کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«زایەڵەی خەیاڵ» بەرهەمی خەیاڵێکی بەرز و پڕ لە جوانی*

01:52 - 1 بەفرانبار 2718

بە خۆشییەکی زۆرەوە ئەمڕۆ ئاگادار بووم کە بەرهەمە شێعرییەکانی هاوڕێی بەڕێزم مامۆستا ئەنوەری سوڵتانپەنا، ئامادەی چاپن و کاتێک کاک سەلاحی سوڵتانپەنا، کوڕی مام ئەنوەر، نوسخەیەکی تایپکراوی کتێبەکەی، کە ناوی «زایەڵەی خەیاڵ»ــە، بۆناردم، زۆر خۆشحاڵ بووم. ئاخر من کە ئاشنای لەمێژینەی شێعرەکانی مامۆستا ئەنوەرم، لەمێژە چاوەڕوانی چاپکرانی ئەو بەرهەمانەم، کە هەمیشە پێم وابووە حەیفە لە توێی لاپەڕە داخراوەکانی دەفتەرەکاندا بمێننەوە و نەگەنە دەستی ئەو خوێنەرانەی تامەزرۆی چێژوەرگرتن لە شێعری جوان و ڕەسەنی کوردین. من پێش ئەوەی بۆ هەوەڵجار بەخزمەتی مامۆستا ئەنوەر بگەم، تاریفی شێعری ئەوم لە شاعیری بەناوبانگ مامۆستا عەلیی حەسەنیانی، «هاوار» بیستبوو و سەرەنجام، هاوینی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، لە گەرمەی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا، لە گوندی «گەورەدێ»ی دۆڵی جافەتی، کە ئەوکات بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات و کۆمیسیۆنەکانی سەر بەو حیزبەی لێ بوو، چاوم پێی کەوت. هەر لە سەرەتاوە وەک مرۆڤێکی خاکی، قسەخۆش و ڕۆحسووکم هاتە بەرچاو. هەر لەو یەکەم چاوپێکەوتنەشدا هەم شێعرمان بۆ یەکتر خوێندەوە و هەم بە زوویی هاوڕێیەتی و هاوپێوەندییەکی زۆر نیزیکمان لە نێواندا پێکهات. ئەوتایبەتمەندییە هاوبەشانە کە هەردووکمان ئەوینداری شێعر و ئەدەب و هەردووکیشمان پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و هەڵوەدای ڕزگاری بووین، بوو بە هۆی ئەوە کە ئەو هاوڕێیەتییە ڕۆژ بە ڕۆژ پتەوتر بێ. ئەو لە من بەتەمەنتر بوو و براگەورە بوو. هەر لەو کاتەوە و لە ژێر شوێنەواری ئەو ئۆگری ودۆستایەتییەدا من بە «مام ئەنوەر» بانگم کرد و دواتر زۆر دۆستی دیکەش هەر وایان کرد و ئەو ناوەی بۆ مایەوە. مام ئەنوەر و من چەند ساڵێک بە یەکەوە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی «کوردستان» بووین و لە بەشی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، کە ئەوکات حیزبێکی یەکگرتوو بوو، کارمان کردووە و دواتریش کاتێک هەردووکمان هاتووینە دەرەوەی وڵات و تا ئێستاش، بەردەوام هاتوچۆ و پێوەندیمان بەیەکەوە هەر هەبووە. دیارە لەو ماوەیەدا بەتەواوی ئاگاداری تێکۆشانی ئەدەبیی مام ئەنوەر بووم، شاعیر خۆی نێوەنێوە شێعرەکانی بۆ خوێندوومەوە و دەتوانم بڵێم شارەزایی زۆرم بەسەر شێوە و نێوەرۆکی شێعرەکانیدا هەیە. پێم خۆشە ئاماژە بەوەش بکەم کە زۆر جار خوێندنەوە، باسکردن و شیکردنەوەی شێعرە بەرز و بەماناکانی مام ئەنوەر بۆ من بۆتە مایەی ئیلهام و بۆتە هۆی ئەوە کە خۆشم زەوقی شێعر گوتنم ببزوێ و بۆ تاقیکردنەوەی هەستی خۆم لەو مەیدانەدا هەڵسووڕتر بم. لەخۆڕا نییە کە مام ئەنوەر و من کۆمەڵێک شێعر و بەرهەمی هاوبەشمان بەیەکەوە هەن، کە لە کتێبێک بە ناوی «کەلێنی پەنجەکان»دا، هاتوون. من ئەو کتێبەم ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی چاپ و