کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەزار هۆکار هەیە بۆ دەنگنەدان، یەک نییە بۆ دەنگدان

23:02 - 30 جۆزەردان 2724

مەنسوور مروەتی

هەڵبژاردنەکانی نێو سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەتی لە بیست ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پێشوو بووەتە مەیدانی ململانێی نێوان خەڵک و حکوومەت. لەم هەڵبژاردنانەدا حکوومەت هەوڵی داوە خەڵک بێنێتە سەر سندووقەکان تا لەو ڕێگایەوە بە دنیای دەرەوە بڵێ حکوومەتەکەی شەرعییەتی خەڵکیی هەیە، لەولاشەوە خەڵک بەپێچەوانەوە دەپرسن بۆچی دەبێ لە هەڵبژاردنێکدا بەشداری بکەن کە هیچ لە دۆخ و چارەنووسیان ناگۆڕێ، هەڵبژاردنێک کە تەنیا و تەنیا بۆ گرتنە دەست و لە دەستدا مانەوەی دەسەڵاتێکە جگە لە دزی و تەماحی زیاتر لە سامانی ئەم وڵاتە بۆ تاقمێکی دیاریکراو هیچ خێروبێرێکی بۆ خەڵک و وڵات نییە.

لەم هەڵبژاردنانەدا کە هەرجارە و بە جۆرێک موهەندیسی دەکرێ، قەبووڵکردن یا ڕەدکردنەوەی سەڵاحییەتی کاندیداکان بەشێکی سەیروسەمەرەی پرۆژەکەیە و زۆریش سەرنجڕاکێشە. ئەم کارە کە بە شۆڕای نیگەهبان سپێردراوە لە ڕاستیدا هەم بۆ کۆنترۆڵ و دەرچوواندنی ئەو کەسانەیە بەیتی خامنەیی گەرەکیەتی و، هەمیش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و ئەگەر بکرێ فریودانیان بۆ دەنگدان. بۆ وێنە سەرۆککۆمارەکانی پێشوو ئەگەر ناو دەنووسن سەڵاحییەتیان پەسند ناکرێ و ڕەد دەکرێنەوە، بەڵام کاندیدایەک کە پێشتر سەڵاحییەتی بۆ نوێنەرایەتی مەجلیس ڕەد کراوەتە ئەمجارە بۆ سەرۆککۆماری قەبووڵ دەکرێ! یان کەسانێک لە هەڵبژاردنی پێشتر  بۆ مەجلیسی خوبرەگان سەڵاحییەتیان ڕەد کرابوویەوە، بەڵام ئەمجارە بۆ سەرکۆماری پەسند دەکرێن. بۆ وێنە مەسعوود پزشکیان لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرکۆماری و مەجلیسدا بە شیاوی نوێنەرایەتییان نەزانیبوو و ڕەد کرابوویەوە بەڵام ئەمجارە بۆ سەرکۆماری وڵات قەبووڵە و بە شیاویان زانیوە. جا پرسیارەکە لێرەدایە کەسێک کە تا چەند مانگ پێشتر شیاوی نوێنەرایەتیکردنی شارێک نەبوو ئێستە چۆنە بۆ سەرۆکی هەموو وڵات شیاوە؟ یان سەرکۆمارەکانی پێشوو بۆچی پێشتر شیاو بوون و ئێستە نین؟ مستەفا پوورمحەممەدی بۆچی چەند مانگ پێشتر بە کەڵکی مەجلیسی خوبرەگان نەدەهات، بەڵام ئێستا بۆ سەرکۆماریی وڵات لەبارە؟ جوابی پرسیارەکە لانیکەم لە سەر پزشکیان ڕوونە، بەلەبەرچاو گرتنی هەڵوێستی ژیرانە و سیاسیانەی خەڵک و نەچوونە سەرسندووقەکان لە چەند هەڵبژاردنی پێشوودا، حکوومەت دەیهەوێ لەو ڕێگایەوە خەڵک فریو بدا و بیانهێنێتە سەر سندووقەکان. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە خەڵک لەمێژە بەم فێڵ و تەڵەکەیەی ڕێژیمیان زانیوە و لەوە زیاتر ئەوەیە لەم شەش حەوت ساڵەی دواییدا خەڵک بەئاشکرا و بەدەنگی بەرز خوازیاری ڕووخان و نەمانی ئەم ڕێژیمەن، ئیتر چ ڤگا بەوەی حکوومەت بە فێڵی ئیسلاح‌تەڵەب و ئوسووڵگەرا فریویان بدا و بیانهێنێتە سەر سندووقەکان.

