کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قسەکانی قادر وریا لە ڕێورەسمی پرسەی شاعیر و تێکۆشەری ناسراو ئەنوەرخان سوڵتانپەنا

04:37 - 29 سەرماوەز 2718

ئاماژە:  ڕۆژی ١٤ی دیسەمبری ئەمساڵ،  بە دوای بەخاکسپاردنی تەرمی رەوانشاد ئەنوەرخان سوڵتانپەنا لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی شاری ئۆسڵۆ، ڕێورەسمێکی پرسە و هاوخەمی لە ئۆسڵۆ بە بەشداریی سەدان کەس لە تێکۆشەران و ئەندامانی حیزب و ڕیکخراوە کوردستانییەکان بەڕێوەچوو. لەم ڕێورەسمە دا، قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێرای راگەیاندنی هاوخەمیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بنەماڵەی رەوانشاد ئەنوەرخان، لە سەر کەسایەتیی شاعیر و ڕابردووی بنەماڵەکەیان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان دا قسەی کرد و،  ئاوڕێکیشی لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی  ئەنوەرخان دایەوە. ئەوەی خوارەوە دەقی قسەکانی قادر وریا لەو ڕیورەسمە دایە: بێهجەت خانم! کچ و کوڕەکانی ئەنوەرخان و برازاکانی ئەنوەرخان و بە گشتی بنەماڵەی بەڕێزی سوڵتانپەنا! نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و سەرجەم ئامادەبووانی ئەم کۆڕیادە! لە لایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە بە گەرمی سەرەخۆشی دەکەم لە بنەماڵەی بەڕێزی سوڵتانپەنا، لە هەموو ئۆگران و دۆستان و خۆشەویستانی ئەنوەرخان و لە تەک تەکی ڕۆڵەکانی دیموکرات، چونکە ئەنوەرخان خۆی بە هی هەموان و، بە هی موو کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەزانی. باسی کاک ئەنوەرخان و باسی بنەماڵەی سوڵتانپەنا دەکەین. بنەماڵەی سوڵتانپەنا لەو بنەماڵانەی کوردستانن کە نەک لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەڵکوو بە دەیان ساڵ پێشتر لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا، ژیانی خۆیان و چارەنووسی خۆیان لە حیزبی دیموکرات گرێ دا. دەزانین کە کاک ئەنوەر بۆ خۆی لە پەنجایەکانی دەیەی زایینیدا بوو بە ئەندامی حیزب. لە دەیەی ٣٠ی هەتاوی دا کاک قادر خان و کاک ئەنوەرخان وەک دوو تێکۆشەری ئەو بنەماڵەیە چوونە بەندیخانەی ڕێژیمی پەهلەوی. لە دوای شۆڕشیشەوە دەزانین کە ئەم بنەماڵەیە بە گشتی، بە چەندان تێکۆشەریان لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکرات و لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد دا بەشدار بوون و ناویان و چێهرەیان  بۆ تێکۆشەرانی کورد بە هۆی رابردوویانەوە ئاشنایە. کە وابوو وەکوو بنەماڵە، بنەمالەیەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر و بنەماڵەیەکی بە رابردوون لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازی‌دا. دیارە کە