کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحموود سادقی ؛ ٢٠ بەرابەر ڕێژیمی پێشوو زیندانیمان هەیە

15:32 - 20 رێبەندان 2718

مەحموود سادقی نوێنەری خەڵکی تاران لە مەجلیس لە وتووێژێک لە گەڵ ماڵپەڕی" شەفەقنا" باسی لە ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی کرد و لە سەر کەموکۆڕییەکانی ئەو ڕێژیمە قسەی کرد. سادقی نوێنەری ڕێفۆڕمخواز و ئەندامی فڕاکسیۆنی "ئومێد" بە خستنەبەر باسی ئەرک و وەزیفەکانی دەوڵەت، هەر بە پێی یاسای بنەڕەتی ئێران قامکی لەسەر کۆمەڵک کێشەو گرفت دانا و ، لە بارەوە گوتی ؛ بە بەراورد لە گەڵ ڕێژیمی پێشوو ڕێژەی زیندانییەکان ٢٠ بەرابەر بووەتەوە. مەحموود سادقی لە درێژەی قسەکانی‌دا باسی لە داڕمانی ئیخلاقی لە کۆمەڵگەی ئێران کرد و لەو بارەوە دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار زانی. ناوبراو گوتی: ئێمە لە بواری گەندەڵی‌دا ناوێکی باشمان نیە لە ئاستی نێونەتەوەیی و بە پێی ڕێکخراوی ڕاستبێژی نێونەتەوەیی ساڵ بەساڵ ڕێژەی گەندەڵی لە ئێران دەچێتە سەر و لە نێوان ١٦٠ وڵاتی گەندەڵ، پلەی ١٣٠ مان هەیە. نوێنەری خەڵکی تاران لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی‌دا باسی لە مافی بەشداری کردنی خەڵکی کرد لە دیاری‌کردنی چارەنووسی خۆیان و پێداگری لەسەر هەڵبژاردن کرد و بە ڕێفڕاندۆمی شوبهاند. مەحموود سادقی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە ناڕوونی ماڵی و دارایی بانکەکان کرد و سیستمی بانکداری لە ئێرانی بە هۆکاری گەندەڵیی ماڵی و سپیکردنەوەی پارە زانی. ئەو نوێنەرە لە کۆتایی قسەکانی‌دا ڕایگەیاند ؛ "بێهیوایی بە داهاتووی" یەکێک لە قەیرانە جیددییەکانی بەردەم خەڵکی ئێرانە.