کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچ بۆ هەندەران، هۆکار و مەترسییەکان

19:05 - 31 جۆزەردان 2724

حەمەڕەسووڵ کەریمی

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆکار و بێ هۆکار کۆمەڵێک لە خەڵکی کوردستان بۆ ژیانی داهاتووی خۆیان ڕێگەی هەندەران و تاراوگە دەگرنە بەر. ڕێگەی هاتووچۆی زۆربەیان بەداخەوە نێو شەپۆلی دەریاکانە و، کەم و زۆر لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەموومان شاهیدی خنکان و ونبوونی منداڵان، گەنجان و ژن و پیاو و کوڕ و کچی کورد و نەتەوەکانی دیکەش بووین.

سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. گوشاری ئەمنییەتی، بێکاری، گرانی، هەژاری، گیران و ڕاودونان، بێهیوایی و نەبوونی ئاسۆی ڕوون تەنگی بە خەڵکی هەڵچنیوە. لە دەرەوەی دۆخە سیاسی و ئابوورییەکە گەڕان و هەڵوەدابوون بۆ ژیانێکی ئاسایی خۆشتر و سەرنجڕاکێشی ژیان لە دەرەوەی وڵاتیش یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ڕووکردن لە هەندەرانە، کە بەداخەوە بەشێکیان هەر لە یەکەم وێستگەی ئەم گۆڕینی چارەنووسەدا تووشی نەهامەتی و چارەڕەشی و مردن بوونەوە.

لاوانی وڵاتەکەمان هیوای ئێستا و دوای ڕۆژی گەلن، هەر بۆیە زۆر گرینگە بایەخ بەو پرسە بدرێت و لاوەکانمان ئەو قەناعەتەیان لا دروست بێت کە ئەگەر کێشە و گرفتی ئەمنییەتی و سیاسیان نییە، لە هەموو حاڵەتەکاندا مانەوە لەلای بنەماڵە و کەسوکار و خاک و زێدی لە دایکبوونیان قازانجی بۆ خۆیان و بۆ گەلەکەیان هەیە.

لە ئاست کۆچی لاواندا بەشێکی بەرچاو لەوانەی ڕێگەی هات و نەهات دەگرنە بەر بەداخەوە بە قەرز و قۆڵە، یا فرۆشتنی مڵک و ماڵ و دووکان و خانووی بنەماڵە و دانانی سەنەدی چەند میلیاردی لەلای قاچاغچیی بێ‌ویژدان و چاوچنۆک ڕێگەیەک هەڵدەبژێرن کە هەم خۆیان لە مەترسی دەخەن و هەمیش دایک و باوک و کەسوکاریان تووشی خەمێکی گەورە و قەرزباری و داماوی دەکەن و بەوە مافیاکانی قاچاخی مرۆڤیان دەوڵەمەندتر کردوە.

جا ئەمجار دوای گەیشتن و دەرباز بوون، کەسانێک کە لە مردن و خنکانی دەریاکان و لێرەوار و باو و باران و سەرما و سرووشت ڕزگاریان بووە و گەیشتوونە وڵاتانی دڵخوازی خۆیان، ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی وەرگیران و ئیقامەدا دەمێننەوە و بەداخەوە بەشێکی بەرچاویان تووشی خەمۆکی و نەخۆشی بوون، هاوکات لەو وڵاتەی کە لێی نیشتەجێن بە هۆی نەزانینی یاساکان، نەزانینی زمان، بێکاری و ژیانیان لە کەمپەکاندا تووشی هەڵە و هەڵەکاری یاسایی دەبن و ڕەنج بەخەسار و مایەپووچ بوون و بەشێکی بەرچاو لە ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان لە ڕەوتی ژیانی ئاسایی وەدوا خستوە. دیارە لە نێو ئەوانیشدا هەن کە بە خۆشیەوە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانیویانە بەپێی یاسای وڵاتەکان و فێربوونی زمان و خوێندن و هەروەها پەیداکردنی کار بۆ بژیوی خۆیان لە کۆمەڵگەی ئەو وڵاتەدا جێ بکەون و بگەنە ئەو ئامانج و مەبەستەی کە هەیانبووە.

