کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆکارەکانی ترسی خامنەیی لە ساڵی دادێ

03:35 - 1 بەفرانبار 2718

سەرەڕای هاتوهووتەکانی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوەی کە کۆمەڵگەی ئێران توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هەموو کێشەیەک هەیە و تەنانەت سیاسەتی دوژمنکارانەی ئەمریکا و تەحریمەکانیش ناتوانن پشتی ئەوان بچەمێنن، جاربەجار لە دەستیان دەردەچێ و هیچ شتێک ناتوانێ پێش بە شاردنەوەی ترس و نیگەرانییەکانان بگرێ. چل ساڵە و هەموو جارێ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی و حکوومەتی لە ئێران بە دروشمدان هەوڵیان داوە نییەتە شاراوەکانی خۆیان و کەم و کوڕییەکانی خەڵک و وڵات بشارنەوە. سیاسەتی ناردنەدەرەوە و جیهانگیرکردنی شۆڕشی ئیسلامی کە بە بەردەوامی و بە مەبەستی دەستوەردان لە وڵاتانی دوور و نیزیک و گەورەکردنەوەی دوژمنی دەرەکی، بەشێک بووە لە هەوڵەکانیان بۆ خۆڵ لە چاوکردنی خەڵک و لە پەنایدا پتەوکردنی بناخەی دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەیان بەسەر خەڵکدا. بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام ئازایەتی و خۆڕاگریی ئەم خەڵکەیان کردووەتە هەوێنی پێداهەڵگوتن بە نیزامەکەیان، کە ئیستا ئیتر دوای تێپەڕینی چل ساڵ ڕەنگ و بۆنێکی نەماوە هەتا بتوانن کەسی پێ فریو بدەن؛ بەڵام دیسانیش کاتێ قسە بۆ خەڵک دەکەن چەندپاتکردنەوەی هەمان ئەو پێداهەڵگوتن و درۆیانەیان لێ دەبیسینەوە. کەم نین لەو بەرپرسانە لە سەرۆککۆمارەوە هەتا وەزیر و نوێنەرانی مەجلیس و بەتایبەت وتاربێژانی نوێژی هەینی کە لەلایەن ڕێبەرەوە خۆیان و وتارەکانیان دیاری دەکرێن، کە بە بەردەوامی درۆ دەرخواردی مێشکی خەڵک دەدەن و خۆیان لە باسکردنی ڕاستییەکان دەدزنەوە و ئەم شێوازە بووەتە شێوەیەکی ڕەسمیی ڕاگەیاندنی نیزام. ئەگەر ڕووحانی باس لە بەربەستەکان لەسەر ڕێی دەکا، یا جەواد زەریف، وەزیری دەرەوە باس لە بوونی کێشە دەکا لە نێو دەسەڵاتدارانی ڕێژیمدا و لە نێوچوونی هەموویان بە یەکەوە لە کەشتییەکدا دەخاتە بەر چاویان، بە ئاشکرا دەبینین کە لە گەڵ ئەوەی دەیانەوێ کێشەکان لە چوارچێوەی هێندێک گرفتی نێوخۆییاندا نیشان بدەن، هەست بە شێواوی وەزعەکەیان و ترس لە داهاتوویان پێوە دیارە. بەڵام کاتێ کە خامنەیی ڕێبەری نیزامەکەیان دێتە گۆ، هەموو هەست دەکەن کە کێشەکان لەوە گەورەترن کە بە قسە و باسی پێ بشاردرێتەوە. ئەگەر سەرنج بدەینە وتارەکانی خامنەیی کە لە تەنگانەدا و هەر جارەی بە بیانوویەک کۆمەڵە خەڵکێکی بۆ کۆ دەکەنەوە هەتا لە کۆڕی ئەواندا پەیامەکانی بگەیەنێ، بەڕوونی ئەم ترس و شڵەژاوییەی کە سەراپای دەسەڵاتی ڕێژیمی داگرتوە دەبیندرێ. خامنەیی وەک ڕەواڵی هەمیشەیی دیسانیش بۆ خۆدزینەوە لە باس لە کێشەکانی نێوخۆی وڵات و خەڵکە بێدەرەتانەکەی، پەنا دەباتە بەر گەورەکردنەوەی دوژمنە دەرەکییەکان و بە تایبەت ئەمریکا و دەستوپێوەندە ناوچەییەکانیان بە مەترسی سەرەکی ناو دەبا و وەک ڕەواڵی هەر جارەی بە پێداهەڵگوتن بە خەڵکی قارەمانی ئێران و گەورەیی نیزامەکەی داوای خۆڕاگری و یەکیەتی لە دەستوپێوەندەکانی دەکا. ناوبراو کە نیزامەکەی بە هۆی سیاسەتی مەزنیخوازی و دەسەڵاتخوازانەیەوە لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا بووەتە هۆکاری بە کوشتدانی سەدان هەزار کەس