کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی یەک میلیۆن و حەوسەد هەزار پەروەندی دەزگای قەزایی ئێران

15:41 - 21 رێبەندان 2718

ڕێکخراویی ڕاپۆرتێرانی بێسنوور ڕایگەیاند، فایلێکی دەزگای قەزایی ئێرانی دەسکەوتووە کە یەک میلیۆن و حەوسەد هەزار پەروەند لەخۆی دەگرێ. ئەو پەروەندانە دەگەڕێنەوە بۆساڵەکانی ١٣٥٨ هەتا ١٣٨٨ی هەتاویی کە زانیاریی لە سەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ واتە ژن، پیاو، مناڵ، کەمایەتی دینی و نەتەوەیی، زیندانیانی ئاسایی و سیاسی، ڕۆژنامەنووسان و هەواڵنێرانی تێدایە. بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی ڕاپۆرتێرانی بێسنوور، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو پەروەندانە دەریدەخا کە دەزگای قەزایی ئێران هەوڵیداوە ڕاستیەکان لە بارەی تۆمەتی ڕۆژنامەنووسان و زیندانیانی سیاسی دەسکاری بکا و بیانگۆڕێ. ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاند کە کە ئەو فایلە نهێنییە هەڵگری زانیاریی زۆرە لە سەر زیندانیان، وەک ناو، ڕێکەوتی دەسبەسەرکران، تۆمەت و ناوی ئەو دەزگایە کە دەسبەسەری کردووە. ڕێکخراوی ڕاپۆرتێرانی بێسنوور پشتڕاستی کردەوە کە لە لێکۆڵینەوەیەکی وردی توێژەران لە سەر ئەو فایلە، دەرکەوتوە کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ٨٦٠ ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێر دەسبەسەر و زیندانی کراون بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە پیشەی ڕۆژنامەنووسیی ئەو کەسانە نەکراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو کارەی ویستوویەتی بە دنیای دەرەوە بڵێ کە هیچ ڕۆژنامەنووسێک زیندانی نەکراوە تا بەو شێوەیە ڕێکخراوە جیهانییەکانی ماف مرۆڤ فریو بدا. ماوەی چەند مانگێکە لە لایەن کەسانی پسپۆر و شارەزا کار لە سەر ئەو فایلە نهێنییە دەکرێ و بڕیارە لەگەڵ تەواوبوونی کارەکەیان، بخرێتە بەرچاوی بیروڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان. "کریستوف دولوار" بەڕێوەبەریی گشتیی ڕێکخراوی ڕاپۆرتێرانی بێسنوور، ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو پەروەندە دەریدەخا کە ماوەی چل ساڵە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک خەریکی سەرکوتی خەڵکی ئێرانە و سەدان ژن و پیاویان بۆ دەستخستنی زانیاری خستۆتە زیندانەکان. ئەو ڕێکخراوە داوا لە " میشل باشلە" کۆمیسێری بەرزی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکا کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وڵامدانەوە بەو کردەوەیە بانگهێشت بکا. هەر لەو پەروەندەیەدا زانیاری لەسەر ٦١ هەزار و ٩٤٠ زیندانیی سیاسی هاتوە کە ٥٢٠ کەسیان تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ١٨ ساڵ دایە. ئەو پەروەندەیە دەریدەخا کە زیاتر لە ٦٠٤٨ کەس لە کاتی ناڕەزایەتییەکان بە هەڵبژاردنەوەی مەحموودی ئەحمەدی نژاد بە سەرۆک کۆمار دەسبەسەر کراون کە پێشتر زانیاری لەوبارەوە زۆر بەزەحمەت بوو. لەو فایلەدا ژمارەی قوربانییەکانی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ بەرچاو دەکەوێ کە دوای دادگاییکردنێکی سەرپێی لە سێدارە دراون و لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا شاردراونەوە. هەر لەو فایلەدا ناوی ٥٧٦٠ کەس هاتوە کە لە باوەڕدارانی دینی " بەهایی"ن و گیراون یا لە سێدارە دراون. ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو ئیدیعایەی ڕەتدەکردەوە و بەهاییەکانی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی دەخستە زیندان و لە سێدارەی دەدان. ئاشکرابوونی ئەو پەروەندەیە لە کاتێکدایە کە هەر چەند ڕۆژ لەمەوبەر سادقی لاریجانی سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران ڕایگەیاند کە لە ئێران دا هیچ زیندانییەکی سیاسیمان نییە.