بەگشتی ئەو کەسانەی کێشەی سیاسی و ئەمنییەتی و زیندان و لێپرسینەوەی قەزاییان وەک شارومەندی ئێرانی و کوردستانی بە هۆی جیابیری و کاری سیاسی و فەرهەنگی هەیە، بۆ دەربازبوونیان لەو جەهەننەمەی کۆماری ئیسلامی بۆی درووست کردوون، تەنیا شانس و ڕێگەیان دەرباز بوونە لەژێر حوکم و بڕیارە توندەکانی کۆماری ئیسلامی و لەو پەیوەندییەدا دایک و باوکەکانیان هەرچی بۆ ڕزگاریان بیکەن ئێستا کەمیان کردوە. لە لایەکی دیکەشەوە دایک و باوکەکان ئەرکیان لە سەر شانە کە چیدی نەهێڵن منداڵەکانیان، جگەرگۆشەکانیان، خۆشەویستەکانیان کە کێشەی سیاسی و ئەمنییەتی و زیندان و لێپرسینەوەی قەزاییان نییە و ساڵانێکی زۆر زەحمەتی گەورەکردنیان لەو هەل‌ومەرجە سەخت و دژوارەدا لەگەڵ کێشاون، ڕێگەی هات و نەهات بگرنە بەر.

بەداخەوە لەم حەوتوویەدا هەموومان شاهیدی نووقمبوونی کەشتییەکی بچووک لە ئاوەکانی وڵاتی ئیتالیادا بووین، کەشتییەک کە هەڵگری ٧٦ کەس کە زۆربەیان کورد بوون، و لە کۆی مسافیر و کۆچبەرەکان بەداخەوە تەنیا ١٠ کەس وەک موعجیزە ڕزگاریان بووە. ئەو تڕاژیدییە ناخی هەموومانی هەژاندوە و ئەوەش دەخوازێ هەموو لایەکمان هەوڵ بدەین بەرچاوڕوونی زیاتر لە ئاست شێوەی ژیان لە دەرەوەی وڵات لەسەر پەیج و لاپەڕە ئینترنێتیەکان و دونیای مەجازیدا بنووسین، چوونکە لانیکەم ویژدانی خۆمان لە ئاست پرسێکی گرینگی وەک پرسی کۆچکردن هێناوەتە ڕۆژەڤی خوێندنەوە و ئەوەی کە چەندە نووسینەکانمان کاریگەری دەبێ، گرینگ نییە، ئەوەی گرینگە ڕاستی و درووستی ژیانی پەنابەری لە وڵاتانێکە کە ساڵانێکە خەڵک و حکوومەتی ئەو وڵاتانە کەم و زۆر لە پەنابەر وەڕەز بوون. لە ئێستاشدا بە هاتنە سەرکاری حکوومەتە دەستە ڕاستییەکان یاسای پەنابەری ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی بە سەر داهاتووە و تەنانەت بۆ ئەو پەنابەرانەی کە چەندین دەیە لە دەرەوەی وڵات دەژین کۆسپ و کێشەی جۆراوجۆر ساز بووە. لەو پەیوەندییەدا پێویستە کە هەموومان لە ڕێگەی کەسوکارمانەوە، لە ڕێگەی وتووێژ و پەیجەکانەوە بە ناردنی نووسین زانیاریی زیاتر بە کۆمەڵگەی خۆمان ببەخشین.

لە کۆتاییدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کەسوکاری قوربانیانی ئەم ڕووداوە ناخهەژێنە دەکەم و هیوادارم ئەو کۆچبەرانەی کە لە قەراخ ئاوەکانی تورکیە، یونان، ئیتالیا، فەڕانسە و چەند وڵاتێکی‌ترن و چاوەڕوانی پەڕینەوە لە ئاوەکان دەکەن، بەر لە هەموو شتێک وریایی و باری ئەمنییەتی و ساخڵەمی خۆیان لە سەرەوەی سەفەرەکەدا ببینن و خۆیان نەدەنە دەستی مافیاکانی قاچاغی مرۆڤ.