باسی ئەو بنەماڵەیەش دەکەین پێم خۆشە یادی (دوو کەس لە) ژنانی ئەو بنەماڵەیەش بکەمەوە: بێهجەت خانم کە ئێستا تەشریفی لێرەیە و هەر وەها خێڵان خانم هاوسەری ڕەحمەتی ڕەوانشاد کاک قادرخان سوڵتانپەنا. هەر وەها یادی خودی قادرخانیش بکەمەوە کە دەکرێ بڵێم نموونەی وەفاداری بوو بۆ نەتەوەکەی، بۆ حیزبی دیموکرات و بۆ بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکان و، تا دواساتی ژیانی لە خەبات و تێکۆشان دابوو، یانی نە زیندان کۆڵی پێ دا و، (نە سەختییەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی)، هەتا ئەو کاتەی دوایین هەناسەی هەڵکێشا لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا خزمەتی کرد. دیارە خودی ئەنوەرخانیش بەندیخانەی زەمانی شای دیت، بەندیخانەی سەردەمی کۆماری ئیسلامیی دیت و هەر وەها سالانێکی زۆر لە ڕیزی تێکۆشەران‌دا لە شاخ و داخەکانی کوردستان ئەرکی جۆراوجۆری بەڕێوە برد و دوایەش لە کاتی هاتن بۆ دەرەوەی وڵات گیرا، تەحویلی ئێران درایەوە و  ساڵانێک لەوێ تووشی زیندان و دەسبەسەری بوو تا سەرئەنجام لە ئورووپا گیرسایەوە. ئێستا کە ئەمڕۆ ئەو خۆشەویستە- مام ئەنوەر- مان بە خاک سپارد و لێرەش بۆ دواماڵاوایی و بۆ دابەشینی خەمی ئەو بە سەر خۆمان‌دا لێرە کۆ بووینەتەوە، پێم خۆشە هەڵوێستەیەک بکەم لە سەر کەسایەتیی مام ئەنوەر. لە پێشدا مام ئەنوەر وەکوو خەباتگێڕێک، وەکوو کەسێک کە دەیتوانی خۆشترین ژیانی هەبێ بەڵام نە لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەوی و نە لە سەردەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا> سەرەرای ئەو ئیمکانات و ماڵ و ناوبانگ و ئەو هەمووە تایفە و عەشیرەیە(ی هەیانبوو)،  ژیانی پێشمەرگانەی تەرجیح دا بە سەر ژیانی پڕ لە خۆشی دا. بۆ؟ چونکە بە باوەڕەوە ڕێبازی کوردایەتی و ڕێبازی خزمەت بە نەتەوەکەی هەڵبژاردبوو. (بۆیە) دەڵێم بە باوەڕەوە ، چونکە نووسەران و شاعیران ئەو شانسەیان هەیە کە زۆر شتیان سەبت دەبێ. من بە منداڵی شێعرێکم هاتبووە بەر کە دەڵێ: "قلم گفتا کە من شاە جهانم قلمزد را بە دولت میرسانم" ئەنوەرخانیش لە سایەی قەڵەمەکەیەوە، ئێمە نەک هەر لە دوای ئینقلابەوە بەڵکوو زۆرپێشتریش دەتوانین بیرو باوەڕی بخوێنینەوە. ئەگەر چاو لە دیوانی شێعرەکانی دەکەین کە تازە چاپ بووە، دەبینین کە لە چلەکانی (ساڵی) هەتاوی و لە پەنجاکانی هەتاوی شێعری چەندە جوان و نیشتمانیی هەیە. بۆیە هاتنی مام ئەنوەر بۆ نێو کاری سیاسی و بۆ نێو حیزبایەتی بەرهەمی تێگەیشتنە، بەرهەمی خوێندنەوەیە، بەرهەمی کامڵبوونی عەقڵی و مەعریفەتە. ئەوە شێعرەکانی، ئەو شاهیدییەی بۆ دەدەن. لە دوای شۆڕشیشەوە کە وەکوو پێشمەرگە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی حیزب کاری کردوە. یەکێک لە شوێنەکانی