کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای دادوەری ڕێژیم بۆتە هۆکاری زیادبوونی گەندەڵی و ئێعدام

19:47 - 29 سەرماوەز 2718

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەک هەر لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانە دایە کە ڕێژەی لە سێدارەدان بە هۆی جۆراوجۆرەوە تێیدا پێڕەو دەکرێ، بەڵکوو گەندەڵی سیستماتیک لە دامودەزگاکانی حکومەتیدا هەموو ئەو دەوڵەتەی داگرتوە. لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "واشنگتۆن تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا لە سەر زیاد بوونی ڕێژەی لە سێدارەدان نووسی: چالاکانی مافی مرۆڤ دەڵێن حکوومەتی ئێران لە هەوڵی ئەوە دایە کە بە هۆی تەشەنەکردنی لە ڕاددەبەدەری گەندەڵیی دارایی و ئابووری، دەیهەوێ سزای لە سێدارەدان بە سەر هێندێک لە گەندەڵکاراندا بسەپێنی. ئەو بڕیارەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە گەندەڵی گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی کاربەدەستانی ڕێژیم و هەموویان نوقمی گەندەڵی بوون. لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لەو ماوەیەدا دادگای گەندەڵیی ماڵی پێکهاتوە و مانگی ڕابردوو دوو کەس بە ناوەکانی وەحید مەزڵومین و هاوکارەکەی بە ناوی محەممەد ئیسماعیل قاسمی بە تۆمەتی دەسکاری لە نرخی زێردا و پەرەپێدانی گەندەڵی لە سێدارە دران. گومان دەکرێ کە لە سێدارەدانی ئەو دوو کەسە بۆ شاردنەوەی گەندەڵی سیستماتیکی دەوڵەتەکەیان بێ کە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتی داگرتوە. ڕێبەرانی ڕێژیم پێیانوایە کە بۆ جڵەو کردنی پەرەسەندنی بازاڕی ڕەش ئەو سزایانە پێویستن، بەڵام کەسایەتییەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ لە سەر ئەو باوەڕن کە ئەو لە سێدارەدانانە لەگەڵ یاسا نێونەتەوەییەکان یەکناگرنەوە. شیرین نەریمان، وتەبێژی کۆمەڵەی ئێرانییەکانی ئەمریکا، دەڵێ: ئەو هەوڵیکە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی هەتا خەڵکی ئێران فریو بدەن و لە بیریان بەرنەوە کە هەژاری و نەداری چۆن تەنگی پێهەڵچنیون.