کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"بەڕووی زێڕین"ی مەریوان بە مامۆستا خدر قادری بەخشرا

16:00 - 1 بەفرانبار 2718

ناوەندی هونەری و فەرهەنگی ڤەژین لە شاری مەریوان خەڵاتی بەڕووی زێڕینی ئەمساڵی خۆی بە بەیت‌بێژ و حەیران‌چڕ مامۆستا خدر قادری ناسراو بە "خلە دەرزی" بەخشی. شەوی ٣٠ سەرماوەز کە هاوکات بوو لەگەڵ شەوی چلە ناوەندی فەرهەنگی ڤەژین وەکوو نەریتی ساڵانە لە ڕێوڕەسمێکی فەرهەنگی‌دا هونەرمەند خدر قادری ناسراو بە "خلە دەرزی" بە کەسایەتیی ساڵی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری هونەر و فەرهەنگەوە ناساند و، خەڵاتی بەڕووی زێڕینی پێشکەش کرد. هەروەها شەوی ڕابردوو ناوەندی فەرهەنگی ڤەرین خەڵاتی ڕێزلێنانی بە هاوژینەکانی دوو شەهیدی ڕێگای سەوزهیشتنەوەی نیشتمان، شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی پێشکەش کرد. شیاوی باسە ناوەندی هونەری و فەرهەنگی ڤەرینی شاری مەریوان ماوەی حەوت ساڵە بۆ ڕێزگرتن لە خزمەتی چەندین ساڵەی هونەرمەندان و نووسەران و چالاکانی فەرهەنگی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان خەڵاتێکی لە ژێرناوی "بەڕووی زێڕین" دیاری کردوەو تائێستا کەسانێک وەکوو " هونەرمەند عوسمان هەورامی ، جەلال مەلەکشا، عەلی‌دوست فەلاحەتی، یەڵدا عەبباسی، عەتا نەهایی و... خدر قادری ئەو خەڵاتەیان پێ‌بەخشراوە. ناوەندی فەرهەنگی ڤەژین لە شاری مەریوان ئەمساڵیش لە دوایین شەوی پاییز و هاوکات لە گەڵ شەوی‌چلە کۆڕێکی فەرهەنگی و ئەدەبی پێکهێنا، کە بەشێکی بەرچاو لە شاعیران و قەڵەمبەدەستانی کورد بانگهێشتی ئەو شەوە فەرهەنگییە کرابوون. لەو کۆڕە فەرهەنگییە‌دا چەندین کەس لە قەڵەمبەدەستان و نووسەرانی کورد بە بۆنەی شەوی چلە کە بۆنێکی کولتووری و فەرهەنگییە بابەت و هۆنراوەکانی خۆیانیان پێشکەش کرد و مامۆستا قوتبەدین سادقی نووسەر و شانۆکار و دەرهێنەری بەناوبانگی کورد لە وتاربێژانی ئەو ڕێوڕەسمە بوو. لە درێژەی ئەو بەرنامە ڕەنگاڵەیەدا پاش پێشکەش کردنی چەند تابلۆ لە میووزیک و هەڵپەڕکێی کوردی، خەڵاتی بەڕووی زێڕینی ساڵی ٩٧ی هەتاوی بە هونەرمەندی بواری بەیت وحەیران، مامۆستا خدر قادری ناسراو بە خلە دەرزی بەخشرا. هونەرمەند خدر قادری خەڵکی شاری سەردەشت چەندین ساڵە بە چڕین و گوتنەوەی بەیت و حەیران خەزمەتێکی بەرچاوی بە مووسیقی فۆلکلۆریکی کوردی کردوە.