کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هۆک: داوای لە وڵاتانی جیهان کرد نەوتی ئێران نەکڕن

15:53 - 18 رێبەندان 2718

برایان هۆک سەرۆکی گرووپی تایبەتیی بەرەنگاربوونەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی کە ئێزنیان پێدرابوو بۆ ماوەی١٨٠ ڕۆژ نەوت لە ئێران بکڕن، دوای ئەو کاتە ماوەکە درێژ ناکرێتەوە و دوای ئەو ماوەیە ئیزن بە هیچ وڵاتێک نادرێ کە نەوت لە ئێران بکڕێ. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا گوتی: ئەو ماوەیە کە ئیزن بە چەند وڵاتێک درابوو بۆ ماوەیەکی کاتی نەوتی ئێران بکڕن، بەو مەبەستە بوو کە بازاڕی نەوتی جیهان شڵەژاوی تێنەکەوێ، بەڵام دوای ئەو ماوەیە بۆمان دەرکەوت کە دۆخی بازاڕی نەوت جێگرە و دوای تەوابوونی کاتی دیاریکراو ئیتر بۆ جارێکیتر ماوەکە درێژ ناکڕێتەوە، بە تەواوی گەمارۆ دەخرێتە سەر نەوتی ئێران و ڕادەی فرۆشی نەوتی ئێران دەگەیەنینە خاڵی سیفر. ئەمریکا دوای گەمارۆکان ڕێگەی بە حەوت وڵاتی جیهان دابوو کە تا شەش مانگ دەتوانن نەوت لە ئێران بکڕن. شایانی باسە کە مانگی بانەمەڕی ساڵی داهاتوو ئەو ماوەیە کۆتایی دێ. قسەکانی برایان هۆک لە کاتێکدایە کە "زەنگەنە" وەزیری نەوتی ئێران دووڕۆژ لەمەوبەر رایگەیاند کە هیچ وڵاتێک نەوتمان لێ ناکڕێ. لە کاتێکدا کە یونان و ئیتاڵیا ڕێگەیان پێدراوە نەوتی ئێران بکڕن بەڵام ئەوانیش لێمان ناکڕن. ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا گوتی" هێندوستان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڕێگەی پێدراوە ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئێران بکڕی، بەڵام لەم ڕۆژانەدا ڕووسیە پشکی پاڵاوگەیەکی هێندی کڕیوە و ئیزن بە پاڵاوگەکە نادات کە نەوتی ئێران بکڕێ. جێی ئاماژەیە لەو حەوت وڵاتەی کە ئیزنیان پێدراوە نەوتی ئێران بکڕن، سێ وڵاتی تایوان، ئیتالیا و یونان لەو وڵاتانەن کە ڕێگەپێدراون بەڵام نەوتی ئێران ناکڕن و ڕووسیەش ئیزن بە پالاوگەیەکی هێندی نادات کە نەوتی ئێران بکڕێ. بە وتەی وەزیری نەوتی ئێران ئەم ڕۆژانە تەنیا تورکیە مشتری نەوتی ئێران بوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەناردەکارانی نەوت، تەنیا سێ مانگ بەر لە ئێستا فرۆشی نەوتی ئێران یەک میلیۆن و ٥٠ هەزار بەرمیل لە کەمی دابوو. نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵاتی ئێرانە و لە کاتی جێبەجێکردنی گەمارۆکاندا، ئێران تووشی قەیرانێکی گەورەی دارایی دەکات کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ جێگرەوەیەکی بۆ نەوت نییە کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی هەڵەی کۆماری ئیسلامی، ئاژاوەگێڕیی و پەرەپێدانی تێرۆر و تێرۆریزم لە جیهاندا.