کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فستیڤاڵی "هەنار" بەڕێوەچوو ، بەڵام لە تاران

23:00 - 28 سەرماوەز 2718

فستیڤاڵی ڕەنگین و ماناداری "هەنار" کە تایبەتە بە ناوچەی کەونارای هەورامان دوای ئەوەی بە بڕیاری مەلاقادر قادری نوێنەری خامنەیی لە شاری پاوە هەڵوەشایەوە. لە شاری تاران بۆ ماوەی شەش رۆژ بەڕێوە دەچێت. بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ژەنیاران، گۆرانیبێژان، گرووپە هەڵپەرکێی و مووسیقاییەکانی پارێزگاکانی کوردستان لە کۆشکی نیاوەرانی تاران لە رۆژی ٢٤ سەرماوەزەوە، فستیڤاڵی ئایینی و نەتەوەیی"هەنار" بۆ ماوەی شەش رۆژ درێژەی دەبێت. بەڕێوەچوونی ئەو فستیڤاڵە لە پایتەختی ئێران لە کاتێک‌دایە کە زۆرێک لە چالاکانی مەدەنی و رۆژنامەنووسانی کورد خوازیاری ئەوەن کە ئەو فستیڤاڵە بگەڕێتەوە بۆ زێد و باوانی خۆی و لەوێ بەڕێوەبچێت، کە هەورامانە. جێی ‌وەبیرهێنانەوەیە کە ئەمساڵ بە بڕیاری پێشنوێژی شاری پاوە و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ئەو فستیڤاڵە لە شاری پاوە هەڵوەشیندرایەوەو ڕێگریی لێ‌کرا. بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی هەنار جیا لە لایەنی کەلتووری و نەتەوەییەکەی لەسەر ڕاکشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ کوردستان و هەورامان کاریگەریی هەبوو، هەر بۆیە بە بڕیار وپیلانی ناوەندە ئەمنییەکان پێشی لێ‌گیرا.