کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: خەڵکی کوردستان وەک سەرەکیترین قوربانییانی تێرۆریزمی سپای پاسداران پشتیوانی لە بڕیارەکەی کانادا دەکەن

12:35 - 31 جۆزەردان 2724

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن دەوڵەتی کانادا ڕایگەیاند خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات وەک سەرەکیترین قوربانییانی تێرۆریزمی سپای پاسداران لە ئێران پشتیوانی لە بڕیارەکەی کانادا دەکەن.

دەقی پەیامەکە بەم جۆرەیە:

دوای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وڵاتی کاناداش سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی خستە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە. ئەو بڕیارە کە ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣ لە بەردەوامیی پێداگریی ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئێرانییەکانی دانیشتووی کانادا و درێژەی شەڕاشۆیی و کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری  ئیسلامی درا، سەرکەوتنێکی دیکە بۆ هەموو ئازادیخوازانی ئێران، بەتایبەت بنەماڵە دادخوازەکانی نەتەوەکانی ئێرانە.

هیوادارین یەکیەتیی ئورووپاش بەدەم داوای داخوازییەکانی خەڵکی ئێرانەوە بێت و سپای پاسداران بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێت. ئەو بڕیارەی کانادا لەلایەن زۆرینەی خەڵکانی ئێرانەوە پێشوازیی لێ دەکرێت، بەتایبەت لەلایەن نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کە قوربانیی زۆرترین تێرۆر و جینایەتەکانی سپای پاسدارانن.

مستەفا هیجری

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٣