کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەلدایەک، لە قەڵای دیموکراتەوە بۆ نێو دڵی نیشتمان

02:24 - 2 بەفرانبار 2718

هەبوو نەبوو، شەو یەلدایەکمان هەبوو.... هەمانبوو، بەڵام وەک نەمانبێ وابوو... هەمانبوو، بەلاشمانەوە خۆشەویست بوو، نەک لە بەر ئەو ئەفسانانەی  ئێرانییەکان دەیڵێن و دەیڵێنەوە و فڕێ بە ئێمەوە نیە، بەڵکوو لە بەر ڕەگی ڕۆچووی بە نێو قووڵایی باوەڕ و فۆلکلۆری نەتەوەکەی خۆماندا، هەروەها چونکە شەوی لە دایکبوونی سەرکردە و کەسایەتییەکی خۆشەویستی مێژووی هاوچەرخمان بوو. بەڵام وەک نەمانبێ وابوو...، چونکە نەمانکردبوو بە نەریتێک کە بیکەین بە بۆنەی لێک کۆبوونەوە و خۆشی نواندن، نەوەک خراپمان بۆ لێک بدەنەوە و بە خراپ لەسەرمان بنووسن کە ڕۆژی لە دایکبوونی کەسایەتییەکی وەک د.قاسملوو دەکەین بە جێژن!! لە ١٥ ساڵ لەمەوبەرەوە، بە هیممەتی  پێشمەرگە لاوەکان و کچ و کوڕە دیموکراتەکانمان ئەو شەوە بەرەبەرە لە سەر حیزب کرا بە ماڵ و، کرا بە شەوی شەواهەنگ و جێژن و خۆشی.  شەوی یەلدای هەر ساڵێکمان بوو بە دەرفەت بۆ ئەوەی لاوەکانمان، لێکمان کۆ بکەنەوە و بە دەم یادکردنەوەی بیر و باوەڕ و ژیان و تیکۆشانی پڕ لە دەرس و لێ فێربوونی د.قاسملووی ڕێبەر، شانۆ و گۆرانی و شێعر و قسەی خۆش و هەڵپەڕکێی کوردیمان پێشکەش بکەن و شەوچەلەی بە هەنار و شووتی نەخشاوی شەوی دەسپێکی زستانمان، ڕازاوەتر بکەن. ساڵانێک یەلدا وا هات و ڕابرد... دوو ساڵ لەمەوبەر، شەمشەمە کوێرەکانی ڕاهاتوو بە جەهل و تاریکی، کە جڵەوی دەسەڵاتی ئێرانیان لە دەست دایە، شەواهەنگی یەلدامانیان بە دەرفەت زانی بۆ ئەوەی ڕق و قینی بێبڕانەوەی خۆیان بە ڕێبوارانی ڕووناکی، بە "دڵی داگیرساو"ی خەباتی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە قەڵای دیموکرات و ئەو کاروانەی بە  قاسملوو، دەناسرێتەوە، بڕێژن. ئەوان هەناری دڵی جوولانەوەیەکیان کردە نیشانەی تاوانە گەورەکەیان و بەشی کوشتنی دەنک دەنکی ئەو هەنارە "تی ئێن تی"یان بۆ هێنابووین. بۆمبەکانی ئەوان "یەلدا" و هەنار و شووتی و ڕەشبەڵەک و گۆرانی و سروود و بەژنی پۆلێک ئازیزی ئەم شەواهەنگەیان نوقمی دووکەڵ و تێکەڵ بە بۆکڕووز و شەڵاڵی خوێن کردین. لە سەر دڵمان بوو بە گرێ کە ئەم تاقە شەوەی ساڵیان، لە بۆنەیەکی خۆشەوە کرد بە ناخۆش، یەلدامان لەمە بەدواوە، لە جیاتی خۆشی کردن، دەبێ بۆ یادی شەهیدانی یەلدای ٢٠١٦ تەرخان بکەین. کارەساتێکی گەورە بوو. لە گەرمەی شادی و خۆشی دا، گیانی ٧ ئازیزی بەشداری ئەم خۆشییەت لێ بستێنن! ئەم تاوانە ئەوەندە تاڵ و گەورە بوو کە نەشێ هەتا ساڵانێکی زۆر لە بیر بچێتەوە. بەڵام کوا، قەدەری نەتەوەی کورد و بە تایبەتی کوا قەدەری تێکۆشەرانی ئەم نەتەوەیە، بەوەی تا ئێرە بەسەریان هاتوە، دەبڕێتەوە؟! دەسەڵاتدارانی دڵڕەشی ئێران، کە دیتیان قەلای دیموکرات و حیزبی دیموکراتی کوردستان، بەم جۆرە تاوانانە بە چۆک دانایەن، ئەم جارە پلانی تاوانی بە سەد قات گەورەتریان داڕشت. ئەم جار بەو چەکانەی دەوڵەتان و زلهێزەکان شەڕی یەکتریان پێ دەکەن، لە قەڵای دیموکراتیان دا و پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانیان کردە ئامانجی مووشەکە دوورمەوداکانیان. تاوانێکی بێ وێنە بە دوای تاوانێکی گەورەدا و، قوربانییەکانی ئەم جاریش بە چەند قات زیاتر و گەورەتر لە هی پێشوو. حیزبێک و جووڵانەوەیەک دەبێ زۆر ڕێشەدار و خەڵکی بن کە بەم  جۆرە زەبرانە نەکەون و هەستنەوە و ڕاست ببنەوە. مانگرتنی گشتیی ٢١ی خەرمانانی ڕابردوو، ٤ڕۆژبە دوای ئەم مووشەکبارانە و ئێعدامی پۆلێک بەندیی سیاسیی کورد، وڵامی خەڵکی کوردستان بە ڕێژیمێک بوو کە کچ و کوڕە بەندکراو و پێشمەرگەکانیان بە بۆمب و مووشەک و سێدارە لێ دەستێنێ. ئەمەی ئەمساڵیش خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شەوی یەلدادا لە زۆر شار و گوندی خۆیان کردیان، وڵامێکی دیکە بوو بەو ڕێژیمەی تاوانەکانی شەوی یەلدای٢٠١٦ و ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵی خوڵقاند. ئەمساڵ لە شەوی یەلدادا، یادی ڕێبەری لەدایکبووی شەوی یەلدا و بیرەوەریی قوربانیەکانی دوو تاوانی "شەوی یەلدای ٢٠١٦" و مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانانی قەلای دیموکڕات ، هاندەری خەڵکی وشیار و بە هەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەمەیداندابوونی خۆیان بسەلمێننەوە. جێژنگرتن وهاوپێوەندی و کۆڕ و ئاپۆرای ئەو خەڵکە و زایەڵەی دروشم و گۆرانی و سروودی "بە پیرۆز بێ ،پیرۆزبێ جێژنی لە دایک بوونت، دنیا بە تۆوە خۆشە کە مانای هەیە بوونت"  لە جەرگەی دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دا، وڵامێکی دیکەی خەڵکی کوردستان بوو بە ڕێبەران و جڵەوبەدەستانی ئەو ڕێژیمە. تاریکیپەرستانی تاوانخوڵقێن هەوڵیان دا یەلدای نەخشاو بەقاسملووی هێما، لەقەلای دیموکرات و بنکەکانی پێشمەرگەدا، تازیەبار و بیدەنگ کەن. کەچی لە بەردەمی بنکە و ناوەندەکانی دەسەلاتدارەتیی خۆیان دا، "یەلدا" لە هەیبەتی جیژنی لە دایکبوونی قاسملووی هێمای خەباتی ڕەوای نەتەوەیەک دا، بە گژیان دا چۆوە. ئەمەش درێژەی هەمان نەریتی ئەو میللەتەیە کە قاسملووی شەهیدکراو لە سەر مێزی وتووێژیان، بە مانگرتنە گشتیەکانی ٢٢ی پووشپەڕی هەر ساڵێک، و بە بەرز راگرتنی یادی لە ژیان و خەباتی ڕۆژانەیاندا، زیندوو کردووەتەوە. شەوی یەلدای ١٣٩٧ ٢١/١٢/٢٠١٨