کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گرژی نێوان ئێران و ئیسرائیل

22:06 - 27 بەفرانبار 2718

بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیڕانی ئیسرائیل هۆشداریی دایە ڕێژیمی کۆماریی ئیسلامیی ئێران کە هەرچی زووتر خاکی سووریە بەجێبێڵێ و بە پێچەوانەوە ئیسڕائیل هەر وەک ڕابردوو لێبڕاوانە درێژە بە هێرەشەکانی خۆی دەدا وهەموو بنکەکانی ئێرانی لە خاکی سووریەدا دەکاتە ئامانج. لە وەڵامی هەڕەشەکانی ناتانیاهۆ دا، فەرماندەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی مووشەکبارانی ئیسڕائیلی کرد و گوتی" بێ وەڵامی ئێمە تا ئێستا لە سووریە حیکمەتێکی تێدابووە، دیارە ئێوە بە کلکی شێر یاری دەکەن، بەم‌زووانە سەبری ئینقلابیی ئێمە تەواو دەبێ و هەربینا ڕۆژێک شریقە و گرمەی مووشەکە زیرەکەکانی ئێمە بە سەرتان دا دابارین. محەممەد عەلی جەعفەریی، فەرماندەی سپای پاسدارانی ئێران لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە هێز و چەک و چۆڵمان لە سووریە نابەینە دەر و درێژە بە پشتیوانیەکانمان دەدەین لە حیزبوڵڵای لوبنان و دەوڵەتی سووریە. دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا دەیان هێرشی نیزامیی کردۆتە سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خاکی سووریەدا و بە سەدان فەرماندە و پاسداریی ئێرانی لەو هێرشانەدا کوژراون و برینداربوون و زیانێکی زۆری ماڵیان بەرکەوتوە، بەڵام تا ئێستا ڕێژیمی کۆماریی ئیسلامیی ئێران بێجگە لە هەڕەشە و گوڕەشە نەیانتوانیوە هیچ دژکردەوەیەک دژی ئیسرائیل لەخۆیان نیشان بدەن.