تێکۆشانی، راگەیاندنی حیزب بوو. بە نووسین، بە وەرگێڕان و لەمانەش گرنگتر بە کاری ئەدەبی، مام ئەنوەر ئەوەی لە دەستی هاتوە بۆ نەتەوەکەی کردی. دیوانی ئەنوەرخان پڕە لە شتی جوان. لە پێشدا وەک زمان، زمانی ئەنوەرخان، ئینسان کە بە دیققەت شێعرەکانی دەخوێنێتەوە ، ئەو هەمووە وشە جوانە کوردییە دەبینێ کە بە تایبەتی هی ناوچەکانی سەقز و دەوروبەرن کە مام ئەنوەر لێیان پەروەردە بووە- و لە شێعرەکانی دا هێناونی. زمانێکی کوردیی پاراو کە هەموومان دەتوانین لێی فیر بین. بەڵام لە زمانەکەشی  گرنگتر ناوەرۆکەکەیەتی: ناوەرۆکێکی ئینسانی کە باس لە ژن دەکا، باس لە خۆشەویستی دەکا، باس لە نیشتمان دەکا، باس لە یەکیەتیی ڕیزەکانی گەلی کورد لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەکا. لە هەر بارێکەوە کە ئینسان تیی دا دەگەڕێ، ئەوەندە شتی جوان دەبینییەوە کە بیکەی بە تابڵۆیەک و بیکەی بە سەر لەوحەیەک  لە بەردەمی خۆتی دابنێی و لێی فێر بی.  بۆیە مام ئەنوەر لە باری ئەدەبییشەوە و لە ڕووی روانگەکانیشیەوە کەسێکە کە بە راستی  دەبێ بە تایبەتی ڕێزی لێ بگیرێ. رەنگە لەمڕۆدا فورسەت نەبێ زۆر لە سەر لایەنە ئەدەبییەکانی  و نووسینەکانی مام ئەنوەر و لە سەر شێعرەکانی بدوێین، چونکە بۆنەکە بۆنەیەکی دیکەیە. بەڵام وەک دەڵێن: "آب دریا را اگر نتوان کشید هم بە قدر تشنگی باید چشید" لەو دەرفەتە کەمەش دا ئەمن پێم خۆشە دوو شت لە دیوانی کاک ئەنوەر باس بکەم. یەکێکیان کە من کەمێکم باس کرد، باسی ژنانی ئەو بنەماڵەیە کە بە راستی زۆر جار کە ئێمە یادی تێکۆشەران دەکەینەوە ئەوەمان لە بیر دەچێتەوە کە ژنان چ بەشدارییەکیان هەیە. یانی ئەگەر ئەنوەرخان توانیوێتی لە شاخ و چیا و دەربەدەریدا بە سەربەرزی بمێنێتەوە، هی ئەوەیە کە دەزانێ  لە ماڵەوە چەندە پێی وەفادارن، چەندە ئەو ژیانەی بە شانازیی دەزانن. ئەگەر قادرخان توانی ئەم ژیانە تا ئاخیری بێنێ، هی ئەوەیە کە کەسێکی وەکوو خێڵان خان تا ئاخرنەفەسەکانی شانازیی بەو ژیانەی وی کرد. کاک ئەنوەر لە شێعرێکی دا ئەوە زۆر جوان باس دەکا.  لە شێعرێکی کە لە جوابی نامەی هاوژینەکەی دایە باسی دەکا. شێعرەکە -هەمووی ناخوێنمەوە - باسی ئەو کاتە دەکا کە نامەیەکی لە هاوژیانەکەیەوە بۆ دێ. باسی ئەو دۆخە و ئەو هەلومەرجە دەکا کە نامەکەی پێ دەگا. با بزانین شاعیر کە نامەکەی هەڵ دەپچڕێ، نیگەرانی چیە؟: ئێستا هەواڵان هەموومان  جەمین من و تەنیایی و نامەی تۆ و خەمین نامەم کردەوە بە دڵەی پەشێو وێکڕا دەلەرزین دەست و دڵ و لێو نەکا پەیامی تانە و تیان بێ گازندەت لە دەست سەختیی ژیان بی یا خۆ گلەییت لە جیایی بێ لە بێ هاوسەری و لە تەنیایی بێ کەچی نووسیبووت شاد و سەربەرزی بەختەوەرترین ژنی سەرئەرزی چونکە هاوژینت لە سەنگەر دایە لە گەڵ دوژمنی گەل لە شەڕ دایە. بۆ ئەوەی زۆر کات نەگرم، (دەڵێم) هەر کامێک لە ئێمە کە ساڵانێکی زۆر لە خزمەت کاک ئەنوەرخان دابووین، ناسیومانە، لێی فێربووین، چێژمان وەرگرتوە لە هاونشینی، لە بەرهەمەکانی، دەکرێ هەر یەکەی تەسویرێکی ئەنوەرخان لە زێهنمان دابێ. من حەز دەکەم ئەنوەرخانم هەمیشە بەو شێعرەی کە بۆ کۆنگرەی ١٢ی حیزبی دیموکراتی ناردبوو، لەبەرچاو بێ.  