کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانتۆلۆژیی پێشمەرگە (پارێزەری ماف و ئازادی نەک کەرەستەی دەسەڵات)

02:20 - 1 بەفرانبار 2718

چەمکی پێشمەرگە چییە؟ پێشمەرگە کێیە؟ ئامانج و ئەرکەکانی کامانەن و لە پێناوی چیدا تێ دەکۆشێ؟ چ شتێک پێشمەرگە لە چەکدارێکی ئاسایی جیا دەکاتەوە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن لەم نووسینەدا بە کورتی تەتەڵەیان دەکەین. دەکرێ پێکهاتە و چوارچێوەی باسەکە بەم شێوەیە دابڕێژین و هێڵە گشتییەکانی ئاوا ڕەنگڕێژ بکەین: ئێمە لەگەڵ دوو پێناسە بەرەوڕووین، لەگەڵ دوو ڕەهەند یان ڕووکار بەرەوڕووین: ڕەهەندیی بنچینەیی و دیوی ناوکیی چەمکی پێشمەرگە و ڕەهەندی سەرخان و ڕوخساری پێشمەرگە. یان باشترە بڵێین لەگەڵ جەوهەر و سروشتی پێشمەرگە لە لایەک و، فۆڕم و دەرکەوتەکانی پێشمەرگە لە لایەکی دیکە. پێشمەرگە لە سروشت و جەوهەری خۆیدا و بەدوای ئەمەشدا لە کارکردیدا، سیستمێکی ماناییە، چوارچێوەیەکی ڕوانینە، کە ئاغا و کۆیلەتی دەباتە ژێر پرسیار و دژایەتیی دەکا و، دەیەوێ خۆی سەروەر و بڕیاردەری ژیانی بێ. لە لایەکی دیکەش پێشمەرگە لە شێوە و فۆڕمێکی دیاریکراوی هێزێکی نیزامی و چەکداردا بەرجەستە دەبێ. ئەوەی بە لای منەوە گرینگترە، پێناسەی یەکەمە، نە لەبەر ئەوەی کە لە بایەخی پێناسەی دووەم یان ڕەهەندی دووەم کەم بکەمەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە پێناسەی یەکەم لە ڕووی وجوودییەوە، دەستپێک و بنەمای پێناسەی دووەمە. پێناسەی دووەم تەنیا شکڵ و فۆڕمێکی دیاریکراو و کۆنکرێتی جەوهەر و فەلسەفەی پێشمەرگەیە. وەک لە نێوئاخنی ئەم وتارەشدا شی دەکرێتەوە، ئەم نێوەرۆک و سروشتە دەکرێ فۆڕم و شێوەی دیکەش وەربگرێ؛ جیاواز و هاوتەریب و هاوئاڕاستە لەگەڵ فۆڕمی چەکداریدا. هەروەها نێوەرۆکی ئەم وتارە لەسەر دابەشکاریی دوو قۆناغی پێش و پاش ڕزگاریدا و، چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی پێشمەرگە لە هەرکام لەو قۆناغانەدا، بیچم و شکڵ دەگرێ. واتە ئەم شیکردنەوەیە دەچێتە نێو چوارچێوە و قاڵبی ئەم قۆناغبەندییەشەوە. لەم وتارەدا پێناسەیەک لە پێشمەرگە دەخرێتە ڕوو، کە زیاتر پێناسەیەکی "تجویزی" و بەهامەندە، واتە پێشمەرگە دەبێ وابێ. لە وتەیەکدا دەتوانین ئاوا بڵێین: پێشمەرگە مرۆڤێکی ئازادە، کە لە پێناو دەستەبەریی ماف و ئازادیدا تێدەکۆشێ. ئێستا ڕۆدەچین بە ناخی ئەم چەمکەدا و ئەسڵ و ئەساسی پێشمەرگە ڕوون دەکەینەوە. چەمکی پێشمەرگە هەڵگری بەرهەڵستیی زوڵم، خۆڕاگری و، بەرەنگاریی داگیرکەری و چەوسانەوەیە. ئەم چەمکە ڕۆحی بەرجەستەی خەباتە. چەمکێکە کە زێهنییەت و بەرجەستەبوونی مادیی خەباتی، لە خۆیدا ئاوێتە و یەکانگیر کردووە. پێشمەرگە مرۆڤێکی وشیارە کە بیری ئازاد لە زەینیدا چەکەرەی کردووە و پێگەیشتووە و، ئامانجی ئەوەیە خۆی سووژە و بکەری ژیانی بێ. چەمکی پێشمەرگە ئامرازبوونی