کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی بڕینی دارە جەنگەڵییەکان

16:41 - 30 سەرماوەز 2718

قەیرانە ژینگەیییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو سەریان هەڵداوە و بەرۆکی ژینگەیان گرتووە. لە پیسبوونی خاک و خەڵتانی هەواڕا بگرە تا زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو، بە تاڵانبردنی سەرچاوەسروشتییەکان، ڕاو و بردنی ئاژەڵ و بوونەوەرە دەگمەنەکانی کوردستان، ڕاگواستنی ئاوی چۆمەکان و ئێستاش قەڵتوبڕکردنی دارستانەکانی ناوچەکەمان بەتایبەتی و زاگرۆس بەگشتی.. لەو نێوەشدا دانیشتوویانی ناوچەکەش لەبەر بێئاگایی یا هەر هۆکارێکی تر، بەشداری ئەو خەسارە بوونە.. ئەو ڕەوتە تایبەت بە کوردستان نییە و لە سەرانسەری دنیادا بەتایبەت لە ئێران لە ئارادایە و دارستانەکانی باکووری ئێران واتا شیمال، گورزێکی زۆر گرانی وێ کەوتووە هەرچەند بەڕواڵەت هەوڵ بۆ ڕاگرتنی دراوە بەڵام بێئاکام ماوەتەوە و هەر بردەوامە. دیارە بڕینی دارەکان بۆ چاککردنی ڕەژی و ... دیاردەیەکی نوێ نییە بەڵام ئەو کارە قێزەونە ئەوساڵ بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە و ڕۆژانە دارێکی یەکجار زۆر بە دەیان ماشێنی بارهەڵگری چووکە و گەورە، لە دارستانەکانی زاگرۆسەوە بەرەو شوێنی نادیار دەگوازرێنەوە.. زاگرۆس؛ سەرەڕای ئەوەیکە هێمایەکی پیرۆزی کوردانە، بە درێژایی مێژوو ڕۆڵی تایبەتی خۆی گێڕاوە لە ژینی دانیشتوویانی بناری زاگرۆس، ئێمەی پاراستووە و پێداویستییەکانی دابێن کردووین، کەش و هەوایەکی تایبەت، سەوز، پڕئاو و کوێستانی بە خەڵات پێ بەخشیوین و هتد... ئێستا ئەرکی ئێمەیە وڵامی مافی دایکایەتی زاگرۆس بدەینەوە.. ئەو دارستانانە، خاوەنی مێژووی هەزاران ساڵەن. هەر دارێک کە دەبڕدرێ یا دەسووتێ؛ پەڕێکە لە مێژووی کوردستان کە دەسووتێندرێ.. ئەرکی ئێمە لەو کاتەدا چییە؟ دیارە لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە ژینگەپارێزان، هەڵمەتی بەرفرەوانی یەکجار زۆر بۆ ژیاندنەوەی دارستانەکان ڕێک خراوە و نەمام چەقێندراوە بەڵام دەرەقەتی ئەوهەمۆ قەڵتوبڕ و سووتان و فەوتانە نایات. پێویستە سەرەتا شێلگیرانەتر لە ڕابردوو هەوڵ بۆ چێکردنی چاندی ژینگەپارێزی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا بدەین، هزری پاراستنی ژینگە بە هەموو بەشەکان، بوونەوەر و گیانلەبەرانییەوە پەرە پێ بدەین. لە ڕێگەی یاسایییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەین. بۆ ئەو مەبەستەش هەرکات تووشی ئەو کەسانە بوون یا لە ڕێگا و نێوشاردا ماشێنی ڕاگواستنی داری بڕدراوی جەنگەڵیتان دیت دەتوانن پێوەندی بە بەرپرسی ئیدارە پێوەندیدارەکان بگرن و ئاگاداریان بکەنەوە. (ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار)