کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵ و کردەوەی جیددیی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم

12:38 - 31 جۆزەردان 2724

ڕۆژنامەی "واشنگتۆن پۆست" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، توانای پیتاندنی ئۆرانیۆم لە دامه‌زراوه‌ی "فۆردۆ" بەم زووانە سێ هێندە دەبێت و ئەمەش ڕێگە بە ڕێژێمی ئێران دەدات کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی چەندین بۆمبی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

ئەم ڕۆژنامە ئامریکاییە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی جۆزەردان بەپێی بەڵگەنامە نهێنییەکان و شیکاریی شارەزایانی بواری چەکوچۆڵ ڕاگەیاند کە توانای پیتاندنی ئۆرانیۆم لە دامەزراوەی فۆردۆ، بەم زووانە سێ هێندە زیاد دەکات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا خاوەنی ١٣٦ کیلۆ ئۆرانیۆمی پیتێنراو بە خەستییەکی بەرزە  و لە ئەگەری پیتاندنی زیاتر، لە حەفتە یان ڕۆژانی داهاتوودا، کەرەستە و ئۆرانیۆمی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆم بەدەست دەهێنێ.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی پێشتر دانان و کارپێکردنی تاڤگەی تایبەت و سانتێرفیووژ لە دامەزراوەکانی فۆردۆ و نەتەنزی پشتڕاست کردبووەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، دەیوید ئالبرایت، شارەزای بواری چەکی ئەتۆمی، ڕایگەیاند کە دانانی ١٤٠٠ سانتێرفیووژی پێشکەوتوو لە دامەزراوەی فۆردۆ، توانای پیتاندنی ٣٦٠لەسەد ئۆرانیۆم زیاد دەکات و دوای یەک مانگ، ڕێژیمی ئێران دەبێتە خاوەنی ١٤٥ کیلۆگرام ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئاستی چەکی ئەتۆمدا.

شایانی باسە کە شۆرای بڕیاردانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لە ١٦ی جۆزەرداندا بڕیارنامەیەکی دژ بە بەرنامەی ناوکی ڕێژیمی ئێران دەرکرد و کۆماری ئیسلامیش لە وڵامی ئەم بڕیارنامەیەدا چالاکییە ناوکییەکانی خۆی زیاتر کردووە.