کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە "ستراتێژیی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ"دا

02:23 - 1 بەفرانبار 2718

کۆتایی شەڕی سارد بووە هۆی سەپاندنی بۆچوونێکی نوێ لەنێو سیاسەتمەدار و لێکۆڵەران لەبارەی مەزنترین چالشەکانی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتە یەکگرتووەکان. سەرهەڵدانی ئەلقاعیدە و تاوانکارانی سایبەری و لایەنە مەترسیدارەکانی دیکە، هەڕەشەی ئەکتەرانی ناحکوومیی سەلماند. بەڵام بەهەمان ڕادەی مەترسیداری، زیندووبوونەوەی ڕێژیمی سەرەڕۆ، دەوڵەتانی تاوانکارە کە دژی نۆرمە نێونەتەوەییەکان دەوەستنەوە، ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان ناگرن و دژی ئاسایشی گەلی ئامریکا، هاوپەیمانانی وڵاتە یەکگرتووەکان و باقی دنیا دەجووڵێنەوە.

سەرەکیترین ڕێژیمەکانی لەو چەشنە کۆرەی باکوور و ئێرانن. پێشێلکاریی ئەوان دژی ئاشتیی جیهانی زۆرن، بەڵام هەردوو دەوڵەت بەدناوترینن لەبەر تەرخانکردنی دەیان ساڵ کات بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمی بەپێچەوانەی یاساغکرانە نێونەتەوەییەکان. سەرەڕای ئەوپەڕی هەوڵی دیپلۆماسیی واشینگتۆن، پیوونگ یانگ فێڵی لە بڕیاردەرانی سیاسیی وڵاتە یەکگرتووەکان، بە ژێرپێخستنی زنجیرەیەک ڕێککەوتنی کۆنتڕۆڵی چەکوچۆڵ کە دەگەڕێنەوە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتیی جۆرج ئێچ دەبلیوو بوش، کرد. بەرنامەکانی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکی کۆرەی باکوور بەخێرایی درێژەی پێدرا، تا ئەو ئاستەی کاتێک دۆناڵد ترامپ هەڵبژێردرا، باراک ئۆباما پێی گوت کە ئەوە دەبێتە مەزنترین چالنجی ئاسایشی نەتەوەیی ترامپ. ئێرانیش بە هەمان شێوەیە، ئەو رێککەوتنەی بەرجام، کە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما لە ٢٠١٥ واژۆی کرد لە کۆتاییهێنان بە خولیا ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە شکستی هێنا. بە کردەوە، چونکە ئێران دەیزانی کە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما پێشتریه‌تی بە پاراستنی ڕێککەوتنەکە لە جیات هەموو شتێکی دیکە دەدا، بەرجام لە لایەن ڕێژیم وەک لێبوردەیی لە سزادران سەیر دەکرا کە ڕێگای پێ دەدا پشتیوانی بۆ چالاکییە بەدکارانەکانی زیاد بکا. ڕێککەوتنەکە بە هەمان شێوە پارەیەکی بەرچاوی نایە بەر دەست تاران، کە ڕێبەری گەورە بۆ پشتگیریی هەموو چەشنە تێرۆریزمێک لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا (کە بەکەمی بەرپرسیار کراوە) کەلکی لێ وەرگیرا کە بۆتە هۆی بڕەودان بە سامانە ئابوورییەکانی ڕێژیم کە بە هەناردە کردنی شۆڕشەکەی بۆ دەرەوەی وڵات و سەپاندنی لە نێوخۆ وەفادارە.

ئەوەی کە هەڕەشەکانی کۆرەی باکوور و ئێران لە دوای شەڕی عێڕاق پەرەیان ئەستاندووە، پرسی چۆنیەتیی بەرپەرچدانەوەیان بە باشترین شێوە ئاڵۆزتر بووە، ئه‌مریکاییەکان حەقیانە کە لەبارەی تێچووەکانی تێوەگلانی درێژمەودای سەربازی لەژێر ناوی پارێزران لە چەکوچۆڵی کۆمەڵکوژ بە گومان بن. گیروگرفتەکانی عێڕاق ئێستاش لە یاد ماون و ڕێککەوتنەکانی پێشوو بۆ پێشگرتن بە هەڕەشەکانی کۆرەی باکوور و ئێران ناکاراییان سەلمێندراوە، پێشگرتن بە زیانەکانی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیانە پارادایمی نوێی سیاسی دەخوازێ.