بڵاو کردۆتەوە. مام ئەنوەر لە بنەماڵەیەکی ڕووناکبیر و دەستڕۆیشتوودا لەدایک بووە و هەر لەسەرەتای منداڵییەوە ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساوە کە لە گەڵ شێعر و ئەدەبیات ئاشنا بێ. بۆخۆی لە وتووێژێک لەگەڵ بەشی ئەدەبیی ڕۆژنامەی کوردستان (ساڵی ٩٨ی زایینی)دا دەڵێ: «دیوەخانی ئێمە لە گوندی «تاڵەجاڕ»، هەمیشە جێگای باس و کۆبوونەوەی ڕووناکبیران و مەلا بەناوبانگەکانی ناوچە بوو و بە تایبەت بابیشم بە یەکێک لە مەولەویناسەکانی سەردەم دەناسرا و گرینگییەکی زۆری بە شێعر و ئەدەب دەدا. بێجگە لەوەش ئەو دوو ساڵەش کە(بە دەربەدەری) لە سلێمانی دەژیاین، دوو برای لە خۆم گەورەتر کە ئەوسا گەنج بوون، دۆستایەتییان لەگەڵ ئەدیبانی وەک مامۆستا قانع و فایق بێکەس هەبوو. بابیشم هاوڕێی فەیلەسووفی کورد مامۆستا پیرەمێرد بوو. هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوە کە من ئۆگری شێعر و ئەدەبیاتی کوردی بم.» ژیانی سیاسیی شاعیریش هەر زوو و لە سەرەتای لاوەتییەوە دەست پێدەکا. ئەو ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی، یانی ئەوکاتەی کە تەمەنی ٢٢ساڵ بووە، بۆتە ئەندامی حیزبی دێموکرات، ساڵی ١٣٤٢ لەسەر کاری سیاسی گیراوە و کەوتۆتە گرتووخانەی ڕێژیمی پاشایەتییەوە. بەژانتر لە ڕەنجی بەندیخانەش ئەوە بووە کە تا کاتێک ئەو هاتۆتەوە دایکی ئازیزی کۆچی دوایی کردووە. ئەو بەسەرهاتە خەفەتهێنەرە لە شێعرێکی ئەوکاتی مام ئەنوەردا ئاوا ڕەنگی داوەتەوە. ئەمە چەند دێڕێکی پارچە شێعرەکەیە: فەلەک سکـــــــــــــاڵات بۆ لای کێ بەرم لە تۆ بەولاوە یەخـــــــــــــــەی کێ گرم فەلەک وەکوو من تۆش چارەڕەش بی لە خۆشەویستت وەک من بێبەش بی بۆ خامۆشت کرد چرای ڕوونـــــــــــــاکم بۆ تاریکت کرد دیدەی نمنـــــــــــــاکم بەڵین بێ دایە بێ تۆ شاد نـــــــــەبم لە دەردی دووریت قەت ئازاد نەبم بەڵێن بێ دایم شیـــــــــــــوەن کارم بێ خەفەت هاودەمی دڵـــــــــــەی زارم بێ شەرتە زووخاوی دڵ بـــــــــــەفراوم بێ خۆڵی قەبرەکەت سوورمەی چاوم بێ مامۆستا ئەنوەر هەم بە شێوەی کلاسیک و هەم نوێ شێعر دەڵێ و بە هەردووک شێوەش گەلێک شێعری جوان و بەمانای هۆندوونەوە. شتێکی دیکەی جێگای ئاماژەش ئەوەیە کە نێوەرۆکی شێعری مام ئەنوەر هەر لە زووەوە له بەستێنێکی تایبەتدا قەتیس نەبووە و بە گشتی باسی ئەوین، جوانیی سروشت، دیاردە باش و خراپە کۆمەڵایەتییەکان، خۆشەویستیی نیشتیمان و هاندان بۆ خەبات و بەربەرەکانی گرتۆتەوە. شێعرەکان هەنگاو بە هەنگاو لە گەڵ ئاڵوگۆڕی بارودۆخی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی شاعیر دەخوڵقێن، دەبنە تابڵۆی ڕەنگدانەوەی خۆشی و ناخۆشییەکان و هەر لەو کاتەشدا نوێنگەیەک لە مێژووی ژیانی. شێعری ئەویندارانەی مام ئەنوەر لە دڵێکی گەرمی جوانیناس وئەوینناسەوە سەرچاوەی گرتووە و هەر بۆیەش گەرموگوڕ، پڕ لە ڕەمز و نهێنی، سکاڵا و ڕاز و نیازی ئاشقانەیە. کەرەسەی دەربڕین و بەیانیش، زمانێکی ڕەوانە کە وێکچواندنی لەبار و بەجێ، بەکارهێنانی زاراوە و مانای جوان و زۆر جاریش جیناس، هێنان و بردن و ئاڵوگۆڕ پێکردنی وشە، ئەو