کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بیانووی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە سووریە

23:57 - 29 سەرماوەز 2718

لە سەردەمی شەڕی جیهانیی یەکەمدا و دوای لێهەڵوەشانی ئیمپراتۆری عوسمانی، حزووری بریتانیا و فەڕانسە کە دەوڵەتانی تازەیان لە بەرژەوەندی خۆیاندا درووست کرد، درفەتێک بوو کە کورد، وەک دوکتور سادق شەرەفکەندی لە کتێبی "کورتە مێژووی بزووتنەوە نەتەوایەتییەکانی کورد"دا باسی دەکات، "ئەگەرخاوەنی رێبەرایەتییەکی لێوەشاوە و وردبین با" دەیتوانی بە قازانجی خۆی کەڵکی لێ وەربگرێت. بریتانیا پێش لە دامەزراندنی دەوڵەتی تازەی عێراق، زۆری هەوڵدا  بە ڕاکێشانی سەرنجی شێخ مەحموودی نەمر و داننان بە دەسەڵاتێکی خودموختار لە چەشنی سەربەخۆیی، لە سەر قەزییەی موسڵ بەرانبەر بە تورکە جەوانەکان و دەوڵەتی تازەی تورکیە ڕابوەستێ. بەڵام بەداخەوە ئەقڵییەتی سیاسیی کورد ئەوکات لە ژێر کارتێکەریی ڕوانینی مەزهەبیدا بەجۆرێک بوو کە نەکرا دۆخەکە وەک خۆی بخوێندرێتەوە و کەڵکی لێ وەربگرێت. لە دەرفەتێکی دیکەی مێژوویی گۆڕانکارییە جیهانییەکانی و لە ئاکامی شەڕی جیهانیی دووهەمدا لە ئێران بە هۆی هاتنی ئەرتەشی سووری سۆڤییەت بۆ باکوور و رۆژاوای ئەم وڵاتە و درووستبوونی بۆشایی دەسەڵات، دەرفەتێکی دیکەی میژوویی بۆ کورد ڕەخسا کە بە هۆی تاڕادەیەک بەرێکخراوبوونی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کورستان بە رێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لێوەشاوەیی پێشەوای مەزن، قازی محەممەدەوە کەڵکی لێوەرگیرا و دەسەڵاتێکی کوردی لە ژێر ناوی کۆماری کوردستان دەمەزرا. هەرچەند ئەم دەرفەتە بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری وەک لاوازیی نیوماڵی کورد و کۆماری کوردستان و شەرایەتی نێونەتەوەیی، زۆری نەخایاند و لەکیس چوو، بەڵام لە میژووی جوولانەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستاندا وەک وەرچەرخان و دەسکەوتێکی نەتەوەیی خوێندنەوەی بۆ دەکرێ. لە بڕگەیەکی دیکەی مێژووییدا ساڵی ١٩٩١ی زایینی کوردەکانی باشووری کورستان توانییان لە دەرفەتێکی مێژووی دیکە کە بە هۆی هێرشی سەدام حوسێن بۆ سەر کوەیت هاتە ئاراوە، کەڵک وەربگرن و حکوومەتی خودموختاری هەرێمی باشووری کوردستان کە دوای رووخانی سەدام حوسین لە ٢٠٠٣ لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی فیداڵدا خۆی پێناسەکرد، بنیات بنێن. دوای پەیدابوونی دیاردەیەک بە ناوی داعش کە بەتایبەت هەردوو وڵاتی سووریە و عێراقی گرتەوە و کوردەکان رۆڵێکی بەرچاویان لە بەربەرەکانێ لە گەڵ داعشدا گێڕا و دەرفەتێکی دیکە بۆ کورد لە باشوور و رۆژاوای کوردستان هاتە ئاراوە، بەڵام بەداخەوە رێبەرانی کورد لەم دوو بەشەی کوردستان هەر کام بە کۆمەڵێک هۆکار کە گرینگترینیان رێکنەخستنی نێو ماڵی کورد و تێنەگەیشتن لە بەرژەوەندیی زلهێزەکان و سیاسەتەکانیان بوو، نەیانتوانی وەک پێویست کەڵک لە دۆخەکە وەربگرن. لە رۆژاوای کوردستاندا ئەقڵییەتێکی پاوانخوازی لایەنێکی کوردی لەژێر کارێکەریی سیاسەتەکانی ئێران، ئیزنی بەشداریی یەکگرتووانەی بە هێز و لایەنەکانی ئەم بەشە لە کوردستان نەدا کە بە شێوەیەکی یەکگرتووانە کەڵک لە دەرفەتەکە وەربگیردرێ و، بە خوێندنەوەیەکی هەڵە لە دەمشق و دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و تێنەگەیشتن لە پیلانەکانی دەوڵەتی سووریە و کایەی زلهێزەکان، بەجێی ئەوەی بنەماکانی دەسەڵاتداری و نەتەوەسازی لەم بەشە لە کوردستان تەقوییەت بکرێ، کار لە سەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریە و دژایەتییەکی ناپێویستی تورکیە وەک یاریکەرێکی ئەسلیی گۆڕەپانەکە کرا. بۆیە بەداخەوە وێڕای گیانفیداییەک کە هێزی شەرڤان لە پاشەکشەکردن بە داعش کردی و لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەنگی دایەوە، ئێستا کە قسە لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە سوریە دەکرێ، نیگەرانییەک لە سەر داهاتووی رۆژاوای کوردستان و ئاکامی ئەم هەمووە قوربانیدانەی شەڕڤانان و خەڵکی ئەم بەشە لە کوردستان بوونی هەیە. بە سەیرکردن لە هەموو ئەم گۆڕانە نێونەتەوەیی و ناوچەییانەی کە هاتوونە ئاراوە و بە سەرنجدان بە حزووری دەوڵەتانی زلهێز کە لەم بڕگە تاریخییانەدا حزووریان هەبووە کە دەکرا کورد کەڵک لەم حزوورە بۆ تەقوییەتی خۆی و کایەکردنی بە قازانجی پرسە گەورەکە کەڵکی لێ وەربگرێت و هەروەها بە وردبوونەوە لە جۆری ئەقڵییەتی سیاسیی کورد کە چۆنی تاعامول لە گەڵ ئەم دەرفەتانە وەرگرتووە، دیسان پرسیارە مێژوویەکە هەر لە جێی خۆیەتی کە بۆ کورد لە کۆتاییدا  سەری بێ کڵاو دەمێنێتەوە؟! لە ڕاستدا وڵامدانەوە بەم پرسیارە ئەوەندەی پێوەندی بە پشت تێکردنی زلهێزەکان لە کوردەوە هەیە، زۆر زیاتر پێوەندی بە خودی سیاسەت و کایەکردنی کوردەوە هەیە کە چۆن لە رووداوەکان، بەرژەوەندیی زلهێزەکان و تواناکانی خۆی دەڕوانێ. کورد دەبێ یەکجار بۆ هەمیشە بێتە سەر ئەو قەناعەتەی کە زلهێزەکان لە دەلاقەی بەرژەوەندییەکانی کوردەوە – کە کورد تا ئێستایش خۆی نازانێ بەرژەوندییەکانی چین و دەبێ چۆنی بۆ بڕوات – سیاسەت ناکەن. ئەوان، کە هەر دەبێ وایش بێت، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا کار دەکەن. گرینگ ئەوەیە کە کورد چۆن لەم بەرژەوەندییانە دەگات و چۆن لە سایەی کایەی ئاڵوگۆڕەکان و بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکانی وڵاتاندا، بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا دەگەڕێ.