کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نێوان بەپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پارتی سوسیال دیموکراتی سوید

00:46 - 1 بەفرانبار 2718

لە درێژەی کاروچالاکییەکانی دا بۆ هەرچی زیاتر ناساندنی دۆزی ڕەوای کورد و پەیوەندی زیاتر لە نێوان کورد و سویدییەکاندا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ی دیسامبری ٢٠١٨ی زایینی، بەڕێز ئارێز ڕەمەزانی بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید، چاوی بە سێ نوێنەری بەشی پەیوەندییەکانی پارتی سوسیال دیموکراتی سوید کەوت. لەو دیدارە دا کە بەڕێزان خاتوو ڕۆزا هەدین گوجڵو، ئاندێرش ئۆستبێری و لەیف نیسمەد لە بەشی پەوەندەییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو پارتە ئامادەی بوون، باسێکی تێروتەسەل سەبارەت بە باردووخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەستدرێژییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە و هێرشی موشەکی سپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسی و قەڵای دیموکرات هاتنە گۆڕێ. بەڕێز ڕەمەزانی لە وتەکانی دا باسی دیدار و چاوپێککەتنەکانی پێشووتری لەگەڵ نوێنەرانی پارتی سوسیال دیموکراتی سوید کرد و سەرلە نوێ داواکاری و چاوەڕوانییەکانی حیزبی دیموکرات و گەلی کورد لە حکومەتی سوید وەبیر وەفدی خانەخوێ هێنایەوە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبمان چەندین تەوەری گرینگی لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتی سوسیال دیموکراتەکانی سوید هێنایە بەرباس. نوێنەرانی پارتی سوسیال دیموکرات باسیان لە سیاسەت و ستراتیژی حیزبەکەیان لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و ڕووداوەکانی ناوچەکە بە گشتی شی کردەوە، هاوکات ئاواتیان خواست کە بە لەبەرچاو گرتنی ئاڵوگۆڕەکانی جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵات و حکومەتی سوید دەوری کاریگەرتر بگێڕێ لە چارەسەری کێشەکاندا و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجا، بە تایبەتی بۆ دۆزی ڕەوای کورد. پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو دیدارەی ڕۆژی چوارشەممە، درێژەی هەمان دیدار و چاوپێکەوتنەکانی نێوان نوێنەری حدک و پارتی سوسیال دیموکراتی سوید بوو. لە کۆتایی ئەو دیدارە دا هەردووک لای هیوایان خواست کە ئەو دیدار و چاوپێککەوتنانە بۆ هەرچی زیاتر ناسی دۆزی رەوای کورد و بە تایبەت کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بێ.