زمانە دەگەیەنێتە ئەوپەڕی جوانی. شێعری «عیشقی پیری» نموونەی تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووانەی هەست و وردبینیی شاعیر لەو مەیدانە دایە: ئەو یەکەم جارەی کە لێوم نا بە لــــــــێوی گوڵتەوە هەر لەیادم دایە گـــــــــیانە لەززەتی ئەو ماچەمان چون بە شێعرێک دیمەنی ڕوخساری تۆم نەخشاندبوو گوڵ لە من زیزن لە هەڵگـــــــورد و پەڕاو و چلچەمان مام ئەنوەر کاتێک باسی سروشتی جوان و ئاووهەوای سازگاری نیشتمانەکەی، بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا دەکا، تابڵۆیەکی ئەوەندە جوان دەکێشێتەوە کە ڕاستەوخۆ مرۆڤ دەباتە نێو قووڵایی و وردەکاریی دیمەنەکانەوە. شێعری «بەهاری زێدەکەم» یەکێک لەو تابڵۆ جوانانەیە، کە من لێرەدا ئاماژە بە چەند بەیتێک لەو پارچە شێعرە دەکەم: وەرزی بەهارە بەفــــــــــــــــــری بناران توایــــەوە مەل باوی باڵی بۆ بووەوە، گوڵ گەشـــــــــایەوە دیسان بە وەشت و ڕێژنە کانی تەقیـــــــــــــنەوە گوڵ نەک لە گڵ،لەنێو دڵی بەردیش ڕوایەوە وا گورگەزایە ڕەشــــــــــبەڵەکی ساو و سێبەرە تاقی زەفەری میری بەهاری چەمایــــــــــــــەوە ... کوێستان بە تینی خۆری بەهاری تەزووی شکا دەرکی دەواری کۆچەریــــــــــــیان هەڵدرایەوە دیسان وەڵامی نەرمە هەوای کیژە بەندەنی بە چریکە نازی بولبولی ســـــەرچڵ درایەوە ... پێشەنگە دەنگی زەنگی بە ئاهەنگی دێ لە دوور یا زایەڵەی شەتاوە لە گوێــــــــــــــما زڕایەوە؟ دڵ بولبولی پەڕیوەیە کوێســـــتانە زێدەکەی یادی وڵاتـــــی کرد و برینی کولایەوە تێکۆشانی ئەدەبیی مامۆستا ئەنوەر هەر لەشێعردا بەرتەسک نابێتەوە. ئەو زمانزانێکی چاکیشە و ئەوەندەی وشەی کوردیی ڕەسەن و پەتی پێیە، کە دەتوانین بڵێین بۆخۆی فەرهەنگێکی دەوڵەمەندە. ئەو بەشێکی ئەو وشە ڕەسەنانەــ کە جاری وایە نەشبیسراونــ لە شێوە ئاخاوتنی زێدەکەی، ناوچەی سەقز، هەڵدێنجێ و لە بەرهەمەکانیدا کەلکیان لێوەردەگرێ. مام ئەنوەر تا ئێستا دوو ڕۆمانی بەناوبانگی «بابەلاقدرێژ»ی «ئالیس وێبستێر» و «خەونەکانی دێڵەگورگ»ی «چەنگیز ئایتماتۆف»یشی لە فارسییەوە، بە زمانێکی پاراو کردۆتە کوردی. هەروەها زۆر وتار و نووسینی ئەدەبی و سیاسیی لە ڕۆژنامە، گۆڤار و بڵاوکراوە کوردییەکاندا بڵاو بوونەوە. هەر وەک بۆخۆشی ئاماژەی پێکردووە، چەند بەرهەمی دیکەشی هەن کە تا ئێستا چاپ نەکراون. مامۆستا ئەنوەر زاراوەی هەورامی دەزانێ و مەولەویناسیشە. ئەوکاتەی بەیەکەوە لە ڕاگەیاندندا کارمان دەکرد (نێوان ساڵەکانی ٦٣ ــ ٦٧ی هەتاوی)، زۆر جاران شێعری مەولەویی بۆ دەخوێندمەوە و بۆی شی دەکردمەوە. منی موکریانی بە زاراوەی هەورامی نائاشناش، تا ئەو کاتە تەنیا ناوی مەولەویم وەک شاعیرێکی گەورەی کورد بیستبوو و ئیدی لە نێوەرۆکی بەرزی شێعرەکانی، مانای قووڵی عیرفانی و هونەری وێکچواندن و ڕەوانوێژیی ئەو شاعیرە هیچم نەدەزانی. مام ئەنوەر دەرگای دنیای مانای شێعری مەولەویی بە سەر زەینی تامەزرۆی جوانیی مندا کردەوە. مام ئەنوەر ئەم شێعرەی بە شێوەی مەولەوی بە زاراوەی هەورامی داناوە، کە هەم شارەزایی ئەو لەو زاراوەیەدا دەگەیەنێ و هەم ڕێز و خۆشەویستیی