بە پێی هەواڵی "کۆڵبەرنیوز" ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاویی، کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت کەوتنە کەمینی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، ٢ کۆڵبەر بە ناوەکانی " ئیبڕاهیم محەممەد ڕەحیم" تەمەن ٤٠ ساڵ و "عەتا محەممەدزادە" تەمەن ٤٨ ساڵ خەڵکی سەقز برینداربوون. ئەو دوو کۆڵبەرە بۆ چارەسەری پزیشکیی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری " قەڵادزی"ی باشووری کوردستان کران .
هەروەها کۆڵبەرێکی تر بە ناوی "ستار خزری" تەمەن ٣٦ ساڵ هەر لە ناوچە سنووریەکانی سەردەشت کەوتە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی چەکەکانی هێزەکانی ڕێژیم و بە توندی بریندار بوو و بۆ چارەسەریی پزیشکیی ڕەوانەی شاری مەهاباد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی وەرزانەی "چاونیوز" لە ماوەی ئەم سێ پاییز 70 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەو 70 کەسە 23 کەس کوژراون و 47 کەسیش بریندار بوون. لهو 23 کۆڵبەر و کاسبکاره کە کوژراون، 16 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان لهدهست داوه، 3 کۆڵبەر و کاسبکاریش بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی یان وەرگەڕانی ترۆمبیلەکانیان مردوون و 7 کۆڵبەریش بەهۆی کەوتنە ژێر ڕنوو و مانەوە لە سەرما و بەستەڵەکدا لە سەرما ڕەق هەڵاتوون. لەو 47 کۆڵبەرەش کە بریندار بوون، 43 کۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون و 4 کۆڵبەریش بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی برینیان هەڵگرتووە.