کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ترۆندهایمی نۆڕوێژ یادی ٧٣مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەرز گیرا

12:34 - 22 رێبەندان 2718

رۆژی ٩ی فێوریەی ٢٠١٩، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاری یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بەشێک لە کوردستانییان، بە بۆنەی ٧٣هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کوماری کوردستان رێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد. سەرەتای ڕێوەڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و پاشان خولەکێک بێدەنگ و وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد. ئەو جار خاتوو مەندانە حەبیبزادە، پێشکەشکاری بەرنامەوە، بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرد. ئەوجار پەیامی کۆمیتە ناوچەی ترۆندلاگی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن کاک “عەزیز مەعرووفی” بەرپرسی کومیتە ناوچەوە خوێندرایەوە. بەڕێزیان باسێکی گشتی لەسەر کۆماری کوردستان و دۆخی ئێستای ڕێژیم و هەروەها هاوکاریی نێوان هێزەکان و بە تایبەت هەر دوو بەشی حیزب کرد. لە بەشێک لە پەیامەکەدا کە بۆ چونیەتی دامەزرانی کۆمار و گرنگیی کۆماری کوردستان تەرخان کرابوو، گوتی؛” کۆماری کوردستان، لە ڕۆژیکی مێژوویی ولە ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦ی زایننیدا پێکهات کە نوینگە و چڵەپۆپەی خەون و ئامانج و فەلسەفەی پشت دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٥ ئەویش لەسەر بناغەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد – ژکاف- دابوو. دامەزرانی کوماری کوردستان، خاڵی وەرچەرخانی هەرە گرینگ لە ڕەوتی کیان و دەسەڵاتی کوردی، لاپەڕەیەکی زێرین لە ئیرادە و بیر و توانای خەڵکی کوردستان و بڕیارێکی ژیرانە و هەڵوێستێکی بوێرانەی کورد و ڕێبەرایەتی ئەوکاتی حیزبی دیموکرات و لە پێش هەموویاندا ڕیبەری زانا و بلیمەتی کورد، پێشەوا قازی محەممەد بوو” ئەوجار هاتە سەر نێوەرۆک و ماهییەتی ئاژاوە گێڕانە و کردوەی تیرۆر و ڕەشەکۆژیی کۆماری ئیسلامی و گوتی:” تەنانەت رێژیمی نامەشرووعئ کۆماری ئیسلامی روحم بە دەست و پێوەند و تاقمی شیعەی سەربەخۆشیی ناکات، هەر کات بە پێویستی زانیبێ لە چەرخی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا ‌هاڕیوونی. لەوانەش ڕوونتر، ڕیژیمی ئێران هیچ کات لە هیچ جێگایەکی کوردستان دۆستی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی نەبووە، ئەو بە درێژایی مێژوو، دۆستێکی فێلباز لە پێوەندییەکانیدا و خائین لە کار و کردەوەداو بێ شەرم لە عورف و نەریتی دۆستایەتیدا بووە”. بە دوای پەیامی کۆمیتە ناوچەی ترۆندلاگ، سروودی ” ڕێبەندان” بە دەنگی خۆش و زوڵاڵی خاتوو “رۆژان ئاگوشی” پێشکەش کرا. پاشان گۆرانیی ” مەم ئارات” لە لایەن هونەرمەند کاک “مەحمود وەزیر”ەوە هاتە پێشکەش کردن. بەدوای ئەو گۆرانییەدا، بەڕێز “کۆسار محێدینی”، بەرپرسی یەکێتی لاوانی ناوچەی ترۆندهایم، لە توێی پەیامێکدا باسی لە دەور و ڕۆڵی لاوان لە سەردەمی کۆماری کوردستان و گرینگیدانی کۆمار بە تویژی لاوان کرد. ” بابێ دڵڤین” هونەرمەندی میللی هۆنراوەیەکی بە سۆزی شۆڕشگێڕی پێشکەش ئامادەبووان کرد. بە دوای ئەودا، بە چەند گۆرانییەکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانە رێوڕەسمەکەی ڕازاندەوە. هەر لەو رێوڕەسمەدا هونەرمەند کاک ” فەردین میلانی”ش بە چەند گۆرانییەکی خۆش و شۆڕشگێڕی، جۆش و خرۆشێکی تایبەتی بە رێوڕەسمەکە بەخشی. دوا بڕگەی ڕێوەڕەسمەکە، تەرخان کرابوو بۆ شایی و هەڵپەڕکێ کە لەو بەشەشدا، هونەرمەند “ڕامین شینانی” بە کۆمەڵە گۆرانییەکی شادی پێشکەش کرد و ئامادەبووان بە شایی و هەڵپەڕکێ ئەو یادەیان بەرز راگرت.