کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچوونی کاربەدەستانی ئەمریکایی لە سەر مانەوەی کەسوکاری ئاخوندەکان لە ئەمریکا

15:33 - 21 رێبەندان 2718

پمپئۆ وەزیری دەروەی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ٢٠ ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی، لە تویتێری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڤیدیۆیەکی لە پێوەندیی لەگەڵ پرسیاری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە. زۆر کەس لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسیاریان لە دەوڵەتی ئەمریکا کردووە کە بۆچی لە سەر مانەوەی مناڵانی ئاخوندەکان کە لە ئەمریکا دەژین هیچ هەڵوێستێک ناگرێ. پمپئۆ لە وڵامدا دەڵێ: پرسیارێکی بەجێیە، لە سەر ئەو پرسیارەی کە کردووتانە کەمێک بیر بکەنەوە، ئەو کەسانەی کە خەریکی وێران کردنی ژیانی خەڵکی ئێرانن، مناڵەکانیان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکەن، پارە و سامانێکی زۆریان هەیە چونکە سامانی ئێوەیان دزیوە و لە ڕێگەی گەندەڵییەوە دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی ئێوەدا گرتوە وهەر ئەوانیش زیان بە ئێوە خەڵکی ئێران دەگەیەنن. ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا گوتی: ئاخوندەکان دەستیان بە سەر سامان و دارایی ئێوەدا گرتوە مناڵەکانی خۆیان دەنێرنە دەرەوەی وڵات هەتا دەرس بخوێنن، بە کەیفی خۆیان بکڕن و کەلک لەو ئازادییە وەرگرن کە ئێمە لە ئەمریکا هەمانە. ئەوان دەزانن کە تازە ئێران بەشێوەی پێویست بۆ ئەوان شوێنێکی گونجاو نییە. کاربەدەستانی ڕێژیم بە خەڵک دەڵێن ئێران بۆ ئێوە شوێنێکی گونجاوە بەڵام منالەکانی خۆیان دەنێرنە ئەمریکا. ناوبراو لە سەر هەڵوێستی ئەمریکا لەوبارەوە گوتی: خەریکی تاوتوێ کردنی ئەو بابەتەین و ئەوەی کە ئەوان کەسوکاریان دەنێرنە ئەمریکا بۆ ئێمەش جێگەی نیگەرانییە. پمپئۆ ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە خەریکی دۆزینەوەی ڕێکاری تازەین بۆ ئەوەی بەرەوپێش هەنگاو بنێین تا خەڵکی ئێران ژیانێکی خۆشیان هەبێ و پێویست نەکا بۆ ژیانێکی ئازاد و ئاسوودە بێنە ئەمریکا و، من لەو بارەوە زۆر خۆشبینم. لە کاتی قسەکانی پمپئۆ لەو ڤیدیۆیەدا، وێنەی کاربەدەستانی ڕێژیم، نوێنەرانی مەجلیس، محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و هەروەها هێندێک وێنەی مناڵانی ئاخوندەکان و ماشێنە گرانقیمەتەکانیان لە دەرەوەی وڵات پێشان دەدرا. پێشتریش برایان هۆک نوێنەریی تایبەتیی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پێوەندیی لەگەڵ پرسیاری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بارەی کەسوکاری ئاخوندەکانەوە لە ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە خەریکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونین لەسەر ئەو بابەتە و لە هەموو بژاردەیەک کەلک وەردەگرین بۆ گوشار خستنە سەر کەسانی ڕیاکار و گەندەڵی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ناوبراو ڕایگەیاند کە ناردنی مناڵەکانیان بۆ ئەمریکا نیشانەی دووڕوویی ئاخوندەکانە. هەر لەو پێوەندییەدا کەسوکاری ئەو ئەمریکاییانەی کە لە ئێران دەسبەسەر کراون، داوایان لە دەوڵەتی ئەمریکا کرد ئیقامەتی کەسوکاری ئاخوندەکان لە ئەمریکا تازە نەکرێتەوە. تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە تویتێکدا نووسی: ئێستا دەرکەوتوە کە ئۆباما سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە کاتی ڕیککەوتنی سامناکی ناوکی دا مافی هاونیشتمانی داوە بە ٢٥٠٠ ئێرانی بە تایبەت کەسوکاری ئاخوندەکانی ئێران. شایانی باسە کە کۆمەڵێک لە یاساداڕیژەرانی ئەمریکایی پشتیوانی لەو ئیدەیە دەکەن بە تایبەتی سناتور کروز کە پێشبینی دەکرێ ببێتە سەرۆکی تازەی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا.