کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی تەقەکردنی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کۆڵبەران

16:59 - 14 رێبەندان 2718

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە دوو کردوەی جیاوازدا لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و سەردەشت تەقەیان لە کۆڵبەرو کاسبکارانی کورد کردووە. لە درێژەی تەقەکردنی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کوردستان، ڕۆژی ١٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی کاسبکارێک بە ناوی "عوسمان کڵاوگیز" خەڵکی گوندی " نیروان"ی ناوچەی بانە بانە بریندار بوو و ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکان کرا. هێزەکانی ڕێژیم دوای بریندار کردنی ئەو کاسبکارە، دەستیان بە سەر کەلوپەلەکەی داگرت و بە تاڵانیان برد. هەر لەو پێوەندییەدا شەوی هەینی ١٢ی ڕێبەندان کۆمەڵێک لە کۆڵبەران لە نزیک گوندی "بێیووش"ی ناوچەی ئالانی سەردەشت کەوتنە کەمینی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و تەقەیان لێکرا. بەهۆی تەقەی ئەو هێزە چەکدارانەوە پێنج سەر ئەسپی کۆڵبەران کوژران و هەموو کەلوپەلەکەیان بەتاڵان بردن. شایانی باسە کە بەهۆی بێکاری و نەبوونی و نەدارییەوە، خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە ناچاری ڕوویان کردۆتە کاری پڕمەترسیی کۆڵبەری و بە داخەوە ئێمە ڕۆژانە شاهیدی کوژران و گیان لە دەستدانی ئەو خەڵکە هەژار و نەدارەی کوردستانین. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە جێگەی ئەوەی کە ڕێگە چارەیەک بۆ دۆخی نالەباری ژیانی ئەو خەڵکە بدۆزێتەوە، هێزە چەکدارەکانی ڕاسپاردووە تا ئەو کەسانە بکوژن کە بۆ پەیدا کردنی بژیوی خۆیان و خێزانەکەیان کاری سەخت و تاقەت پڕووکینی کۆڵبەریی دەکەن.