دەزانن کە ئەنوەرخان- لەو سالانەی دواییش دا دەمانبینی - زۆری هەوڵ دا حیزبی دیموکرات بە یەکگرتوویی ببینێ، ئارەزووی ئەوە بوو کە جووڵانەوەی کورد لە هەر بەشێک تەبایی و یەکیەتی و هاوپەیمانیی لە بەین دابێ. من لە یادکردنەوەی مام ئەنوەر لەو فورسەتە دا پێم خۆشە چەند دێڕێک لە شێعرێک کە مام ئەنوەر بۆ کۆنگرەی ١٢ی ناردبوو (بخوێنمەوە) کە دەتوانێ بۆ ئێستاش پەیام بێ بۆ هەموو تێکۆشەرانی دیموکرات کە هەوڵ بدەن بۆ یەکگرتوویی حیزبی دیموکرات، بۆ هاوخەباتی حیزبی دیموکرات و بۆ وەدیهێنانی ئەو ئاواتانەی کە مام ئەنوەر و زۆر تێکۆشەری دیکە هەر لە دڵیان دابوو و نەهاتە دی و سەریان نایەوە. ئەو شێعرە وەختی خۆشی زۆر کاریگەریی هەبوو. شاعیر لەو شێعرەی دا کە پێ دادێ باسی کۆنگرە  و فەزایەکەی و سێ ڕێبەری شەهیدی حیزب دەکا، دوایە دەڵێ: "ئەو سێیە و باقیی شەهیدان سەربازانی ڕێی نیشتمان ئەوانەی گیانیان بەخت کرد ڕێگایان بۆ"مان" تەخت کرد هەر ئێستا لەو دەوروبەرەن ئامادەی ژووری کۆنگرەن هەموو لە گەڵ ئێوە دەدوێن بە یەک زمان پێتان دەڵێن بە نویخوازی و بە بیری ورد ساڕێژی کەن برینی کورد چونکە ژینی جیهانی نوێ بۆچوونی تازەی پێ دەوێ. ** وێڕای کۆی ئەو شەهیدانە میللەتێک هیوای پێتانە ئەوانەی وا دوورەوارن کۆلیل گەرم و بە ئازارن هەموو چین و توێژێکی کورد ژن و پیاو و درشت و ورد هەر لە ئیلام هەتا خۆیە دەڕواننە شاری کۆیە ئەو شوێنەی وا پاش گفتوگۆ هەڵبژاردەی لێ دەبن کۆ هەموو بەڵێنیان پێ داون لە سەر پەیمان راوەستاون هەر وا خاوەن هەست و سۆزن هیزی خەباتی پیرۆزن هەر وا پشت و پەناتانن تینی ورە و بڕواتانن ئێوەش دەبێ ڕق ئەستوور بن لە سەر داوای رەوا سوور بن پشکۆی خەبات گەشاوەتر ئاڵاتان هەر شەکاوەتر بە دروشمی قەت نەسرەوتن هەتا ترۆپکی سەرکەوتن کاروانتان با هەر لە ڕێ بێ" مژدەی رزگاربوونتان پێ بێ. گیانی ئەنوەرخان شاد بێ و هیوادارین هەموومان ئەو پەیامانەی مام ئەنوەر لە نووسینەکانی دا، لە هاتوچۆکانی دا، لە کۆڕ و بۆنەکان دا، بۆ ئێمەی تێکۆشەرانی گەلی کوردی هەبوو، لە گوێیان بگرین و بە بەردەوامبوون لە سەر تێکۆشان، بە تەبایی ڕیزەکانی گەلی کورد و حیزبی دیموکرات و هیزە سیاسییەکانی دیکە بتوانین ئامانجەکانی ئەنوەرخان و هەموو تێکۆشەرانی گەلی کورد کە ژیانی خۆیان و تەمەنی خۆیان تەرخان کرد بۆ (خەبات لە ڕێی) ڕزگاریی نەتەوەکەیان و بە داخەوە نەشیان دیت، وەدی بێنین. سوپاستان دەکەم.