کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی حوکمی بەند کردن و دەسبەسەر کردنی چوارهاونیشتمانیی کورد

19:58 - 5 بەفرانبار 2718

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، هاونیشتمانیەکی کورد بە ناوی "ئازاد ساڵحیان" خەڵکی شاری سەقز، تەمەن ٢٣ ساڵ ، لە لایەن دادگای ئەو شارەوە بە دوو ساڵ زیندان حوکم درا. ناوبراو ڕۆژی ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاویی لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانی شاری سەقزەوە دەسبەسەر و لێپێچینەوەی لە گەڵ کرابوو و تا دەرچوونی بڕیاری دادگا بە بارمتە بۆ ماوەی کاتی ئازاد کرابوو. ئازاد ساڵحیان بە تۆمەتی تەبلیغ بە دژی نیزام و بێڕێزی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی دادگای بە سەرداسەپاوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لە پێوەندیی لە گەڵ تۆمەتبارکردنی لە دەستدا نیە. هەر بەپێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوەیە، هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندی " سووجە"ی سەر بە شاری شنۆ بە ناوی " سەلام مەردان" تەمەن ٢٧ ساڵ، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕەوانە کرا. بەپێی هەواڵێکی تر ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاویی، هاونیشتمانییەکی کورد بە ناوی " ئەهوەن پیرۆتی" کوڕی "ڕەسووڵ" خەڵکی "چەشمە گوڵ"ی ناوچەی شنۆ، بە هۆی بانگەشە بە دژی نیزام و پێوەندیی بە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانەوە حوکمی ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.