مرۆڤی کورد و ئۆبژە و بابەت بوونی، دەباتە ژێر پرسیار و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەڕانەوەی بکەر و سووژەبوونی مرۆڤی کوردە؛ سووژە و بکەرێکی ناسکار و خودموختار و ئازاد، کە خۆی پێوەندییەکانی ژیانی ڕێک بخا و دایبڕێژێ؛ خۆی ژیانی دیزاین بکا و بینەخشێنێ و ئاڕاستەکه‌ی دیاری بکا. پێشمەرگە ئۆگری شەهیدبوون و ئاشقی مەرگ نییە؛ لە پێناوی ژیانی نادیاری پاشەڕۆژدا ناجەنگێ، بەڵکوو لەپێناوی ژیاندا، لە پێناوی ژیانی خۆی و مرۆڤەکانی دیکەدا دەجەنگێ. پێشمەرگە ژیاندۆستە و بەگژ مەرگدا، بەگژ ئەوانەدا، کە مافی ژیان لە مرۆڤەکان دەستێننەوە، بۆ ئەوەی ئاغایەتیی خۆیان بسەلمێنن و بەردەوام بکەن، دەچێتەوە. پێشمەرگە لە پێناوی بەرژەوەندیی دەسەڵاتداراندا، ئازادیی مرۆڤەکان زەوت ناکا، چونکە ماهییەت و جەوهەری پێشمەرگەبوون خەباتە لە پێناوی ژیانێکی ئازادانەدا، کە مرۆڤەکان وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و لە مافە سروشتی و وجوودییەکانی خۆیان بەهرەمەند بن. لەژێر تیشکی ئەم مانا جەوهەری و گشتگیرەی سەرەوە، پێشمەرگە لە فۆڕمی هێزێکی چەکداردا، لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورددا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە. لە قۆناغێکی دیاریکراودا، ڕۆڵی هێژمۆنیکی هەبووە و ڕەهەندەکانی دیکەی خەباتی بردۆتە ژێر باندۆر و کاریگەریی خۆیەوە. بە هەموو ئەو گرینگییەی کە هەیەتی، پێشمەرگە وەک هێزێکی چەکدار، بەشێکی پازێلی خەباتی کوردە و بەپێی هەلومەرجەکان ڕۆڵی دیاری دەکرێ. بەم پێیە پێشمەرگە لەگەڵ توخمەکانی دیکەی جڤاک و لە بەستێنی پێویستییەکانی خەباتدا، نەقشی هەیە و، وەک فاکتەرێکی بزوێنەر و ناوکیی کۆمەڵگە، پێوەندییەکی دوولایەنە و ئۆرگانیکی لەگەڵ کۆمەڵگە هەیە. پێشمەرگە مرۆڤێکی یاخییە دژی سیستم، ئەو سیستمەی قبووڵ نییە کە لەسەر بنەمای ئاغا و کۆیلەتی ڕۆ نراوە. پێشمەرگە تەنیا لە پێناوی خۆیدا یاخی نابێ بەڵکوو لە پێناوی هەموواندا ڕادەپەڕێ و هەمووانیش بانگهێشت دەکا لە دژی سیستمی چەپێنەر و کۆیلەکەر ڕاپەڕن. لە ڕاستیدا هاواری پێشمەرگە، هاواری هەمووانە. پێشمەرگە ڕووبەرێک و شێوەیەکی لە خەبات هەڵبژاردووە بۆ بەدەستهێنانی ماف و ژیانی ئازاد. لە پاڵ ئەم ڕووبەر و شێوە خەباتەدا، ڕووبەر و شێوە خەباتی دیکە هەن کە دەکرێ لە ڕێگایانەوە دژایەتیی سیستم بکرێ. ئەو دژی پاوانخوازی و مۆنۆپۆلخوازییە؛ نە لە قۆناغی شۆڕشدا ڕووبەرەکانی خەبات پاوان دەکا و نە دوای ڕزگاریش، کایە جۆراوجۆرەکانی ژیان مۆنۆپۆل دەکا. لە هەر دوو قۆناغەکەدا پلۆڕالیزم و فرەچەشنی ڕەچاو و پیادە دەکا و جڵەوی ئەسپی سەرکەشی زێدەخوازیی ناوکیی خۆیشی، وەک مرۆڤ، دەکا. پێشمەرگە هیچ کات نایەوێ فرەڕەنگیی ژیان بکوژێ و تەنیا ڕەنگێکی تایبەتی لێ ‌بدا. خەبات لە دژی سیستمی سەرەڕۆ کورت ناکرێتەوە بۆ کایەیەکی سیاسی و حیزبی. زۆر کایە، وەک کایەکانی: کولتووری، ئەدەبی، ژینگەیی و فکری هەن، کە دەکرێ لە ڕێگایانەوە کاری خەبات و شۆڕشگێڕی بکەی. خەبات و شۆڕشگێڕی لە شێوە و فۆڕم و کایەیه‌کدا قەتیس ناکرێ و نابەسترێتەوە. پێشمەرگە بە ئەقڵییەت و میکانیزمی سیستمی داسەپێنەر ئیش ناکا؛ وک ئەو، دابەشکاریی "منی باش" و "ئەویدیی خراپ" ناکا، کە ئەویدیی خراپ شایانی پەراوێزخستن و سڕینەوە بێ. بەو ئەقڵییەتە ناجووڵێتەوە کە هەر کەس لەگەڵ من نەبوو خراپە و، ئەوەی لەگەڵ منیشە باشە و شایانی دەرەتان پێدانە. پێشمەرگە پنتێک، ڕەگەزێک، ئەکتەرێک و کاراکتەرێکی خەباتە، لە پاڵ هەموو پنت و ڕەگەز و ئەکتەرەکانی دیکەی کۆمەڵگەدا و، لەگەڵ ئەواندا دەتوانێ لە ئامانجی نیزیک بێتەوە و پێی بگا. باری خەبات قورسە و بەتەنیا بە پێشمەرگە هەڵناگیرێ، بۆیە پێویستە لە پلاتفۆڕم و ئاڕاستەیەکی هاوبەشدا، هەموو ئەکتەر و کاراکتەرەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەشێک لە قورسایی ئەو بارە هەڵبگرن. یان دەکرێ ئاواش بڵێین کە، چەمکی پێشمەرگە بە مانا فراوانەکەی و، بانتر و بەرینتر لە هێزێکی چەکدار، هەموو ئەوانەش دەگرێتەوە کە لەم پلاتفۆڕم و ئاڕاستە هاوبەشەدا بەشدارن و ڕۆڵ دەگێڕن. دوای قۆناغی ڕزگاری و لە قۆناغی دەسەڵاتداریدا، پێشمەرگە سوپایەکی نیشتمانییە کە نیشتمان دەپارێزێ و زەمینە دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لەوێدا، مومارسە و پراکتیکی ئازادیی خۆیان بکەن؛ نابێتە مەقاش و میلیشیای هیچ حیزب و گرووپ و دەسەڵاتێک، کە ئەوانەی لە چوارچێوەی ئەجێنداکانیدا نەجووڵانەوە، سەرکوت و دەمکوتیان بکا. هەر کەسێک بوو بە چەکداری لایەنێک، بەکردەوە ناتوانێ پێشمەرگە بێ. پێشمەرگەبوون مانایەکی جیاواز و بەرینتری هەیە و بەو چەکدارەی کورد دەگوترێ کە گرێدراو و پابەندی چییەتی و فەلسەفەی چەمکی پێشمەرگە بێ. لەژێر تیشکی ئەم پێناسەیەدا، پێشمەرگە و خەبات و ئازادی پێکەوە گرێدراون. خەباتی پێشمەرگە بۆ ئازادییە، ئازادیی تاک و کۆمەڵگە؛ ئازادیی ڕێکخستنی دڵخوازانەی ژیانی بەکۆمەڵ و تاکەکەسی. هەرکات ئەم ئازادییەی بەربەست کرد ئەوا لەگەڵ فەلسەفەی وجوودیی خۆی کەوتۆتە ناتەبایی و ناکۆکییەوە و خاڵێکی کۆتایی لە بەردەم خۆیدا داناوە. واتا پێشمەرگە تەنیا بە لادان لە سروشت و جەوهەریی خۆی دەبێتە چەپێنەری ئازادییەک، کە خۆی لە پێناویدا فیداکاری کردووە. پێشمەرگە ئازادی هەڵناپەسێرێ بۆ پاشەڕۆژ؛ لە هیچ قۆناغێکدا ملکەچی قبووڵ ناکا. مێژووی گەلانی جیهان نیشانی داوە ئەوانەی پراکتیککردنی ئازادی بۆ داهاتوو دوا دەخەن، لە داهاتووشدا بە بیانووی دیکە دەیچەپێنن و سەرکوتی دەکەن. ئەگەر پێشمەرگە و کورد خوازیاری ڕاگرتنی پرێستیژی پێشمەرگەن، پێویستە لە هەموو قۆناغەکاندا پاڵپشت و پارێزەری ئازادییەکان و بایەخە مرۆییەکان بن. کۆتا قسە ئەوەیە کە، ئازادیی سەرەتا و کۆتایی خەباتە و، خەباتی پێشمەرگەش لەم پێناوە دایە.