کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

با ئامانجمان ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ

18:03 - 20 رێبەندان 2718

لە کەس شاراوە نییە لەو کەشە ئاڵۆز و لێڵەی کە سێبەری بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، لەهەر چوار پارچەی کوردستان خەبات بەشێوەیەکی شێلگیر و بەردەوام دژ بەداگیرکەرانی نیشتمان لە ئارا دایە! بەڵام مەبەست لە نووسینی ئەو چەند دێڕە، سەرنجدانە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ژێر سێبەری یەکێک لە دواکەوتووترین دەستەڵاتەکانی جیهاندا کە شان لە دەستەڵاتەکانی قروونی وەستایی دەدا، بەناوی حیزبی خودا و ڕێبازی شەریعەتی ئیسلام تەنگی بە کۆمەڵگەی ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵچنیوە، بەجۆرێک کە دەرفەت و بوار بۆ هەر چەشنە خەباتێکی سیاسیی بەقازانجی نەتەوە کانی ئەو پێکهاتە جوغڕافیایە بە تاوان و دژە خوا دەژمێردرێ و؛ ئەویش وەلی فەقیهـ سزاکەی لە قورئان هەڵێنجاوە ئەویش مەرگە! با نیزیکتر بڕوانین، 40 ساڵە ئۆپۆزیسیۆنی کورد وەک تەنیا دژبەری ئەو دەستەڵاتە مرۆڤکوژە بەکردەوە وێستاوەتەوە و، بۆ بەربەرەکانی و پارێزگاری لە هەرمانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لە هیچ فیداکارییەک خۆی نەپاراستووە! بەڵام مخابن ناکۆکی و ململانێی نابەجێی ئەحزابی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان ئەو دەرەتانەی بەدەستەڵاتی ئیسلامی داوە بۆ پتر وێرانکردنی کۆمەڵگەی کوردستان، دەست بداتە پیلان و تەرفەندگەلێکی بێ ئامان و نەخوازراو کە ساختار و ژێرخانی کۆمەڵگەکەمانی کردۆتە ئامانج، ئەویش لە سێ ڕەهەندی مەترسیدارەوە: ١- گەڵاڵەی بەموعتادکردنی خەڵک کە ڕەنگە ئاسەوارێکی کاولکاری بۆ ماوەی ساڵگارێکی زۆر لە دوای خۆی بەجێ بێڵێ ٢- مەیدان و پەرەدان بە بیری سەلەفییەت وەک ئامرازی بەربەرەکانیی دژ بە گەشەکردنی دێموکراسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و بیری نەتەوەخوازی لە داهاتووی کوردستاندا! ٣- ڕەواییدان بە خەیانەت و سیخوڕی و بەلاڕێدابردنی زەینییەتی خەڵک بەرەو گەندەڵی و فەساد و بێسەرەوبەرەیی! بەڵام لەو نێوەدا خەڵکی وشیار و نیشتمانپەروەر و دڵسۆز لە بەربەرەکانی و دژایەتیکردن لەگەڵ ئەو دیاردە نامۆیانە بێتەفاوەت و بێدەنگ نەبوونە، ژومارەیەکی یەکجار زۆر خۆیان لە ڕێکخستنە نەهێنییەکانی حیزبە کوردییەکاندا دیتۆتەوە، سەرەڕای وەش ڕێژەیەکی زۆریش بە وەڕێخستنی "ئێن جی ئۆ" و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە لایەک خەڵکیان لە خۆ هاڵاندووە بۆ پەرەدان بە ڕێژەی بەشداربووانی کچان و کوڕانی کورد لە مەیدانەکانی وەرزش و شاخەوانی و هونەر و ژینگەدا! لەلایەکی دیکەوە توانیویانە خەڵکێکی زۆر بپارێزن لە ئیعتیاد و دیاردەگەلی دوژمنان! بەخۆشییەوە جووڵانەوە مەدەنییەکان لە چڵەپۆپەدا دەتوانن خەڵک بە شێوەیەکی سیستماتیک بێننە سەر خەت بۆ ئەو ڕۆژانەی کە شیمانە دەکرێ، ببنە دیواری بەرخودان! خەڵک دەبینن ئەو حیزبانەی کە بەرچەسپی نایاساییان لێ قایم کراوە لە لایەک، بەتەواوی خوێندنەوەی ئەوڕۆییان لە بارودۆخی نێوخۆیی نییە ئەگەر هەشیان بێ بەشێکی نوسخەی کۆپی کراوە، بۆ خۆشیان لەسەر گوتارێکی هاوبەش دژ بە دوژمنێکی هاوبەش ناکۆک و ناتەبان. خەڵک ئەو ئاوازە فاڵژانە بە باشی دەبیسێ و هەست پێدەکا! هەر بۆیەشە دەستەڵاتی ئیسلامیی ئێران وەک دەستەڵاتێکی تەواو تۆتالیتێری خۆی لە ژیانی تاکەکانیش هەڵدەقورتێنێ، دەیان سنوور و پاوانکاری لە ڕوانگەی سواوی ئایینەوە ئاراستەی کۆمەڵگە کردووە! لەو هەلومەرجە دژوار و تێکچڕژاوە دایە کە کۆمەڵگەی مەدەنی بە ڕێکخراوەکانییەوە وەک سەرهەڵدانێکی کۆمەڵایەتی دەتوانێ دەوری خۆی بگێڕێ، ئەوڕۆ ئەحزابی سیاسیی کورد کە سەرکردایەتییەکانیان لە تاراوگەدان، پێویستیان بە هاودەنگی و خۆدیتنەوەیە لە بەرەیەکی یەکگرتووی نیشتمانیدا وەک خەباتی شاخ، بۆ متوربەکردنی خەباتی شاخ و شار بۆ پێکانی ئامانجە نەتەوەییەکانمان و وەدیهاتنی ویستی گەلەکەمان.