دەستبەکار بوونی سەرۆک کۆمار ترامپ. بۆ هەموو ئەو خاوەن پلەوپایانەی واشینگتۆن کە نیگەرانی شێوەی هەڵسوکەوتی نێونەتەوەیی ناوبراون، سیاسەتی ئەو پشت ئەستوور بە هەڵوێستێکی بەئانقەستە کە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ ڕێژیمە یاساشکێنەکان بەکەلکە.

دۆکترینی ترامپ    

هەم لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردن و هەروەها لە کاتی بەڕێوەبەریی، سەرۆک کۆمار ترامپ بە ئاشکرا باسی پێویستی ڕێبەریی بوێرانەی ئه‌مریکا بۆ دانی پلەی یەکەم بە بەرژەوەندییە ئەمنییەتییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی کردووە. ئەو پڕەنسیپە عەقڵانییانە هەڵوێستی دڵخوازی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما "ڕێبەریکردن لە دواوە"، وەردەسووڕێنێ، ستراتێژییەکی سازشکارانە کە بەهەڵە وای دەنواند کە دەسەڵات و نفووزی ئه‌مریکا بەرەو لاواز بوونە. ڕێبەریکردن لە دواوە کۆرەی باکووری کردە مه‌زنترین هەڕەشەی تا ئێستا. ڕێبەریکردن لە دواوە لە باشترین حاڵەتدا هەوڵی ئێرانی بۆ بوون بە دەسەڵاتی ئەتۆمی وەدوا خست، لە کاتێکدا کە ڕێگه‌ی بە کۆماری ئیسلامی دا کە نفووزە بەدخوازانە و هەڕەشە تێرۆریستییەکانی پەرە بستێنن.

ئەمڕۆ هەر دوو کۆرەی باکوور و ئێران هۆشدارییان پێ دراوە کە وڵاتە یەکگرتووەکان ئیجازە نادا کە چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانیان پاشگوێ بخرێن. کەمپەینی فرەنەتەوەیی توند کە وڵاتە یەکگرتووەکان دژی کۆرەی باکوور گرتوویەتییە پێش، لەگەڵ لێدوانە ڕوون و ئاشکراکانی سەرۆک کۆمار کە وڵاتە یەکگرتووەکان بەرگری لە بەرژەوەندییە حەیاتییەکانی، ئەگەر پێویست بێ بە کەلکوەرگرتن لە هێز دەیکا هەلەکانی بۆ وتووێژ کە لوتکەیان چاوپێکەوتنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک کیم یوونگ ئون لە سەنگاپوور لە ژوئەنی ڕابردوو بوو، ڕەخساند. ئەوە لەوێ بوو کە سەرۆک کیم بەڵێنی دا کە کۆرەی باکوور بەیەکجاری و بەشێوەیەک کە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ لە چەکی ئه‌تۆمی داماڵدرێ. کۆرەی باکوور لە ڕابردووشدا بەڵێنی ئەوتۆی داون، بەڵام بە پێچەوانەی جارەکانی پێشوو، ئەوە یەکەم جار بوو کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێبەرەوە بۆ ڕێبەر بەڵێنی داماڵینی چەکی ئەتۆمی درا. ئەوە لەوانەیە دەرخەری ئاڵوگۆڕێکی بەرچاوی ستراتێژیی سەرۆک کیم بێ یا لەوانەشە وا نەبێ و، ئێمە کاری زۆرمان لەپێشە بۆ مەزەندە کردنی مەبەستەکانی و دڵنیا بوون لە بەڕێوەبردنی بەڵێنەکانی. بەڵام هەڵوێستی سەرۆک کۆمار ترامپ ئەو دەرفەتەی ڕەخساند کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە پرسێکی حەیاتیی ئاسایشی نەتەوەیی چارەسەر بکرێ کە ماوەیەکی دوورودرێژ بڕیاردەرانی سیاسی نیگەران کردبوو. سەرۆک کۆمار، نوێنەری تایبەتی ئێمە بۆ کۆرەی باکوور (ستێفن بیگان) و من بە چاو ئاواڵەییەوە درێژە بە کارەکانمان دەدەین تا ئەو هەلە بقۆزینەوە.

