کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناساندنی پرسی کورد بە پشتبەستن بە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ

02:06 - 1 بەفرانبار 2718

19ی سەرماوەز (دەی دیسەمبر) ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤە کە لەلایەن یونسکۆوە دیاری کراوە. جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە کە ساڵی ١٩٤٨ لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسند کرا. ئەم جاڕنامەیە سی مادە لەخۆ دەگرێ و ڕوانگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بابەت مافی مرۆڤەوە باس دەکا کە پێویستە لە هەموو وڵاتان بەڕێوە بچێ. لەم سەردەمەدا یەکێک لە گرینگرتین بابەتەکان کە پێوەندییەکی چڕی بە بیروڕای گشتیی نەتەوەکانەوە هەیە، ڕەچاوکردنی بنەماکان و مادەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤە لەلایەن حکوومەتەکانەوە کە دەیسەلمێنێ چەندە دەسەڵاتەکەیان مەشرووع و ڕەوایە. لەم دیمانەیەدا هەوڵ دەدەین ئاوڕێک لەم ڕۆژە بدەینەوە کە چی بۆ کورد تێدایە و هەروەها کورد چۆن توانیویەتی یان دەتوانێ کەلک لەو جاڕنامە و دامەزراوەیە بە قازانجی خەباتە ڕەواکەی وەربگرێ و بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتریش ڕای بەڕێزان؛ نووسەر و شرۆڤەکار کاک بێهزاد خۆشحاڵی دانیشتووی ئاڵمان و چالاکی مافی مرۆڤ کاک ئازاد سەڵەواتی دانیشتووی سویس وەردەگرین. کاک بێهزاد جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ چی تێدایە کە کورد دەتوانێ بۆ گەیشتن بە مافەکانی کەلکی لێ وەربگرێ؟ جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ لە مادەی یەکەمدا، باسی مافی ئازادی و یەکسانی لە حورمەت و حقووقدا دەکا کە بریتین لە ئازادیی بیرکردنەوە، ئازادیی ئایین، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی ویژدان هەروەها ئازادیی کۆمەڵایەتی. تەنیا بە سەرنجدانی خاڵی یەکەم دەتوانین بڵێین کە کورد بەهۆی بێبەشبوونی لەم ئازادییە سەرەتاییانە دەتوانێ بەکەلکوەرگرتن لەو بەڵگە و دۆکۆمێنتە، ڕەوایی بە خواستەکانی خۆی ببەخشێ و بە بەراوردکردنی لەگەڵ مادەکانی جاڕنامە، خواستی کورد بکرێتە حقووقی. له‌مه‌ڕ یەکسانی لە حورمەت و مافەکان، سێ ماف وەکوو سەرەکیترینیان لە جاڕنامەکەدا پێناسە کراون کە بریتین لە پەروەردەی سەرەتایی، تەندرووستی و دابینکردنی خۆراک. سەبارەت بە پەروەردەی سەرەتایی گەورەترین گرفتی نەتەوەی کورد بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، بێبەریبوونی لە مافی خوێندنە بە زمانی دایکی. هەروەها بە ئاماژەدان بە هەڵسەنگاندنی ڕێژەی هەژاری و ستانداردنەبوونی ڕێژەی خزمەتگوزاریی تەندرووستی لە ئێران بەگشتی، کورد دەتوانێ بە ئاماژەدان بە هەژاریی سیستماتیک و بەئەنقەست کار بۆ ستانداردنەکردنی بێهداشت، دەسەڵاتی ئێران تووشی قەیرانی حقووقی بکا. یەکێک لەو مافانەی کە کورد دەتوانێ بەو پێیە ڕەوایی بە داواکارییەکانی بدا، "مافی گەشەسەندن"ە؛ کە بریتییە لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان. بە چاوخشاندنێکی کورت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران بەڵگە و ئامار شایەتی ئەوە دەدەن کە کورد لە بنەڕەتدا وەکوو کورد، مافی گەشەسەندنی نەبووە و نییەتی. بۆیە زۆربەی کێشەکان لە دەستووری ئێرانەوە دەست پێ دەکا و دەکرێ وەکوو "پێشێلکاریی سەرەکی مافی گەشەسەندن" پێناسە و دۆسییە بکرێ. دەکرێ نموونەیەک بێنینەوە بۆ ئەم باسە؟ بەڵێ. مەسەلەن لە بەندی 2دا باسی "ڕێگەپێنەدانی هەڵاواردن" دەکرێ. لەم خاڵەدا بەئاماژەدان بە جیاکردنەوە، دووچاوگی، فاتالیزمی ئێتنیکی، دوژمن سازکردن، ناعیداڵەتیی بنەڕەتی، ڕەگەز، زمان، دۆخی چینایەتی و ڕوانگەی سیاسی؛ دەتوانین گەلێ فاکت بهێنینەوە کە ڕەچاونەکردن و ژێرپێخستنی سیستماتیکی ئەو خاڵانەی سەرەوە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بووەتە هۆی نەبوون و نەمانی تێلۆرانس و گەشەنەسەندن و بێوەریبوون و نەبوون و نەمانی تێلۆرانسی نەتەوەیی، ئایینی، ڕەگەزی، گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی. هەروەها وەک دەرەنجامی ناڕاستەوخۆ بەئەویدی کردن، شەڕەنگێزی و جێگیرنەبوونی نیزامی داد. نموونەیەکی زۆر دیار و بەرچاو کە دەتوانێ بەکەلکوەرگرتن لە بەندی دوو و دەرەنجامەکانی بکرێتە دۆسییەیەکی حقووقی، هەڕەشە و هەست بە هەڕەشەکردنی گرووپە ئێتنیکی و نەتەوەییەکانە کە بەپێی بەڵگەکانی سەرکوتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، دەرفەتێکی گەورەی یاسایی بۆ ئێمەی کورد دەخوڵقێنێ. دیسانەوە بە ئاماژەدان بە بەندی 2 و دەرەنجامەکانی وەک فاکتەرەکانی ڕەچاونەکردنی مافی ژیان، کورد دەتوانێ بە باشترین شێواز لە بەڵگەکانی سەبارەت بە کوشتنی بەکۆمەڵ، هەڕەشەی کوشتن، ئێعدام و شکەنجە و هێرشی سەربازی بۆ سەر خەڵکی سڤیل؛ کەلکی گەورە وەربگرێ بۆ سه‌پاندنی دەسەڵات و ڕەواییدان بەمافەکانی خۆی. ئەو میکانیزمانە چین کە کورد دەتوانێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرامبەر دەسەڵاتی ناوەند بەکاری بێنێ بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە لە ژێر زوڵم و زۆر دایە؟ جاڕنامەکە بە وردی باسی ماف دەکا و بۆ هەمووشی تەنانەت بۆ ڕەوت و دەرەنجامی مافەکان، ڕێکخراوەگەلی نێونەتەوەیی ئامانجدار و بەرنامەداڕێژەر و چاودێر و بڕیاردەر؛ بنیات نراوە. بۆ نموونە لە بەندی ١١دا کە مافی بێتاوان ناساندنی تاکە هەتا کاتی سەلماندنی تاوانەکە، هەروەها مافی بەهرەمەندبوون لە دادگاییکردنی ئاشکرا و دادپەروەرانە؛ چوار جۆر قوربانی پێناسە دەکا کە لە پێوەندی بەم خاڵەوە پێناسە کراون: قوربانییەکانی دیکتاتۆریی سەربازی، شەڕی چەکداری، قوربانییەکانی توتالیتاریزم، قوربانییان بە بیانووی ئەمنیەتی قەومی. ئێوە بزانن کە لە پێوەندی بەم خاڵەوە، دەستی ئێمەی کورد چەند ئاوەڵەیە بۆ ئەوەی بتوانین قوربانیبوونی خۆمان لە دامودەزگا حقووقییەکان پیشان بدەین و لەسەر ئەو بنەمایانە داوای مافی ڕەوای خۆمان بکەین. دیارە بۆ هەمووی ئەو تاوانانە بۆ قوربانییان، بۆ بکەران، بۆ حکوومەتەکان میکانیزمگەلی چاودێری، بڕیاردان و تەنانەت سزادانیش دابین کراوە. ئایا هەتا ئێستە کوردی ڕۆژهەڵات توانیویەتی بەگوێرەی پێویست کەلک لە ناوەندگەلی نێودەوڵەتی بۆ گەیاندنی دەنگی ڕەوای خۆی وەربگرێ؟ بێجگە چەند دۆسییە، بەداخەوە کورد هەرگیز هەوڵی نەداوە لەم دەرفەتە گەورەیە کەلک وەربگرێ بۆ چەسپاندنی مافەکانی خۆی. بڕوانە پاش کۆتاییهاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی، کورد مافی سەربەخۆیی لە پەیمانی سیڤەر بەپێی بەندەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ پێدرا بەڵام بە هەر هۆکارێک هەرگیز نەیتوانیوە لەو دەرفەتە زێڕینە کە دەروازەکانی جیهان بەڕووی نەتەوە بندەستەکان کرابۆوە کەلک وەربگرێ. هۆکارگەلێک کە ئێستاشی لەگەڵدا بێ کوردی کردووە بە هەزار دوڕگە لە جوغڕافیایەکی هزریدا. سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دادگای میکونووس خاڵی بەرجەستەی بەحقووقیکردنی دۆزی کوردە کە دەتوانم بڵێم گەورەترین زەبری لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دا. لەو کاتەوە بوو کە ئێران بە فەرمی و بە حقووقی وەک تێرۆریستی نێودەوڵەتی لە جیهاندا پێناسە کرا. مخابن کورد ئەو دەرفەتانە ناناسێ و گرنگیشی پێ نادا و بە دواداچوونیشی بۆ ناکا. تەنانەت زۆر جار دەبیستین و دەبینین کە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات و چالاکیی چەکدارییان وەک کردەوەی تێرۆریستی ناو دەبرێ. بە چاوخشاندنێکی خێرا بە دەسپێکی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، دەتوانین بە ڕاشکاوی ئەم ڕستەیە ببینین کە بەرگریی چەکداری نەتەوەی ستەملێکراو لە کاتێکدا نەتوانێ مافەکانی خۆی لە ڕێگەی ئاشتیخوازانەوە بەدەست بهێنێ، وەک بەرگری ڕەوا و مافی بێ ئەملاوئەولا پێناسە کراوە. بەڵام بەهۆی نەزانین و گرنگی پێنەدان و پێداگرینەکردن، نەمانتوانیوە بەرگری نەتەوەیی کورد وەک بەرگری ڕەوا و بە واتا حقووقییەکەی جێگیر بکەین. هەتا چەند مافی مرۆڤ کەرەستەیەکی سیاسییە بە دەست وڵاتانەوە چونکە هەندێک جار پێشێلکردنی بەرچاو ناکەو‌ێ و هەندێک جاریش لە ململانێی سیاسیی وڵاتاندا باسی دەکرێ؟ دیارە لە زۆر شوێنگەی زەمەنیدا جۆرێک لە دووئالیتە لە بەکارهێنانی مافی مرۆڤدا بینراوە ئەم شتە حاشاهەڵنەگرە بۆیە باسی ئەوەش دەکرێ کە دەبێ هێزت هەبێ تا مافی خۆت بچەسپێنی. ئەمە ڕاستییەکی تاڵی تێدایە، بەڵام هێز چییە؟ کاتێک نەتەوەیەک بە هێز و بە ڕێکخراو و بە جەماوەر و بە بەرهەمهێنانی فیکر نەتوانێ لە دەوری سەرەتاییترین مافەکانی خۆی کۆ ببێتەوە بێگومان دەرفەتی بەکارهێنانی هێز لەدەست دەدا. بۆیە من لەوەشدا نەتەوەکەمان بەهۆی ئەم کەمتەرخەمییەوە بە تاوانباری سەرەکی دەزانم. بیستوومانە کە پێمان دەڵێن دنیا دەزانێ کورد چی دەوێ خۆی نازانێ. بە بڕاوی من ئەم ڕستەیە واتای نەزانکاریی کوردە هەم لە باری پێکنەهێنانی هێز بە واتای هزر و کردەوەی جەماوەری لە چوارچێوەی یەک نەتەوەدا و هەم تێنەگەیشتنی لە کاریگەری، کارامەیی، کارتێکەری و شوێندانەری ماف بۆ ڕەواییبەخشین و گەیشتن بە خواستەکانی. *** لە بەشێکی دیکەی ئەم دیمانەیەدا دێینە سەر بوارە کردەوەییەکان و ئەو دامودەزگایانەی کە کورد لە پێوەندی لەگەڵ ئەو جاڕنامە و هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەتوانێ کەلکی لێ وەربگرێ و لەم بوارەوە ڕای بەڕێز کاک ئازاد سەڵەواتی وەردەگرین کە ساڵانێکه‌ لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ژنێڤ چالاکییەکانی دەبینرێ. بەڕێز سەڵەواتی، کورد چۆن دەتوانێ لە ڕێی دامودەزگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەنگی حەقخوازیی خۆی بە گوێی جیهانیان بگەینێ؟ دامودەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کورد و گەلانی چەوساوەی وەکوو کورد دەتوانن کاری زیاتر لە گەیاندنی دەنگی مافخوازانە بکەن. زانینی مکانیزمی کاری ئەو ئۆرگانانە دەتوانێ زەمانەتی نێونەتەوەیی بۆ چارەسەریی کێشەکە دابین بکا. بۆ نموونە دەتوانین باسی گەلێکی بچووکی وەکوو سەحراوییەکان بکەین کە کۆی حەشیمەتیان لە سەحرای ڕۆژاوای بندەستی مەراکشدا ناگاتە ٦٠٠ هەزار کەس کە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەسیان ئاوارەن و لە کەمپەکانی ئەلجەزایردا دەژین. ئەو گەلە لە ١٩٧٦ەوە لە ڕێگەی بەرەی پۆلیسارییەوە داوای سەربەخۆیی دەکەن. تەنانەت کەوتنە شەڕی چەکداریشەوە لەگەڵ مەراکش بەڵام بە کەلکوەرگرتن لە میکانیزمی کاری ئۆرگانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەتاکوو ئێستا توانیویەتی بەڵێنی ئەنجامی ڕێفراندۆم و چەندین بڕیارنامەی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتگریی مافەکانیان وەدەست بێنن. گوشاری نێونەتەوەیی بۆ سەر مەراکش ئەوەندە زیاد بووە کە لەم دواییانەدا ئامادە بوون لە ژنێڤ و لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەگەڵ سەحراوییەکان کۆببنەوە. ئەوە تەنیا وێنەیەکی کەلکوەرگرتنە لە ئۆرگان و میکانیزمی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆیە کورد دەبێ بۆ وەدەستهێنانی پشتگری نێونەتەوەیی، بێجگە لە دیپلۆماسییەتی پێتەختەکان، لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا چالاک بێ. دەبێ پشتگیریی یاسایی و نێۆنەتەوەیی بۆ دۆزەکە وەدەست بخا. بۆ نموونە هەتاکوو ئێستا، کار بۆ ئەوە نەکراوە کە کورد لە یاسا نێونەتەوەییەکاندا وەکوو گەلێکی خۆجێیی بناسرێ. خەڵکێکی خۆجێیی دەتوانێ پشتگیریی یاسایی هەبێ بۆ داواکاری مافی دیاریکردنی چارەنووس. یان لە کەمایەتی ئێتنیکی و قەومییەوە بە گرووپی نەتەوەیی نێو وڵاتەکاندا بناسرێ کە ئەویش دەیباتە قۆناغێکی دیکەوە. یان وەکوو سەرەڕای ئەوەی کە گەلێکی قوربانی دەستی کۆلۆنیالیزم بووە، نەیتوانیوە لە پشتگیریی یاسای هەڵوەشاندنەوەی کاریگەرییەکانی کۆلۆنیالیزم کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کراوە، بۆ پشتگیریی گەلانی قوربانی ئەو سیستمە هه‌لێک بقۆزێته‌وه‌. تەنانەت ئۆرگان و کۆمیسیۆنی تایبەتی خۆی هەیە و بەردەوام پێداچوونەوە بۆ داواکارییەکان و دۆسییەکان دەکا. بۆیە دەبێ بزانین کە کورد هەتاکوو ئێستاش کەمتەرخەم بووە لەو بارەوە و دەبێ خوێندنەوەیەکی نوێی هەبێ بۆ یاسا نێودەوڵەتی و نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان، هەتاکو بتوانێ لە یارییە یاساییەکانیشدا جێگەی هەبێ. کوردی ڕۆژهەڵات توانیویەتی هەتا چەند لە خول و دانیشتنەکانی دامودەزگاکانی پێوەندیدار بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشدار بێ؟ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێک هاتووە لە کۆمەڵێک ئۆرگان و دەزگای جۆراوجۆر کە بەشێوەی زنجیرەیی پێکەوە گرێدراون و کارکردن تێیدا پێویستی بەکۆمەڵێک پسپۆڕ هەیە هەتاکوو بتوانرێ دۆسییەیەک بجووڵێندرێ. کورد بەگشتی لەو بارەوە پسپۆڕ و شارەزای کەمە. ئەگەریش هەیبێ تەنیا لە چەند ئۆرگانێکدا بەشداریی کردووە ئەویش بە سەقەتی. بۆ نموونە کوردانی ڕۆژهەڵات زیاتر لە هەر بەشی دیکە لە هێندێک ئۆرگانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤدا چالاکن بەڵام نەیانتوانیوە دۆسییەی کورد بجووڵێنن. لەوانەیە کاریگەر بووبێتن لە سەر هێندێک ڕاپۆرت یان بڕیارنامە بەڵام درووستکردنی هەڵوێست و وەرگرتنی بڕیار پێویستی بە کاری جیدی و کادری پێویست و شارەزا هەیە. چین ئەو ڕێگه‌یانەی کە وەکوو کوردی ڕۆژهەڵات دەتوانین زیاتر لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی خۆمانی تێدا ببینینەوە؟ وەدەست خستنی پشتگیریی نێۆنەتەوەیی بە سەر دوو ڕێگەدا دابەش دەبێ و دیپلۆماسییەتی خۆی دەوێ. یەکەم بریتییە لە دیپلۆماسییەتی پێتەختەکان؛ واتە کارکردن لە پێتەختی وڵاتانی بڕیاردەر یان کاریگەر. ئەوەیان کادری دیپلۆماتی شارەزای سیاسەت و پێوەندیی نێونەتەوەیی پێویسته‌. لە ئێستادا پێوەندییەکان لەگەڵ دنیای دەرەوە زیاتر حیزبی یان شەخسین. لەکاتی هەبوونی بەرە یان چوارچێوەیەکی یەکگرتووی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتدا، دەتوانرێ تیمی دیپلۆماسی لە حیزبییەوە بگۆڕدرێ بۆ گرووپی کار. واتە هەموو پێوەندییەکان ڕێک بخرێ لە قازانجی گەل. بێگومان لەو حاڵەتەدا زیاتر و باشتر لە موعادڵاتەکاندا جێگه‌ت دەبێتەوە. ڕێگەی دووهەم یان هەمان دیپلۆماسییەت لە ئۆرگانە نێونەتەوەیی و بڕیاردەرە نێونەتەوەییەکان، بریتییە لە کاری ژمارەیەک شارەزای بواری یاسا و ئۆرگانە نێۆنەتەوەییەکان بۆ وەدەستهێنانی پشتگیریی یاسایی بۆ دۆزەکە. بۆ نموونە چەندین ئۆرگانی گرینگی دنیا وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان، پارلمانی ئوووپا و هێندێک یەکیه‌تیی ناوچەیی وەکوو یەکیه‌تیی وڵاتانی عەڕەبی، وڵاتانی کەنداو، ئەمریکای لاتین، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و... نیزیکبوونەوە لە هەر کام لەو کۆڕانە گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە و دەبێ کاریان بۆ بکرێ. لە ئێستادا دوو ناوەندی گرینگ کە دەبێ وزەیەکی زیاتری بۆ دابنرێ، بریتین لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیه‌تیی ئوڕووپا. پشتگیریی یەکیه‌تیی ئوڕووپا بۆ حکوومەتی ئێران و درێژبوونەوەی تەمەنی ئەو حکوومەتە بەهۆی پشتگیری و ئاسانکارییەکانی ئەو یەکیه‌تییە ئاشکرا و بەرچاوە. بۆیە کوردی ڕۆژهەڵات دەبێ بە بەشداریی بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی یەکیه‌تیی ئوڕووپادا سەرەتا تۆڕی پێوەندی درووست بکا. ئەوەی کە کەجەکە و کوردی باکوور کردوویانە جێگه‌ی بایەخە. ئەوان بە هەبوونی بەردەوام توانیویانە تەنانەت لە پشتگیریی کوردی باکوور و تورکیەدا بڕیار درووست بکەن. کەواتە کوردی ڕۆژهەڵاتیش دەبێ لە بروکسێل دەستەی دیپلۆماسی دامەزرێنێ. ئەدی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا؟ لە بواری کار لە نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا، لە ئێستادا ژمارەیەکی کەم کوردی ڕۆژهەڵات چالاکن. ئەگەرچی ئەو ژمارەیە بەس نییە و ئەو کارە کادری زۆر لەوە زیاتری پێویستە بەڵام بە بەهێزکردن و پشتگیریی ئەو ژمارە کەمەش دەتوانرێ تا ڕادەیەک کاری باشتر بکرێ. بێگومان ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ئاماری و بەڵگەمەند یەک لەو شتانەیە کە دەتوانێ بەرچاوڕوونی زیاتر بداتە ڕاپۆرتێر و ئۆرگانە چاودێرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆیە بەپێک هاتنی کۆمیتەی مافی مرۆڤی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و هاوکاری لە گەڵ چالاکانی ئەو بوارە لە نێوخۆ و دەرەوە، دەتوانێ کاریگەرییەکی باشی هەبێ لە وەرگرتنی بڕیار بە قازانجی کوردەکانی ڕۆژهەڵات و خوراسان.