی دیکەوە ئامادە کرابوو و بە ٨٥ دەنگی ئەرینی درابۆ کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان. لەوکۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی بۆ دەنگدان لە سەر ئەو بڕیارنامەیە ٨٤ وڵات دەنگی ئەرێ و تەنیا ٣٠ وڵات دەنگی نەرێ یان بەو بڕیارنامەدا و ئەمسال ڕێژەی ئەو وڵاتانەی کە دەنگیان بە بڕیارنامەی مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامی دا لە چاو ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە. لە چەند بەشێکی ئەو بڕیارنامەیە ئاماژە بە ڕاپۆرتەکانی " ئانتونیو گوترش و جاوید ڕەحمان" ڕێپۆرتێری تایبەتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لە بارەی مافی مرۆڤ لە ئێران کرابوو. هەرچەند کە ساڵانێکە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیزنی ڕێپۆرتێرەکان نادا بچنە ئێران و ڕاستەوخۆ لە گەڵ خەڵک قسە بکەن، بەڵام ئێران یەکێک لەو چەند وڵاتەیە کە شوڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بەهۆی نیگەرانییەکانی لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ڕێپۆرتێری تایبەتییان بۆ دیاریکردوون. ئەو بڕیارنامەیە حکوومەتی ئێرانی بە جیددی مەحکووم کردووە بە پێشلکردنی مافی مرۆڤ و لادان یاسا و ڕێساکانی نێونەتەوەیی. لەو بڕیارنامەیەدا کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کراوە بە توندوتیژی و سەرکوت، قەدەغەکردنی ئازادیی بەیان، ئیزن نەدانی کۆبوونەوە و خۆپێشاندان، سانسۆڕی بێ سنووری چاپەمەنی و سزا دانی دژبەرانی بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی، سەرکوتی کۆمەڵگەی مەدەنی. هەر لەو بڕیارنامەیەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی ئیزنی تێکۆشان بە ڕێکخراوە کرێکاری و مەدەنییەکان نادا و بە هۆی پێڕەوی کردن لە دینێکی تایبەت سزایان دەدا و مافیان پێشێل دەکا کە ئەو کردار و بڕیارانەی کۆماری ئیسلامی کە خۆی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە، لە گەڵ مەنشووری مافی مرۆڤی ئەو ڕێکخراوە ناتەبان. هەر لەو بڕیارنامەیەدا دەستدرێژی بۆ سەر مافی کەمایەتییە قەومییەکانی ئێران، وەک عەڕەبەکان، بلووچەکان، کوردەکان و ئازەریەکان و هەروەها ئەزیەت و ئازاری کەمایەتییە دینییەکان وەک بەهایی، مەسیحی، موسڵمانانی سوننی و یارسان ڕەخنە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران گیراوە. شایانی باسە کە لەو بڕیارنامەیەدا ئاماژە بە دادگایی کردنی ناعادڵانە و زیندانیان کراوە. لە سێدارەدان یەکێک لەو خاڵانەیە کە لەو بڕیارنامەیەدا جێیگرتوە و دەڵێ کە بەپێی حەشیمەت ئێران زۆرترین بڕیاری ئێعدامی تێدا دەدرێ. ئێعدامی کەسانێک لە ژێر ناوی " دژایەتی لە گەڵ خوا و کەسانی ژێر تەمەنی قانوونی، لە سێدارەدان بە بەرچاوی خەڵکەوە، ئەو خاڵانەن کە لەو بڕیارنامەیەدا کۆماری ئیسلامی ئێرانیان پێی مەحکووم کراوە.