مەولەوی لە لای شاعیر دەردەخا: «لەسەر سەبکی مەولەوی» دیدەم، بینــــــــــــــــــــــایی دیـــدەم تارنییەن غافڵ جە نیگای بەژنی یار نیــــــــــــــــــــیەن دڵ یەند وە نەشتەر مەینەتان خەسـتەن دووی هەناسەم ڕای تماشام وەســــــــتەن جەی دوما یاران ئیــــــــــــــــدەن تەدبیرم پەرەیی دڵوەشــــــــــــــــــیی بەخت زویرم تماشای باڵای ئەو جەمـــــــــین چون گوڵ بسپارووم وەدەس خـــــــــــــــــــەیالات دڵ مام ئەنوەر شێعری پڕ لە سۆزی خۆشەویستیی ڕزگاریی وڵات و نەتەوەکەی زۆرن و چونکە بۆخۆشی بەشی زۆری ژیانی لە ڕیزی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی نیشتمانەکەیدا بووە و لەو ڕێگایەدا تووشی کوێرەوەری و دەربەدەری و زیندان بووە، بێجگە لەوەی شەبەقی ئەو ئەوینە پیرۆزە بەڕوونی لە وشە و تەعبیر و تەشبیهەکانیدا دەدرەوشێتەوە و ئازار و دەردەکانیش دیارتر و ئاشکراترن، هاندان بۆ خۆڕاگری و بەربەرەکانی لە بەرامبەر دوژمنی ستەمکاریش دەبێتە پەیامێک کە هەمیشە ورە دەبەخشێ و ناهومێدی دەڕەوێنێ. شێعرەکانی: «بۆ شەهید عەبباس ئەردەڵان»، «پێشمەرگە»، «بۆ شەهید کەریمی عەلیار»، «هەواڵی خەم، بۆ شەهید دوکتور قاسملوو»، «نەبەزی»، «لای لایە»، «ئەنفال»، «سەوداسەری»، «خودموختاری»، «بۆ لاوانی دێمۆکڕات»، «بۆ کۆنگرەی ١٤»، «ڕێبەندان»، «بۆ شەهیدانی میکۆنووس» و «کۆمار و پێشەوا» و زۆر شێعری دیکەی هەموو هەڵگری ئەو پەیامانە و خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانەن. ڕەنگە بۆ هێنانەوەی نموونەیەکی ڕوون و ڕەوان لە هەستی خەباتکاری و نیشتمانویستیی شاعیر، هێنانەوەی ئەو کۆپلە شێعرە بەس بێ، کە ساڵی ٩٣ی هەتاوی، لە وەڵامی شێعری «بەرەوهاوڕێ»دا، نووسیویە و بۆ منی ناردووە: بڵێی ئاشـــــــــــق زەمانێـــــــــــــــــــــکی بەدی بێ کە دواکاتــــــی گرفتـــــــــــــــــــاری و بەدی بێ؟ شنەی ئازادی و ســــــــــــــــروەی بـــــــــەهاری بدا ڕۆژێ لە ئـــــــــــــــــــاڵای کــــــــوردەواری؟ ئەگەر ئەو رۆژە من میــــــــــــوانی گڵ بووم ئەسیری خاکی دووری و نابـــــــــــەدڵ بووم لەگەڵ چەند کیژە کوردی جـــوان و نازدار بە ئاهەنگی بەسۆزی خاڵــــــــــــــــە ڕێبوار بە چەپڵەی خۆشی و ڕەقــــــــس و سەماوە بە شمشاڵ و بە دەنگـــــــــــــــی نەرمە ناوە وەرە سەر گۆڕەکەم تۆ بیـــــــــــــــــتوو بڕوات بڵێ : هەستە زەمانی خەم بەســــەر هات چ وەختی نووستنە، کاتـــــــــــــــــی سەفایە لە چوار نیکالی کوردســـــــــــــــتان هەرایە لە پاش دەردی هەژاری و دڵبەســـــــــــۆیی دەگێڕین جێژن و شادیی ســـــــــەربەخۆیی لەژێر خاکا بە یەکجــــــــــــــــــــاریش پوابم بە مژدەی ســـــەربەخۆیی ڕەنــــــــــگە ڕابم لە کۆتاییدا، دڵنیام «زایەڵەی خەیاڵ»ی مامۆستا ئەنوەری سوڵتانپەنا جێگای شیاوی خۆی لە کتێبخانەی کوردی و دنیای شێعری کوردیدا دەگرێتەوە و ئەویندارانی شێعر و ئەدەبیاتی کوردی سوودی لێ وەردەگرن و لێی فێر دەبن. * ئهم نووسینه بۆ پێشهکیی دیوانی «زایهڵهی خهیاڵ» نووسراوه و «کوردستان» بهبۆنهی مهرگی ئهنوهرخان سوڵتانپهنا دایناوه.