لە پەیوەندیی لەگەڵ ئێران، بە هەمان شێوە، بەڕیوەبەرایەتیی ترامپ کەمپەینی "ئەوپەڕی زەخت" بەڕێوە دەبا کە مەبەستی وشک کردنی سەرچاوەی ئەو داهاتانەیە کە ڕێژیم و بە تایبەتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، کە بەشێکە لە هێزی سەربازیی ئێران کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی ڕێبەریی گەورە دایە، بۆ دابینکردنی دارایی توندوتیژییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس لە ناوچەکانی فەلەستین، ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە، یاخیبوانی حوسی لە یەمەن، میلیشیا شیعەکان لە عێڕاق و بەکرێگیراوەکانی کە بە شێوەی نهێنی لە سەرانسەری دنیا خەریکی پیلان گێڕانن، کەلکی لێ وەردەگرن.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆک کۆمار ترامپ تێوەگلانێکی دیکەی درێژخایەنی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یا هەر شوێنێکی دیکە ناوێ. ئەو بە ئاشکرا باسی ئاسەوارە ترسناکەکانی داگیرکاریی عێڕاق لە ٢٠٠٣ و دەستێوەردان لە لیبی لە ٢٠١١ی کردووە.  هەندێک بەناو پسپۆڕ هەوڵ دەدەن ئەو ترسە بخەنە نێو دڵی خەڵکەوە کە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە خەریکە وڵاتە یەکگرتووەکان تووشی شەڕ دەکا، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە ئه‌مریکاییەکان سەرۆک کۆمارێکیان هەیە کە، لە کاتێکدا کە لەوە ناترسێ کە هێزی سەربازی بەکار بێنێ (لە داعش، تالیبان و ڕێژیمی ئەسەد بپرسن)، حەزیشی لە بەکارهێنانی نییە. هێزی سەربازیی زەبەلاح هەمیشە وەک پشتیوانێک بۆ داکۆکی لە خەڵکی ئه‌مریکا لەبەر دەستانە، بەڵام نابێ یەکەم بژاردە بێ.

لایەنێکی دیکەی دیپلۆماسی سەرۆک کۆمار ویستی ناوبراو بۆ وتووێژ لەگەڵ سەرسەختترین بەرهەڵستکارانی وڵاتە یەکگرتووەکانە. هەر وەک لە مانگی جولای گوتی، "دیپلۆماسی و وتووێژ لە دوژمنایەتی و ناکۆکی باشترە." بڕوانە  هەڵوێستی بەرامبەر بە کۆرەی باکوور: دیپلۆماسی ئەو لەگەڵ سەرۆک کیم کێشەیەکی هێور کردەوە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبۆوە.

تەواوکەری ویستی سەرۆک کۆمار بۆ وتووێژ  دژایەتی غەریزەیی ئەو بەرامبەر بە ڕێککەوتنی خراپە. تێگەیشتنی ئەو لە گرینگیی دەسەڵات لە گشت دانووستانێکدا ئەگەری واژۆ کردنی ڕێککەوتنی زۆر خراپ وەک بەرجام لەنێو دەبا. ئەو ئامادەیە کە لەگەڵ بەرهەڵستکارانی وڵاتە یەکگرتووەکان ڕێککەوتن بکا، بەڵام ئەو لە کشانەوە لەو دانووستانانە کە قازانجیان بۆ  بەرژەوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان نییە سڵ ناکاتەوە. ئەوە بە توندی بە پێچەوانەی هەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما لە پەیوەندیی لەگەڵ بەرجامە، کە لەوێ مامەڵەکە خۆی بوو بە ئامانج جا بە هەر نرخێک بێ.

لە کاتی بیرکردنەوە لە ڕێککەوتنی داهاتوو لەگەڵ کۆرەی باکوور کە گەلێک لە بەرجام باشترە، ئێمە ئامانجەکانمان بەو شێوەیە باس کردووە "بە شێوەی کۆتایی، داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە نیمچە دوڕگەی کۆرە بە شێوەیەک کە بکرێ بە تەواوی بسەلمێندرێ، کە سەرۆک کیم یوونگ ئون پەسندی کردووە". "بەشێوەی کۆتایی" بەو مانایەیە کە هیچ ڕێگایەک بە کۆرەی باکوور نادرێ کە هەرگیز بەرنامەی چەکی کۆمەڵکوژ و مووشەکی بالیستیکی هەبێ، شتێک کە بەرجام نەیتوانی لەگەڵ ئێران دەستەبەری بکا. "بەتەواوی سەلمێندراو" بەو مانایەیە کە ستانداردی سەلماندنی بەهێزترە لە هی بەرجام، کە لەگەڵ کەمایەسیی دیکە، داوای پشکنینی دامەزراوە سەرەکییە سەربازییەکانی ئێرانی نەکردووە. وردەکارییەکانی نێوەرۆکی ڕێککەوتنی کۆرەی باکوور جارێ ماویەتی کە دانووستانی لەسەر بکرێ، بەڵام "بەشێوەی کۆتایی" و "بەتەواوی سەلمێندراو" ئەو خاڵانەن کە سازشیان لەسەر ناکرێ.

