کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سناتور کروز داوا دەکا ئەمریکا بە هیزی سەربازی بەرەنگاری ئێران بێتەوە

23:04 - 21 رێبەندان 2718

سناتور "تەد کروز" یەکێک لە سناتۆر بەهێزەکانی کۆماریخوازی ئەمریکا دەڵێ: دەبێ ئەمریکا ئامادە بێ لە هێزی سەربازیی بەهێز کەلک وەربگرێ بۆ لێدانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی نەهێڵێ ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا. ناوبراو پێداگریی لە سەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ئەمریکا بپڕژێتە سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی و لە کاتی هەڵایسانی شەڕدا نابێ بە نیازی گۆڕان و ئێرانێکی دێموکڕات هێزی سەربازی ڕەوانەی ئێران بکا. "کڕۆز" ڕۆژی جوارشەممە لە قسەکانی خۆیدا لە بواری سیاسەتی دەرەوە لە ناوەندی " ئەمەریکەن ئینتەرپرایز" لە شاری واشینگتۆن گوتی: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دژمنە و دەستڕاگەیەستنی ئێران بە چەکی ناوکی گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندی گشتیی کە ئەمریکا و هەموو جیهان لە بەرامبەری دا ڕاوەستاون. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: هەر کاتێک هەست بکەین کە ئایەتوڵڵا خامنەیی لە وەدەستهێنانی چەکی ناوکی نزیک بۆتەوە، کە من لە سەر ئەو باوەڕەم زێدەخوازیەکانی ناوبراو بۆ ئەو مەبەستە هەر بەردەوامە، دەبێ ئامادە بین بە هێزی سەربازی بەهێز بەرەنگاریی بینەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە بە ئامانجەکەی ناگا.