کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووحانی بوودجەی ساڵانەی سپای پاسداران و لق‌وپۆپەکانی زیادتر کرد

16:35 - 5 بەفرانبار 2718

رۆژی سێ‌شەممە ٤ی بەفرانبار حەسەن ڕووحانی سەرۆک‌کۆماری ئێران گەڵاڵەی بوودجەی وڵاتی بۆ ساڵی داهاتوو، ڕادەستی سەرۆکی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی کرد. حەسەن ڕووحانی گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ٩٨ی لە سەریەک خستنی سەرچاوەکان ١٧٠٣هەزار میلیارد تمەن و بوددجەی گشتیی ٤٧٨هەزار تمەن پێشکەش بە مەجلیس کرد. لەو گەڵاڵەیەدا بوودجەی سپای پاسداران و دەنگ وڕەنگی کۆماری ئیسلامی زیادتر لە ساڵی ڕابردوو لە پێش چاو گیراوە و، لە سەر دۆلاری هەشت هەزار تمەن داڕێژراوە. لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی‌دا بوودجەی سپای پاسداران ٢٠هەزارو ٢٣٦میلیارد و ١٩٧میلیۆن تمەن بووە و لە گەڵای ئەمساڵ بۆ ٢٥ هەزارو ٤٧١ میلیارد و ٨٦٤میلیۆن تمەن بەرز بووتەوە. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی "دامەزراوەی نێونەتەوەی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک" لە لەندەن، سپای پاسداران دەسپێڕاگەیشتنی بە سەرچاوەی دارایی لە دەرەوەی بوودجەدا هەیە، کە بە بەکارهێنانیان دەتوانێت بوودجەی خۆی زیاتر بکا. جیا لە سپا پاسداران لق وپۆپەکانی دیکەی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە وەکوو بەسیج، قەرارگا خاتەمولئەنبیا، دەفتەری تەبلیغات ئیسلامی بوودجەی ساڵانەیان زیادتر بووە. باس کردن لە بوودجەی ساڵی داهاتوو، لە کاتێکدایە کە داهاتی وڵاتی ئێران بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە دابەزیوەو ئابووریی ئێران بە هۆکاری هەڵایسان و دابەزینی نرخی تمەن، تووشی قەیرانێکی بێ‌وێنە بووە. شیاوی باسە ئامادەبوونی حەسەن ڕووحانی لە مەجلیس، ناڕەزایەتیی نوێنەرانی مەجلیس بەتایبەتی نوێنەری ئیسفەهانی لێکەوتەوە. چونکە لە بوودجە ساڵی ٩٨ هیچ بڕە پارەیەک بۆ چارەسەری قەیرانی ئاو و، وشکساڵی و خەسارە ژینگەییەکان تەرخان نەکراوە.