کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان

21:34 - 11 رێبەندان 2718

دوو هەیئەتی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی ئەگەرەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی ئێستای ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان تاوتوێ کرد. ڕۆژی پێنجشەممە، 11ی ڕێبەندان هەیئەتێکی ڕێبەریی "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" بە سەرپەرستیی کاک عومەر ئیلخانیزادە، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە سەردانی سکرتاریای "حیزبی دێموکراتی کوردستان‌"یان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشوازییان لێکرا. لەم کۆبوونەوەیەدا کە بەبەشداریی بەڕێزان مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە و کاک حەسەن ڕەستگار؛ دوو کەسایەتیی سیاسی و دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات کرا، پرسی گۆڕانکارییەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد لە هەلومەرجی ئێستای ئێران و ناوچە خرایە بەرباس و لە گۆشەنیگا و ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە لێکدانەوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. لەم کۆبوونەوەیەدا ئەم ئاکامگیرییە کرا کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بە یەکڕیزی و هاوپێوەندیی نەتەوەیی پترەوە دەتوانێ پشکی لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێراندا هەبێ و خاوەندارەتی لە ستاتوی کورد لە ئێران لە ئەگەرەکانی دادێدا بکا. هەروەها پێداگری لەسەر ئەمە کرا کە ئەگەرچی دامەزرانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وەڵامێکی پێویست و بەجێ بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەگەر و ئاڵوگۆڕەکانی بەردەم جووڵانەوەی کورد بووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بە ئامانجە بنەڕەتییەکانی خۆی بگا و پێویستە کار و هەنگاوەکانی داهاتووی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەهێزترکردنی ناوەندی و ئاراستەدان بە پڕۆژەکانی ناوەند بۆ وەدیهاتنی ئامانجە سەرەکییەکانی بێ.