لە مەیدانەکانی شەڕدا و ملیۆنان کەس ئاوارە و پەڕیوەی وڵات بوون و ئەوەیشی ماون لە ژیانی کوڵەمەرگیدا ژیان دەبەنە سەر، دیسانیش بەدوای زیندووکردنەوەی هەستی شەهادەتخوازیەوەیە و دەڵێ «ئەوەی کە خەڵکی ئێران لە چل ساڵی ڕابردوودا لەم ڕێگە پڕ زەحمەت و مەترسیدارەدا لە بەرامبەر هەموو زاڵمانی بەهێزدا وەستان، بە هۆی باوەڕیان بە شەهادەت و ئەم چارەنووسە پڕ شانازییەیە»، بەڵام باس ناکا کە چ شتێک ماوە کە خەڵک شانازیی پێوە بکا. ناوبراو کە دیسانیش بە گەورەکردنەوەی مەترسی پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا دەیەوێ خۆی لە ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران بدزێتەوە، بوونی دوو دەستەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک لەگەڵ دەسەڵات و هاتنە سەر شەقامی خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ڕێژیم و هێنانەگۆڕێی داخوازەکانیان، دەداتە پاڵ ئەوان و دەیەوێ وا نیشان بدا کە خەڵکی ئێران ئێستاش باوەڕیان بە نیزامی کۆماری ئیسلامییە و ئەوە تەنیا چەند گرووپێکن کە بە فیتی ئەمریکا ئاژاوە دەنێنەوە. سەرەڕای هەموو ئەو جۆرە دڵنیا کردنەوانەی خامنەیی سەبارەت بە بەهێزبوون و خۆڕاگری و شکست پێهێنانی پیلانەکانی ئەمریکا لەلایەن ڕێژیمەکەیەوە، ئەو ناتوانێ ترس و دڵەخورپەی خۆی لە خراپی باروودۆخەکە بشارێتەوە و ئەگەر بە ناوی ئاژاوەگێرییەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٩٧ یا پیلانەکانیان بۆ ساڵی ٩٨یشدا بێ، ئاماژەی بە خراپی باروودۆخی ڕێژیم و نیگەرانی لە داهاتووی چارەنووسی ڕێژیمەکەی دەکا. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە بەڕاستی ئەو لە چی دەترسێ؟ ئەوەی ڕاستییە چل ساڵ دەسەڵاتی تاکڕەوانەی خومەینی و خامنەیی لە سەرووی نیزامی کۆماری ئیسلامییەوە، ئێرانی کردووەتە وڵاتێک کە لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە تووشی داتەپین بووە. سیاسەتی ڕێژیم وڵاتی بەرەو ئاقارێک بردووە کە خەڵک هەست بە ئەمنییەت و دڵنیابوون لە داهاتووی ژیانی ناکا. نەبوونی ئازادی، زاڵکردنی باری قورسی ئەمنییەتی و پڕکردنی زیندانەکان لە خەڵکی ناڕازی و ئازادیخواز و لە پاڵ ئەودا، بێکاری و گرانی و کەمتوانایی و بێخەمیی دەسەڵاتداران لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک، بەشی هەرەزۆری چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە چیدی ناکرێ بە دیار دروشمی فریودەرانەی ڕێبەر و دەستوپێوەندەکانیەوە دەستەوئەژنۆ لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە. هەربۆیە هەر ڕۆژەی بەشێک لە چین و توێژە وەزاڵەهاتووەکانی کۆمەڵگە بە هاواری گێڕانەوەی مافە لە دەسچووەکانیان دڕژێنە سەر شەقام و لە جیاتی وڵامدانەوە بە پەیامی شەهادەت تەڵەبانەی خامنەیی، بۆ بە دەستهێنانی مافەکانی خۆیان و هاووڵاتییانیان، لە سەر شەقام گیان دەبەخشن. ئەوان بە بەرزکردنەوەی دروشمی «دوژمنمان هەر لێرەیە بە درۆ دەڵێن ئەمریکایە» پەیامی خۆیان بە گوێی ڕێبەر و نیزامەکەی گەیاندوە و تێیانگەیاندوون کە تەنیا ڕێگەی ڕزگاری، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نیزام و ڕووخانی ڕێژیمێکە کە جگە لە ماڵوێرانی دەسکەوتێکی بۆ خەڵک نەبووە. هەر بۆیە خامنەیی ترسی ڕێ نیشتوە و ئەم ترسەشی بۆ ناشاردرێتەوە کە ساڵی دادێ لەوانەیە ساڵێکی خۆش نەبێ بۆیان.