هەڕەشەی ئێران

هۆگریی سەرۆک کۆمار ترامپ بۆ ئەمنییەتی خەڵکی ئه‌مریکا، لەگەڵ دژایەتیی ناوبراو لەگەڵ بەکارهێنانی هێزی سەربازی کە پێویست نەبێ و ویستی ناوبراو بۆ وتووێژ لەگەڵ بەرهەڵستکاران، چوارچێوەیەکی نوێی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمە سەرەڕۆکان درووست کردووە و ئەوڕۆ هیچ ڕێژیمێک لە هی ئێران سەرەڕۆتر نییە. ئەوە لە ١٩٧٩ بەولاوە، کاتێک کە تاقمێکی بچووک لە شۆڕشگێڕی ئیسلامی دەسەڵاتیان گرتە دەست، بە هەمان شێوە بووە. بیری شۆڕشگێرانەی ڕێژیم لەو کاتەوە هاندەری ئاکارەکانی بووە، لە ڕاستیدا ماوەیەکی کورت دوای دامەزرانی، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هێزی قودسی دامەزراند، یەکەیەکی تایبەتی کە ئەرکی هەناردە کردنی شۆڕشەکەی بۆ دەرەوە لە ئەستۆیە. لەوکاتەوە، کاربەدەستانی ڕێژیم هەموو ئەرکە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی، لە نێویاندا ئەرکەکانیان بەرامبەر بە خەڵکی ئێران، خستۆتە ژێرەوەی ئەرکی هەناردە کردنی شۆڕش.

لە ئاکامدا، لە چوار دەیەی ڕابردوودا ڕێژیم بۆتە هۆی ڕێژەیەکی بەرچاو لە وێرانی و ناسەقامگیریی، ئاکاری خراپ کە بە بەرجام کۆتایی نەهات. ڕێککەوتنەکە بۆ هەمیشە پێشی بە ئێران نەگرت کە وەدوای چەکی ئەتۆمی نەکەوێ، لەڕاستیدا، لێدوانی مانگی ئاپریلی بەرپرسی پایەبەرزی ئەتۆمی کە ئەو وڵاتە دەتوانێ بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە چەند ڕۆژدا دەست پێ بکاتەوە ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەوان بەرنامەکەیان هێندە وەدوا نەکەوتووە. ڕێککەوتنەکە جموجۆڵە توندوتیژانە و ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران لە ئەفغانستان، عێڕاق، لوبنان، سووریە، یەمەن و غەززەشی کەم نەکردەوە. ئێران ئێستاش مووشەک دەدا بە حوسییەکان کە عەڕەبستانی سعوودی دەکەنە ئامانج، پشتگیریی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەکا و لاوانی ئەفغانی، عێڕاقی و پاکستانی بۆ شەڕ و کوژران لە سووریە هەڵدەخەڵەتێنێ. لە سایەی سەری یارمەتییەکانی ئێران، داهاتی شەڕکەرێکی حیزبوڵڵای لوبنان دوو تا سێ هێندەی ئاگرکوژێنی تارانییە.

لە مانگی مای ٢٠١٨، سەرۆک کۆمار ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە چونکە ڕێککەوتنەکە بە ئاشکرا داکۆکی لە ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتە یەکگرتووەکان یا هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان نەدەکرد، ئەو بە هەمان شێوە ئێرانیشی ناچار نەدەکرد کە وەک وڵاتێکی ئاسایی ڕەفتار بکا. لە جولای، دیپلۆماتێکی ئێرانی کە لە ڤییەن کاری دەکرد بە هۆی دابینکردنی تەقەمەنی بۆ ئەو تێرۆریستانەی کە دەیانهەویست لە کۆبوونەوەیەکی سیاسی لە پاریس بۆمب دانێن، دەستبەسەر کرا. ئەوە بەو مانایەیە کە لە کاتێکدا کە ڕێبەرانی ئێران هەوڵ دەدەن قەناعەت بە ئوڕووپا بێنن کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا بمێننەوە، ئەوان بەنهێنی پیلانی هێرشی تێرۆریستی لە نێوجەرگەی ئەو ویشکارۆیە دەدەن. لەسەر یەک، ئاکارەکانی ئێران ئەو وڵاتەی تەریک خستۆتەوە، کە بۆتە هۆی بێهیوایی خەڵکەکەی.

درێژەی هەیە...