کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە سەرلەنوێ میلیتاریزە کرا

19:53 - 5 بەفرانبار 2718

دوابەدوای بەڕێوەچوونی دوو چالاکیی بەرچاو و نەتەوەیی لە شاری سنە، رۆژی سێ‌شەممە ٤ی بەفرانبار کەشێکی ئەمنیەتی بەسەر ئەو شارە زاڵ کراوە. بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵنێری "کوردستان و کورد" لە شاری سنە، ئێوارەی رۆژی سێ‌شەممە لە زۆربەی شەقام و شوێنە گەشتییەکانی ئەوشارە مەئموور و لیباسی شەخسییەکان مۆڵدرا بوون و جموجۆڵی خەڵکیان کۆنتڕۆڵ دەکرد. بەئەمنیەتی کردنی دۆخی شاری سنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێکی کەم‌وێنە بەبۆنەی شەوی چلە "یەڵدا"، خەڵکی بە هەڵوێستی شاری سنە لە هەڵمەتێکی دیکە‌دا شەوی دووشەممە بۆ مەحکوومکردنی بێڕێزی پێشکەشکاری کاناڵی "من وتۆ" و نانەوەی دووبەرکی، ڕژانە سەر شەقام دروشمی نەتەوەییان گوتەوە. شیاوی باسە کاردانەوەکان لە پێوەندی لەگەڵ بێڕێزی پێشکەشکاری کاناڵی"من وتۆ" لە شاری سنەو لە ناوچەکانی دیکە بەردەوامەو بۆتە هۆی پتەوتربوونی هەستی نەتەوەیی لە نێوان خەڵکی شاری سنەو کرماشان. هەر بۆیە ناوەندە ئەمنییەکان لە ترسی دووپات بوونەوەی هاتنە سەرشەقامی خەڵک، شاری سنەیان میلیتاریزە کردووە.