بەشێکی دیکەی ئەم هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕەی حکوومەت دەمەتەقەی نێوان کاندایداکانە. دیارە لە هەموو دنیادا دەمەتەقەی نێوان کاندیداکان شتێکی باش و باوە. هەر کاندیدێک بەرنامە و پرۆژەی خۆی لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەخاتە ڕوو و لەوێ دیفاعیان لێ دەکا، هەرکەسە و هەوڵ دەدا بە هێنانی پرۆژەی باشتری ئابووری و خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی وڵاتەکەی سەرنجی زیاتری دەنگدەران بۆ لای پرۆژە و بەرنامەکەی ڕابکێشێ. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لە کاتی مونازیرەکان و لەو پەراوێزی دەمەتەقێیەکاندا هەر کەسە ولە هەوڵی ئەوەدایە چۆن بتوانێ گەندەڵی و دزی و خراپەکاریەکانی ئەویتر ئاشکرا بکا. بۆ وێنە جودا لە جینایەت و سەرکوتی خەڵک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکاندا کە لە کارنامەی باقری قالیبافدا هەیە، ناوبراو خۆی و بنەماڵە و دەستوپێوەندیەکانی سەرتۆپی دزە گەورەکانی نێو ڕێژیمن. قالیباف چ ئەوکاتەی شارەداری تاران بوو و چ لە کاتی سەرۆکایەتیی مەجلیسدا لەگەڵ پاسدارەکانی هاوقوماشی خۆی کارنامەیەکی تا بڵێی ڕەشی هەیە. لە ئینسانکوژی و ئیعدامدا مستەفا پوورمحەمەدی ڕێک هاولینگی برایمی ڕەییسی، سەرکۆماری کوژراوی پێشووە و پێکەوە لە هەیئەتی مەرگی ڕژیمدا بکوژی هەزاران زیندانیی سیاسیی ساڵی شەست و حەوت بوون.

لە هەموو تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ڕێبەر و بەیتی ڕێبەری سەرکۆمارێکی گوێڕایەڵتر لە برایمی ڕەئیسییان نەبووە. جیاواز لە باسی گوێڕایەڵیەکەی لە ماوەی سێ ساڵی تەمەنی سەرکۆماریەکەیدا ئێران لە باری قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا گەیشتە لووتکە و هەمووانیش ئەوە دەزانن. هەمووان گاڵتەیان بە نەزانی و نەخوێندەواریی ناوبراو دەکرد و بە هۆکاری قەیران و ماڵوێرانیی وڵاتیان دەزانی کەچی ئێستا و لەکاتی مونازرەکاندا کەسیان ناوێرن باسی خراپەکاریەکانی بکەن بەڵکوو خۆیان بە درێژەدەری کارکانی ئەو دەزانن. تەنانەت پزشکیانی ئیسلاح‌تەڵەبیش هەروا دەڵێ. بۆچی؟ چونکە ئەو حەڵقەلەگوێی خامنەیی و بەیتەکەی بوو و بڕیاریشە ئەوەی ئەمجارەش لە سندووقەکان دەیهێننە دەرێ هەر کەسێکی ئاوا بێ. کەس نییە لەم کاندیدایانە جوابی ئەو پرسیارە بداتەوە، خۆ هەموان دەزانن ئەوەی ئێرانی لەم چەند ساڵەی دواییدا هێنایە ئەم حاڵ و ڕۆژە برایمی ڕەئیسی و ئەوانە بوون کە ڕەئیسییان هەڵدەسووڕاند، ئەی خێرە ئێوەش بانگەشەی درێژەدانی هەمان سیاسەتی ماڵوێرانی بۆ خەڵکی ئێران دەکەن؟

ئەگەر وایە قسەی خەڵک ڕاستە کە هەزار هۆکار بۆ دەنگ‌نەدان هەیە بەڵام تەنیا یەک هۆکار بۆ دەنگدان لەم وڵاتە بەڵالێدراوەدا نابینرێتەوە.